بێ تەقە، پێشمەرگە دوو گوندی سنووری مەخمووریان ئازاد کردن

مەخموور-–KDP.info سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە میحوەری مەخموور، هێزەكانی پێشمەرگە، هەڵمەتێکیان بەرپا کرد و بە هۆی هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش دوو گوندیان ئازاد کردن.
عەقید روكن (سلیم سورچی) لە هێزی پشتیوانیی یەك لە میحوەری مەخموور بەkdp.info ی ڕاگەیاند: "بەپێی پلانێك بۆ ئەوەی دەرهێنانەوەی دوو گوند لە چنگ تیرۆریستانی داعش و ئازادکردنەوەیان، هێزەکانی پێشمەرگە هەڵمەتیان بۆ سەر هەردوو گوندی لاسۆر و برایم بأول، بەرپا کرد و بە هۆیەوە توانرا سەرکەوتن بەدەست بێنین."
(سەلیم سورچی) زیار گوتی: "لە هەڵمەتی ئازادکردنی ئەم دوو گوندەدا، هێزەکانمان هیچ تەقەیەكیان نەكرد، چونکە تیرۆریستانی داعش باش دەزانن کە توانای رووبەڕووبونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان نەماوە"، ئەو جەختی کردەوە، تیرۆریستان ئێستا باش لەوە گەییشتوون کە خۆیان لەبەر هەڵمەتی قارەمانانەی پێشمەرگە ناگرن و لەو زۆربەی میحوەرەکان کاتێ پێشـمەرگە هێرش دەبەن، ڕادەکەن، ئەوەی کە لەدەستیان دێ بیکەن، مینڕێژکردنی ئەو ناوچانەیە کە لێیان پاک دەکرێتەوە.
نەشوان بەرزنجی




