توێژینەوەیەکی بەریتانیا: داوای لە هاوپەیمانانە بوار بدرێتە دەوڵەتی كوردی.. پەیمانی سیڤەر زیندوو دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی (دیفەنس ڤیو پۆینتس)، تایبەت بە كاروباری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، لە توێژینەوەیەكی (دەیڤد هان كارتەر)، پێشنیاز بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانانی دەخاتە ڕوو، هەرێمی كوردستان بكرێتە دەوڵەت، هاوكات مەرجی نوێی قبووڵكردنی توركیا، لە ئەندامەتیی یەكیەتیی ئەورووپا ئاشكرا دەكات و، دەنووسێت، ئەو كاتەی توركیا ددانی بە دەوڵەتی كوردیدا نا، وەک ئەندامەتی یەكیەتیی ئەورووپا قبووڵ دەکرێ.
ددان بە دەوڵەتی كوردیدا بنرێت
بەریتانیا، بە گەرمی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵە و، بۆ جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش هاوپەیمانی هەرێمە. بە گوێرەی زانیاریی توێژەرەكانی بواری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، وڵاتەكەیان بە پێویستی دەزانێت، تا مەترسیی تیرۆر لە ناوچەكە هەبێت، بەریتانیا، یارمەتیی سەربازی پێشكەشی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان،دەكات.
ماڵپەڕی (دیفەنس ڤیو پۆینتس)، تایبەت بە كاروباری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، لە توێژینەوەیەكی (دەیڤد هان كارتەر)، پێوەست بە هەرێمی كوردستان و، رۆژهەڵاتی ناوین، وێڕای تیشك خستنەسەر بوێریی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا، پێشنیاز بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوایی دەكات كە، هەرێمی كوردستان بكرێتە دەوڵەت.
لە توێژینەوەكەی (دەیڤد هان كارتەر)ـدا، هاتووە، "هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا لە ئاست هەموو عێراق، گەورەترین چالاكی كردووە. سوپای عێراق، وەك پێشمەرگە، توانای رووبەڕوونەوەی داعشی نییە. پێشنیاز بۆ هاوپەیمانانی رۆژئاوایی دەكەم كە هەریەك لە ئەمەریكا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی ناتۆ دەگرێتەوە، پشتگیریی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكەن، بە رێگەی دیپلۆماسی بوار برەخسێندرێت، تا ئەو ئامانجە بپێكن و هەرێمی كوردستان، بكرێتە دەوڵەت. مەحاڵە عێراق، بگەڕێتەوە دۆخی دەوڵەتێكی یەكگرتوو، بەهۆی ناكۆكیی سیاسیی نێوان سوننە و شیعەوە، باشترین بژاردەیش دابەشبوونی عێراقە، بۆ ئەوەی هەموو لایەك بە ئارامی بژین. هەرێمی كوردستان، ئێستا هاوپەیمانێكی بەهێزی رۆژئاوایە بەتایبەت لە جەنگی دژ بە داعش، هەڵبەت لە رووبەڕووبونەوەی هەر جۆرە رێكخراوێكی دیكەی تیرۆریش كە، لە ناوچەكەـدا جێگەی مەترسی بێت، رۆژئاوا، هەرێم بە هاوپەیمان دەزانێت و، هاوكاری دەبێت."
(كارتەر)، زیاتر شیی كردووەتەوە، ئەگەر كورد داوای سەربەخۆیی بكات، نەتەوە یەكگرتووەكان رەتی ناكاتەوە، چونكە خاوەنی هەرێمێكن، كەمترین حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤی لێ تۆمار كراوە، ئەمەیشی بە هۆكارێك زانیوە لە كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی كورد، نەتەوە یەكگرتووەكان قبووڵیان بێت و، ددان بە دەوڵەتی كوردیدا بنرێت.
(دەیڤد هان كارتەر)، لە بابەت پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیایش دەڵێت، پێوەندییەكی باش لە نێوانیاندایە، پێشنیازیش دەكات، توركیا هاوكار بێت لە دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە هەرێمی كوردستان و، نموونە بە پارتیی داد و گەشەپێدانی ئەو وڵاتە دەهێنێتەوە كە، بۆچوونی زۆر ستراتیژی لە نێو پارتەكەدا هەن، تا كورد بكرێتە دۆستێكی ستراتیژیی توركیا لە ناوچەكەدا، بەڵام وەك لە توێژینەوەكەیدا هۆشداری داوە، تا توركیا ددان بە سەربەخۆیی كورددا نەنێت و هاوكار نەبێت بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان، نابێتە ئەندام لە یەكیەتیی ئەورووپا، چونكە دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، بە لای یەكیەتیی ئەورووپاوە بە گرینگ لێی دەڕوانرێ، ئەگەر توركیا، ددان بە سەربەخۆیی كورددا بنێت، تاكە كێشە لە بەردەمیدا دەمێنێت پرسی قوبرسە، نەخشەڕێی چارەسەریش بۆ كێشەی قوبرس، ئاسانە.
