٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاوه‌ڕوانده‌كرێت سێشەممە پەرلەمان بڕیار لەبارەی چەند راسپاردەیەك بۆ شاندی دانوستانكار بدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێیدا بڕیار لەبارەی چەند راسپاردەیەك بۆ شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بدات.

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، رۆژی یەكشەممەی رابردوو هەردوو لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئامادەكردنی چەند پێشنیاز و راسپاردەیەك كۆ بوونەوە كە پێشكەشی لیژنەی دانوستانكاری هەرێمی بكەن و بڕیار بوو رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو راسپاردە و پێشنیارانە كۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە رای پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ ئەم هەفتەیە دوا خرا.

(دۆسكی) گوتیشی، هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەكەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێویستە وەزیری سامانە سرووشتییەكان و وەزیری دارایی ئامادە بن، بەڵام بە فەرمی ئاگادار نەكرابوونەوە، بۆیە بۆ ئەم هەفتەیە دوا خرا.
دەشڵێت، راسپاردەكان ئامادە كراون كە نزیكەی17خاڵ دەبن و باس لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن كە بە گشتی لەبارەی دارایی و نەوت و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدان، ئەمەیش بۆ پشتگیریكردنی شاندی دانوستانكاری هەرێمە كە بڕیارە سەردانی بەغدا بكات.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت و تێیدا هەریەكە لە وەزیری سامانە سرووشتییەكان و وەزیری دارایی ئامادەی كۆبوونەوەكە بن.


بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار