چەند کەسێک دەستگیر كراون.. ئەوانەی بازرگانیی نەوتییان لەگەڵ داعشدا كردووە، وەك تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی داوە ئەوانەی بازرگانییان لەگەڵ داعشدا كردووە، هەر كەسێك و لە هەر پلە و پۆستێكدا بن، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و یاسای تیرۆریشیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و وەک داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فرسەت سۆفی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "ئێمە وەكو لیژنەی نەزاهە و لیژنەی سامانە سرووشتییەكان بەدواداچوونی پرسی بازرگانیكردن لەگەڵ داعشمان كرد و سەردانی پارێزگای كەركووكمان كرد، لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیدا كۆ بووینەوە، دواتر لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری سامانە سرووشتییەكان دانیشتنمان ساز كرد".
(فرسەت سۆفی) زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێك هێناوە كە لە وەزیری سامانە سرووشتییەكان، وەزیری ناوخۆ، سەرۆكی دەستگای ئاساییش و وەزیری پێشمەرگە پێك هاتووە، ئەو لیژنەیە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و دەستگای سەربازییش لای خۆیانەوە لێكۆڵینەوە دەكەن.
(سۆفی) كە هاوكات ئەندامی لیژنەی نەزاهەیە، ڕوونیشی كردەوە، "بازرگانی بە سووتەمەنییەوە كراوە و خەڵكانێكیش دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، رەنگە بەرپرسی سەربازی و بازرگان بن، بەڵام بۆ سەلامەتیی لێكۆڵینەوەكە وردەكارییەكان ئاشكرا ناكەین".
ئەو پەلەمانتارە زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیددییە و بەڵێنیان داوە كە هەر كەسێك دەستی لەو كارەدا هەبێت، جا لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و یاسای تیرۆریشیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و وەكو داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
شیاوی ئاماژەیە، لە جەند هەفتەی ڕابردوودا، بە هۆی بازرگانیکردن بە سوتەمەنییەوە لە نێوان چەند کەسایەتیێکی سەربازی لە هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، چەند کەسێک بە تانکەرەکانیانەوە دەستگیر کران و رادەستی دادگا کران. زۆربەی بازرگانیکردنیش بە نەوت لە سنووری پاریزگای کەرکووک بووە.
بڵند ئیبراهیم




