٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایێكی نەوت: سیاسەتی نەوتیی هەرێم وای كردووە، لە هاوكێشەی ئابووریی جیهاندا پەراوێز نەخرێین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی پیشەسازی و وزە (بەرزان هەورامی) رایدەگەیەنێت، سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان وای كردووە، هەرێم، لە هاوكێشە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهاندا ببێتە واقیعێكی پەراوێزنەخرا و، ئەوانەیشی پڕوپاگەندەی شكستی سیاسەتی نەوتیی هەرێم دەكەن، جگە لە ناهۆشیارییان، هیچی دیكەیان لە هەگبەدا، نییە.

 

هەرێم هەنگاو بەرەو سەربەخۆی ئابووری دەنێت

دوێنێ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا، ئاشكرایكرد، لەكۆتایی ئەمساڵدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەیدایە هەناردەكردنی نەوتی رۆژانەی بۆ 400,000 بەرمیل، زیاد بكات و، لە كۆتایی چارەگی یەكەمی 2015ـیش، هەناردەكردنی رۆژانە، بۆ 500,000 بەرمیل بەرز بكاتەوە، هەروەها بۆ ساڵی 2015 و 2016، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوامی دەبێت بە ئامانجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
پێوەست بەم پرسە، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە لیژنەی پیشەسازی و وزە، (بەرزان هەورامی)، بۆKDP.info، هەناردەكردنی نەوتی هەرێم شیی دەكاتەوە و، دەڵێت، ئەم سیاسەتە درێژخایەنەی هەرێم، وای تێدەخوێندرێتەوە، هەنگاو بەرە و سەربەخۆیی ئابووری بنێت، هەڵبەت دەستتێوەردانی دەرەكییش قبووڵ ناكات، بۆیە بەغدا هەمیشە ویستویەتی دەستەڵاتی بەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمدا، بسەپێنێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ئاشكرای كردووە، كۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردە كراوە، بە نەقد و، بە شێوەی عەینی، 2.87 ملیار دۆلارە، ئەم داهاتەیش، تەنیا بەشێكی بچووكی موستەحەقاتی ساڵانەی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی 2014ـی عێراق، كە لە كانوونی دووەمی 2014ـوە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بودجە بڕاوە، شارەزای بواری نەوت (بەرزان هەورامی)، دەڵێت، "سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان وای كردووە، ئەم وڵاتە لە هاوكێشە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهاندا ببێتە واقیعێكی پەراوێزنەخرا و، رۆڵی لە هەموو ڕووەكانەوە هەبێت، بەبێ بوونی كوردستانیش، ناتوانرێت لە ناوچەكەدا سیاسەتێكی سەركەوتوو پێڕۆ بكرێت، كە بێگومان، هەرێم لە چوارچێوەی حكوومەتی فیدڕاڵدا كۆمەڵێك ماف و دەستەڵاتی هەیە. حكوومەتی عێراق، چەندین جار هەوڵی شكستپێهێنانی ئەو سیاسەتەی هەرێمی داوە كە، گوایە ئەوەی هەرێم دەیكات، لە دەرەوەی یاسای نەوت و غازی عێراقەوەیە، بەڵام هەرێم لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازی كوردستاندا ئەو كارەی كردووە، كە پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە".
(بەرزان هەورامی)، دەشڵێت، بەداخەوە، حكوومەتی عێراق تەنیا بەمە نەوەستاوە، بە مەبەستی شكستپێهێنانی سیاسەتی نەوتی هەرێمـیش مووچەی فەرمانبەران و بودجە و، قوتی خەڵكی هەرێمی بڕیوە".
لەبابەت، هەناردەی نەوتی هەرێم بە رێگەی توركیاوە، (هەوارمی) بۆچوونی وایە، "بەداخەوە سنووری كوردستان كەمێك داخراوە، بەڵام توركیا لەپێش هەموو وڵاتان هاتووەتە سەر هێڵ، هۆكارەكەیشی فاكتەرە ئابوورییەكانە كە وای كردووە، توركیا لە هەناردەی نەوتی هەرێم، بەنێو خاكەكەیدا ڕازی بێت. هەناردەی نەوتیش، بە رێگەی بۆری لە توركیاوە، لە چوارچێوەی پڕۆتۆكۆڵی هەردوولاوەیە، بۆیە ئەمە پێشبینیی خراپ نییە، بەڵام ئێمە لە كوردستان هەوڵمان داوە ئەو سیاسەتە لە هەموو لایەكەوە پێڕۆ بكەین و نەوت هەناردە بكەین، هەوڵەكانیش بەردەوامییان هەیە و پێشوەچوون و هەنگاوی باشیش نراون."

