لە كۆبانی، تەرمی 31 تیرۆریست كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و یەپەگە، فەڕەنساییشیان تێدایە

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، هێزەكانی یەپەگە بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە، بەردەوام لە پێشڕەویدان و ئەمڕۆیش گورزی كوشندەیان لە داعش وەشاندووە كە تاوەكو ئێستا تەرمی 31 تیرۆریست كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و یەپەگە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ هێزەكانی یەپەگە بەپشتیوانیی هێزی پێشمەرگە، هێرشێكیان بۆ دوو شوێن لە رۆژهەڵاتی كۆبانی بەرپا كرد و توانییان چەند خانوو و شەقامێك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی گوتیشی، "لە ئێستادا لە رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی شەڕ بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش تەرمی 31 داعش كەوتوونەتە دەست ئێمە كە زۆرینەیان چەكداری بیانین و من خۆم تەماشای ناسنامەی چەكدارێكم كرد فەڕەنسایی بوو".
لیوا (عەبدولقەهار) ڕوونیشی كردەوە كە، "دوای ئەوەی ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە هاتین بۆ كۆبانی، زۆر گۆڕٍانكاری ڕوویان داوە، ئەو كاتەی ئێمە هاتین ئەو شارە كاول بوو، بەڵام لە ئێستادا جووڵە هەیە و خەڵكێك گەڕاونەتەوە، جگە لەوەیش ورەی شەڕڤانان بەرز بووەتەوە و زۆر جیاوازیی دروست بوون".
زیاتر گوتی، "ناتوانین دیاری بكەین چەند شوێنمان گرتوونەتەوە، چونكە ماوەی چەند رۆژە بەردەوام پێشڕەوی دەكەین، بەڵام شەڕی كۆڵانانە و ماڵ بە ماڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە، ئێستایش هێرشەكان پێچەوانە بوونەتەوە و ئێمە هێرش دەكەین و داعش بەرگری دەكەن و ورەیان بەرداوە".
ئەو فەرماندەیە راشیگەیاند، بەشێك لە تیرۆریستانی داعش لە كۆبانی هەڵاتوون كە نزیكەی 40 چەكدار دەبوون و چەكەكانیان فڕێ داوە.
سەبارەت بە گرتنی سەركردەیەكی داعش لە كۆبانی، لیوا (عەبدولقەهار) گوتی، "بەڵێ راستە، لە ئێستادا ئەو سەركردەیە لای ئێمە دەستگیر كراوە و ناوی (ئەبوحەمزەیە) كە خەڵكی ڕەققەیە و تەمەنیشی 35 ساڵە".
لەبارەی گەییشتنی چەك بۆ هێزی پێشمەرگە لە باشووری كوردستان، ئاماژەی دا كە، پێش سێ شەو كاروانێكی دیكەی تەقەمەنییان بە دەست گەییشتووە و لە ئێستادا چەك و تەقەمەنیی پێویستیان لە بەردەستدایە.
دەشڵێت كە، "هەموو پێشمەرگەكان سەلامەتن و ورەیشیان زۆر بەرزە".
بڵند ئیبراهیم




