هێڤی مستەفا: با کۆبانییەکی دی دووبارە نەبێتەوە.. عەفرین ئامانجی بەرەی نوسرەیە

ئانکارا-KDP.info- سەرکردەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێ، هەروەک چۆن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، کە لە ڕێی هەڵمەتە ئاسمانییەکانیانەوە، نەیانهێشت کۆبانی بکەوێتە دەست داعشەوە، پێویستە ئامادەیش بێت بۆ ئەوەی نەهێڵێت شارێکی دیکەی کوردان، بکەوێتە دەست بەرەی چەکدارە ئیسلامییەکان کە گەمارۆیان داوە.
تیرۆریستانی داعش، نزیکەی دوو مانگە کۆبانییان گەمارۆ داوە و گورزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتییان دەکات، توانی لە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی شارەکە بیانوەستێنێ و، بە دوای ئەویشدا هێزێکی پشتیوانیی پێشمەرگە، بۆ پشتیوانیی لە شەڕڤانان و وەدەرنانی داعش لە کۆبانی لە 24ـی مانگی ڕابردوو، لە ڕێی تورکیاوە گەییشتنە کۆبانی.
عەفرین و کۆبانی 200کم لە یەکدییەوە دوورن و، ئەو شارەیش یەکێک لەو سێ کانتۆنەی ڕۆژئاوای کوردستانە کە بە سیستمی خۆبەڕیوەبەری تێیدا ڕاگەیەنرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن لە کانتۆنی عەفرین، دەڵێ، عەفرینیش لەسەر دەستی گرووپی ئیسلامیی نوسرە کە سەربە ڕێکخراوی قاعیدەیە هەمان چارەنووسی کۆبانیی دەبێت.
(هێڤی مستەفا)، لە چوارچێوەی سەردانیدا بۆ ئانکارای تورکیا، هۆشداری دا لە دۆخی عەفرین و گوتی، "بەرەی نوسرە عەفرین گەمارۆ دەدات و ئێمەیش ئامادەی بەرگرین لە خۆمان."
(هێڤی) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سەبارەت بە کۆبانی، بەڵام بە درەنگەوە بەهانامانەوە هاتن. دیسان پشتیوانیی ئەوانمان پێویستە بۆ ئەوەی هەمان دۆخی کۆبانی دووبارە نەبێتەوە."
ئەو سێ کانتۆنەی ڕۆژاوای کوردستان، پاش داڕمانی ڕژێمی سووریا لە زۆر ناوچەی ئەو وڵاتەدا ئاوا کران، بەڵام بڕیار وا بوو کە، بە هیچ جۆرێک هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی ڕژێمی ئەو وڵاتە و لە دۆخێکی نیمچە ئازادیدا بمێننەوە.
(هێڤی) گوتیشی، هێرشی داعش بۆ کۆبانی، ئەو دۆخەی گۆڕی و عەفرینیش کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ملیۆنێکە، بەو 200هەزار ئاوارەیش کە پەنایان بۆی هێناوە، ئامانجێکی دیکەیە.
ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش، پار، هێرشیان بردە سەر عەفرین، بەڵام بەرپەرچ درانەوە. بەرەی نوسرەیش، چەند مانگێکە لە نزیک ئەو شارە خۆیان داکوتیوە، بەڵام هێشتا هێرشیان بۆی نەبردووە.
لە ڕێی ڕێککەوتنیانەوە لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکە، نوسرە 25کم بەرەو شاری عەفرین پێشڕەویی کرد، دەستەڵاتی خۆبەڕیوەبەریی عەفرینیش باوەڕی وایە کە، بەرەی نوسرە، بە مەبەستی هێرش بۆ سەر شارەکە هێزی کۆ کردووەتەوە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە (هێڤی مستەفا) دەیەوێ، هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کورد، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بە خێرایی گورزیان لێ بوەشێنێت. داوایش لە تورکیا دەکات، دەروازەیەکی سنووری بۆ هاوکاری و بۆ مەبەستی بازرگانیش بە ڕووی ناوچەکەدا بکاتەوە.
سەرباری ئەوەی ئەو شاندەی کانتۆنی عەفرین کە سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕیوەبەری(هێڤی مستەفا) سەرۆکایەتی دەکات، پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژاواییەکان بەستووە، بەڵام هێشتا هێچ وەڵامێکیان دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکدا، دەست نەکەوتووە.
ئانکارا بە توندی بەرهەڵستیی حوکمی خۆبەڕیێوەبەرییە لە ڕۆژاوای کوردستان. هاوکات بە هەبوونی پێوەندی بە ڕژێمی (ئەسەد)ـەوە تۆمەتباریان دەکات.
(هێڤی) ددان دەنێ بەوەدا کە، ناتوانن لەگەڵ دیمەشقدا بەرەوڕوو ببنەوە، بەڵام دەشڵێت، هیچ پێوەندییەکیان بە (بەشار ئەسەد)ـەوە نییە و ئەم دەنگۆیانە بە دژایەتیی کورد ناو دەبات.
ئەو زیاتر گوتی، "ئێمە بە جۆرێکی دی دژ بە حکوومەت دەوەستینەوە.. بەو سیستمی خۆبەڕیوەبەرییەمان کە دەشێ بریتی هەموو سووریا بێ."
ڕوونی کردەوە، "سووریا وەک مۆزایکێک وایە. لەبەر ئەوە دەشێ حکوومەتی خۆجێی بۆ هەر بەشێکی دابمەزرێ، بەڵام دەتوانرێ لە ڕێی حکوومەتی ناوەندەوە پێکەوە گرێ بدرێن.. لەپێناو یەکیەتیی سووریایش تێدەکۆشین."
(هێڤی) دەڵێ، "شەڕمان ناوێ. بەڵێ ئێمە دەترسین، بەڵام بڕوامان بە هێزە ئەمنییەکان و دانیشتوانمانە کە بەرگری لە خۆیان دەکەن."
زریان زیاد