دەرگای وڵاتان لە كڕینی نەوت، بۆ كوردستان كراوەن
وەزارەتی سامانە سروشیتییەكان پێزانینی بۆ كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت، لە هەرێم هەیە و، سوپاسی پشتگیرییان دەكات و، لە مانگی تشرینی دووەمیشدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی سەرەتایی 75 ملیۆن دۆلار لە بری هەناردەكردن بە بەرهەمهێنەران دەدات، لەگەڵ پێدانی بڕەكانی دیكە، دواتر لە سەر بنەمایەكی رێكخراو، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمدا، بەرهەمهێنەران موستەحەقاتی تەوای خۆیان بەپێی گرێبەستەكانیان، وەدەگرن.
پێوەست بەو پرسە، (بەرزان هەورامی) رایدەگەیەنێت، "سیاسەتی نەوتیی هەرێم، جگە لە بەهای ئابووری، بەهایەكی گەورەتریشی هەیە.. بیرمان نەچێت گوشاری كۆمپانیا نەوتییەكان لە ڕێگەی ئەو لۆبیەی لە وڵاتەكانی خۆیان ئەنجامی دەدەن، وا دەكەن مۆدێلی تێكەڵیی بەرژەوەندی بێتە ئاراوە، بە تایبەت كۆمپانیاكانی ئیكسۆن مۆبیل- تۆتاڵ - شیڤرۆن، لە ڕێگای گوشاری ئەم كۆمپانیایانەوە دەتوانین بڵێین كە، دەرگای وڵاتان لە كڕینی نەوت، بۆ كوردستان كراوەن."
ئاماژەیشی دا كە "ئەمڕۆیش توركیا هاتووەتە سەر هێڵ و، بە هەناردەكردنی نەوت ڕازییە، چونكە هەم خۆی سوودمەندە و هەم دەبێتە ناوەندێك بۆ دابینكردنی وزەی جیهان. یەكێكیش لەو ڕێكارانەی دەبێتە هۆی زیادكردنی وزەی جیهان، دابینكردنی ئاساییشی ئەو وڵاتەیە كە نەوتەكە بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەو وڵاتانەی نەوتەكەیان پێدا دەڕوات، هەر ئەمەیشە توركیای هان داوە ڕازی بێت بە تێپەڕبوونی نەوتی هەرێم بە نێو خاكەییدا و، لە بابەت دۆزی سیاسیی كوردیشەوە كراوە بێت".
ئەو شارەزایەی بواری نەوت، ڕوونی دەكاتەوە كە، "ئێمە لە هەرێمی كوردستان، ناچارین بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی نەوتدا بكەین و لە داهاتوویەكی نزیكدا، دەبێت هەرێمی كوردستان پرۆسەی هەناردنی نەوت فراوان بكات، حكوومەتی عێراقیش دەبێت بێتە پێشەوە و هەوڵ بدات سیاسەتی خۆی بەرانبەر هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و، بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، نادیتە نەگرێت".

سیاسەتی حكوومەتی هەرێم شەفافە
(بەرزان هەوارمی)، جەختیشی كردەوە كە "ئەوانەی پڕوپاگەندەی شكستی سیاسەتی نەوتیی هەرێم دەكەن، جگە لە ناهۆشیارییان، هیچی دیكەیان لە هەگبەدا نییە، چونكە ئێمە لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەی نەوتی كوردستانەوە توانیومانە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوت بهێنینە كوردستان و، بینیمان لە ماوەی ڕابردوویشدا كە، داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، بە هۆی ئەم پەیوەندییە سەركەوتووانەی كوردستان و پێگەی ئابووریی هەرێم، سەرجەم وڵاتانی جیهان هاتنە سەر هێڵ، سەرەڕای ئەوەیش، دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی شەفافانە، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دۆسێكاندا بكات، تا ئەم سەركەوتنە بەردەوام بێت".


KDP.info

هەواڵی پەیوەندیدار