٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرسێ پڕۆژەی سندووقی داهاتی نەوت، كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی كوردستان و كانزاكان، بۆ پەرلەمان دەنێردرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەم زووانە سێ پڕۆژەیاسای زۆر گرینگ لە لایەن حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێن، دوای گەییشتنیشیان، راستەوخۆ دەخرێنە بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، لە ماوەی 10 رۆژدا، حكوومەت هەرسێ پڕۆژەی سندووقی داهاتی نەوتی كوردستان، پڕۆژەی كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی كوردستان (كیپكۆ) و پڕۆژەی كانزا، فلیزی و نافلزییەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان دەنێرێت كە ئەو 3 پڕۆژەیە زۆر زۆر گرینگن.

(دڵشاد) هەروەها ئەوەیشی خستە روو كە، دوای گەییشتی ئەو پڕۆژانە، راستەوخۆ دەخرێنە بەرنامەی كاری پەرلەمان، پڕۆژەكانیش زۆر بایەخدارن، بۆ نموونە پڕۆژەی كانزاكان، هەركات ئەو پرۆژەیە دەربچێت، هاوشێوەی نەوت و غاز، كۆمپانیاكان دێن و دەكەونە كێبڕكێ بۆ وەبەرهێنان لە بواری كانزا و دەرهێنانی كانزاكان، داهاتی كانزاكانیش هیچی لە داهاتی نەوت و غاز كەمتر نییە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەیشی دا كە، پڕۆژەی سندوقی داهاتی نەوتیش هاوشان لەگەڵ كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی كوردستان زۆر گرینگن و پێوەندییان بە شەفافییەت و دیاریكردنی پشكی داهاتەكانە بۆ هاووڵاتیان.

گوتیشی كە، ئەو پڕۆژانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە لە ماوەیەكی كەمدا هەرێمی كوردستان سوود لە هەموو سامانە سرووشتییەكانی خۆی وەربگرێت، چونكە سامانێكی گرینگی هەیە و بەم هۆیەیشەوە دەتوانێت پشت بە ئابووریی سەربەخۆ ببەستێت.

یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار