كۆبانی.. پێشمەرگە 4 ئۆتۆمبێلی داعشی تێك شكاندن

كۆبانی-KDP.info- ئەمڕۆ هەینی، هێزەكانی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، گورزێكی كاریگەریان لە تیرۆریستانی داعش وەشاند و، چوار ئۆتۆمبێلی سەربازیی داعش، تێك شكێندران.
سەرچاوەیەك لە كۆبانی بەKDP.info-ـی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، بە سەختی بۆردومانی ناوچەكەیان كرد و، بەو هۆیەوە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازیی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاندن و، تەواوی تیرۆریستانی نێو ئۆتۆمبیلەكەیش، كوژران.
بۆردوومانەکانی پێشمەرگە، كە ئەمڕۆیش تیرۆریستانی داعشی پێكا، لە سنووری گوندی قەرموخ بوو، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كۆبانیوە و، لەلایەن داعشەوە ماوەیەكە لەو بەرەیەوە گەمارۆ خراوەتە سەر كۆبانی، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی پێشمەرگەوە، شەڕڤانانی یەپەگە، توانییان پێشڕەوی بۆ گوندی قەرموخ بكەن.
هاوكات بەپێی زانیاریی سەرچاوەكە، ئەمڕۆ پێشمەرگە بە سەختی بۆردومانی رۆژئاوا و، باشووری كۆبانی كردووە و، بەو هۆیەوە ورەی تیرۆریستانی داعش رووخاوە.
جێی ئاماژەیە، ئەو هێزەی پێشمەرگە، كە چووەتە كۆبانی، یەكەی پشتیوانییە و، دوو ئەركی جیاواز لە یەك كاتدا دەگێڕێت، وەك یەكەیەكی بەرگری و پشتیوانی هێرشی تیرۆریستان تێك دەشكێنن و، لە هەمانكاتیشدا بۆردوومانی سەختی ناوچە ژێردەستەكانی داعش دەكەن و، بوار بە شەڕڤانانی كوردی رۆژئاوا دەدەن، پێشڕەوی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش بكەن.




