لە میحوەری باشیک چوار تیرۆریست کوژران و چواریش بریندار بوون

باشیک--KDP.info - هێزەکانی پێشمەرگە بە بۆردوومانی چڕ، بەرپەرچی بۆردوومانی تیرۆریستانی داعشیان دایەوە، کە شەوی رابردوو لە میحوەری باشیک بەرپایان کرد، لە ئاکامدا زیانی زۆریان بە داعش گەیاند و چوار تیرۆریست کوژران و چواریش بریندار بوون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیمورکاتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە kdp.infoی راگەیاند: "شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە میحوەری باشیک بە هاوەن هێزی پێشمەرگەیان بۆردوومان کرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر زوو بە چەکی قورس وەڵامیانی دایەوە، لە ئاکامدا چوار تیرۆریست کوژران و چواری دیکەیش بریندار بوون."
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، جگە لە کوشتن و برینداربوونی هەشت چەکداری داعش، سێ هەمەریشیان سوتاون، بەڵام لەئێستادا بارودۆخەکە ئارام بووەتەوە و شەڕەکە نەماوە.
زیاتر گوتی، داعش ورەی رووخاوە و تەنها لەم مانگەدا لە مووسڵ 210 چەکداریان چەکیان فڕێداوە و هەڵاتوون.
بڵند ئیبراهیم




