وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان: كۆی بەهای نەوتی فرۆشرا و 2.87 ملیار دۆلارە.. زیادكردنی هەناردەی نەوت بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە لە ئێستادا رۆژانە نزیكەی 300 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكرێت، هاوكات كۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردە كراوە، ئاشكرا دەكات كە بە نەقد و، بە شێوەی عەینی، 2.87 ملیار دۆلارە.
ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت، راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و، تیایدا، خۆشحاڵی بە زیادبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەربڕی و، گشت داتاكانی بە شێوەیەكی شەفاف بڵاو كردەوە. هاوكات لە راگەیاندراوەكەدا، هاتووە، لە كۆتایی ئەمساڵدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەیدایە هەناردەكردن بۆ 400,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بكات و، لە كۆتایی چارەگی یەكەمی 2015ـیشدا، هەناردەكردنی رۆژانە دەبێتە 500,000 بەرمیل.
60% هەناردەی رۆژانە زیادی كردووە
بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێم، رێژەی رۆییشتنی رۆژانەی نەوتی هەرێم، لە هێڵی بۆریی نەوتی خاوی كوردستانەوە بۆ توركیا، لە 185,000 بەرمیل نەوتی رۆژانەوە لە مانگی ئابدا بۆ نزیكەی 300,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەفتەی یەكەمی تشرینی دووەمدا زیادی كردووە، ئەم زیادبوونەیش بە رێژەی%60ـە لە چوار مانگی پێشوودا. هاوكات، لە راگەیاندراوەكە ئاشكرا كراوە، لە كۆتایی ئەمساڵدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەیدایە هەناردەكردن بۆ 400,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بكات، لە كۆتایی چارەگی یەكەمی 2015ـیش، هەناردەكردنی رۆژانە بەرز دەبێتەوە بۆ 500,000 بەرمیل، هەروەها بۆ ساڵی 2015 و 2016، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوامی دەبێت بە ئامانجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
لە كانوونی دووەمی 2104، نزیكەی 34.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوە
لە راگەیاندراوەكەدا جەخت كراوەتەوە، كە بە ناوی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مافە دەستوورییەكانی خۆی بە كار دەهێنێت بۆ بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان، بە بازاڕكردن و فرۆشتنی سەرچاوە سرووشتییەكانی خۆی و دەشڵێت "لە كانوونی دووەمی 2104ـەوە، نزیكەی 34.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كراوە و، لەو بڕەیش 21.5 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە. ئەو بڕەی دەمێنێتەوە بەرێگەی تانكەرەوە بۆ مێرسین لە توركیا، هەناردە كراوە.
كۆی بەهای نەوتی هەناردەكراو 2.87 ملیار دۆلارە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ئاشكرای دەكات كە، "كۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردە كراوە بە نەقد و بە شێوەیەكی عەینی 2.87 ملیار دۆلارە، كە لەو بڕە 2.1ملیار دۆلاری بە نەقدی وەرگیراوە و، 775ملیۆن دۆلاری دیكەیش، بە شێوەیەكی عەینی لە بری ئاڵوگۆڕی بەرهەمەكان (كە بریتییە لە 710,000 تەنی مەتری لە بەرهەمەكانی نەوتی سپی و بەنزین و دیزڵ)، وەرگیراوە. لە بڕەپارە نەقدییەكە، نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار بە كارهێنراوە بۆ تێچوونی باركردن و دانی بەشێكی پادداشتی بەرهەمهێنەرەكانی نەوت. بەوپێیە پوختەی پارەی نەقدی بەدەستهاتوو لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەو ماوەیەدا بریتییە لە 1.7ملیار دۆلار. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان 500 ملیۆن دۆلاری دیكەیشی پێشتر لەو كڕیارانەی كە لە داهاتوودا بڕەكانی نەوتی خاویان پێدەگات لە رێی بەندەری جەیهانەوە، وەرگرتووە".
ئەم داهاتە تەنیا بەشێكی بچووكی موستەحەقاتی ساڵانەی هەرێمی كوردستانە
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندا هاتووە كە، هەموو ئەو داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوتەوە بە دەست هاتوون، وەك بەشێك لە مافی دەستووری %17ـی هەرێمی كوردستان، لە داهاتی عێراق و، وەك بەشێك لە مافی %17ـی هەرێم، لە بڕە پاڵێوراوەكانی عێراق بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. ئەم داهاتە تەنها بەشێكی بچووكی موستەحەقاتی ساڵانەی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی 2014ـی عێراق كە لە كانوونی دووەمی 2014ـوە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوەی بودجە، بڕاوە.
هەروەها ئاماژەیش بەوە كراوە كە، ئەم داهاتانە یارمەتیدەرن بۆ خۆڕاگرتنی هەرێم بەرامبەر ئەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریەكەی بوونەتەوە كە، بریتین لە جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش و، لێشاوی چاوەڕواننەكراوی ئاوارەكان و، ئابڵوقە ئابوورییە بەردەوامە سەپێنراوەكان لە لایەن بەغداوە. لە راگەیاندراوەكە ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە ئەو پابەندبوونەی كۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی نەوت، بەرامبەر كار و چالاكییەكانیان، پیشانیان دا، لە زیادكردنی بەرهەم بۆ ئاستە پێوانەییەكان یارمەتیدەر بوو، هەروەها دامەزراندن و بەردەوام پەرەپێدانی هێڵی بۆرییەكانی هەناردەكردن رێگەی بۆ فرۆشتنی بڕێكی زیاتری نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا، خۆش كردووە.
75 ملیۆن دۆلار لە بری هەناردەكردن بە بەرهەمهێنەران دەدرێت
لە كۆتایی راگەیاندراوەكەدا، ئاماژە كراوە كە، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەزانێت، لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوامی پیشەسازیی نەوتی كوردستاندا، پێویستە كۆمپانیا بەڵێندەرەكان مافە داراییەكانیان پێ بە پێ لەگەڵ موستەحەقاتی نێو گرێبەستەكانیاندا بە دەست بهێنن. لە مانگی تشرینی دووەمدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی سەرەتایی 75 ملیۆن دۆلار لە بری هەناردەكردن بە بەرهەمهێنەران دەدات، لەگەڵ پێدانی بڕەكانی دیكە، لە دواترـدا لە سەر بنەمایەكی رێكخراو، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمدا، بەرهەمهێنەران موستەحەقاتی تەوای خۆیان بەپێی گرێبەستەكانیان، وەردەگرن. ئەو كاتە سەختانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی پشتگیریی كۆمپانیا بەڵێندەرەكانی دەكات كە، بەردەوام پشتی خەڵكی كوردستانیان گرتووە".