بەریتانیا هەڵەیەكی مێژوویی راست دەكاتەوە؟
ساڵی 1919 بوو، پەیمانی سیڤەر لە 10ـی 8ـی 1920، لەنێوان دەوڵەتانی (توركیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرمەنستان، بەلژیكا، یۆنان، پۆڵەندا، پروتوگاڵ، ڕۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلوانیا، چیكۆسلۆفاكیا) بە چاودێریی ئەمەریكا واژۆ كرا كە، (شەریف پاشا) وەك نوێنەری كورد بواری پێ درا بەشدار بێت و، پەیماننامەكە وەك چارەسەر بۆ كێشەی وڵاتانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانی بەسترا و، لە (422) ماددە پێك هاتبوو.
بەندەكانی (62-63-64)، پەیماننامەكە باسی كورد بوو، كە بەپێی ناوەڕۆكی ماددەكان، بوار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی رەخسێندرابوو، چونكە بەریتانیا بە پەرۆشەوە بیرۆكەی دەوڵەتی كوردی لە خاكی ئێستای هەرێمی كوردستان، پێشكەش بە وڵاتان كردبوو، بەڵام دواتر بە هۆی گۆڕانكاری لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین و، گۆڕانكاری لە سیاسەتی توركیا كە (كەمال ئەتاتورك) جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەم هەنگاوە نەنرا و، لە 24ـی تەمموزی 1923ـدا لە شاری (لۆزان)ـی سویسرا پەیمانێكی تر لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلوانیا و توركیا) بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیا و، پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەر، واژۆ كرا.
لە كۆنگرەی لۆزان، (عیسمەت ئینونو)ـی سەرۆكوەزیرانی توركیا و (لۆرد كرزن) سیاسەتمەداری ئینگلیز، بۆ پرسی ناوچەی مووسڵ، كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن و، بەریتانیا لە هەوڵی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، پاشگەز بوویەوە. ئەندامی پەرلەمانی نەمسا، (پێتەر پیلس)، لە چەندین بۆنەدا دەنووسێت، پێویستە پەیمانی سیڤەر، لەلایەن یەكیەتیی ئەورووپا بۆ دۆزی كورد، هەڵبدرێتەوە و، دەوڵەتی كوردی بەپێی بنەماكانی پەیمانی سیڤەر، دابمەزرێت. جگە لە نەمسا، جارێكی دی، لە بەریتانیا توێژەران دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو و پەیمانی سیڤەر بۆ كورد بە رێگە چارەیەكی باش دەزانن. نموونە بە نووسینەكەی (كارتەر) كە، پێشنیاز بۆ هاوپەیمانانی رۆژئاوایی دەكات، كار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكەن و، بگەڕێنەوە سیڤەر. ئایا مەبەستی بەریتانیا راستكردنەوەی هەڵەیەكی مێژووییە كە لە ساڵی 1919 خۆی خاوەنی پڕۆژەیەك بوو بۆ دەوڵەتی كوردی، هاوكات لە 1923ـیش خۆی پێداگری نەكرد و لەگەڵ توركیا رێك كەوت بۆ هەڵوەشانەوەی بیرۆكەی دەوڵەتی كوردی؟. ئەمە پرسیارێكە كە دوای 95 ساڵ، لەو خاكەی بەریتانیا ویستی دەوڵەتی كوردی لێ دروست ببێت، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانە، هێزی پێشمەرگەی هەیە و لە بری بەریتانیا و تەواوی جیهان، جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەكات.
بەریتانیا، دەوڵەتێكە سیستەمی حوكمڕانی مەلەكی، دەستووری، دیمواكراتیی پەرلەمانییە و، ژمارەی دانیشتوانی نزیك لە 70 ملیۆن كەسە، ئەندامی ناتۆیە و لە ساڵی 1973ـوە ئەندامی یەكیەتیی ئەورووپایە. لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستانیش، بەپێی دەستووری عێراق، ناسنامەی فیدڕاڵی هەیە، دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەیە. لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری كورد، لە بەریتانیا، نیشتەجێن.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، پێوەندیی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لەبواری ئابووری و دیپلۆماسیدا فراوان بوو، كۆنسوڵگەریی بەریتانیا لە هەرێم كرایەوە و، لە بواری ئابوورییشدا كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە لە هەرێم بوونیان هەیە. لە ساڵی 2010ـیش لە بەریتانیا، هەرێمی كوردستان بە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەت لەو وڵاتە، كۆنفڕانسێكی ئابووری ساز كرد كە، 600 كەس بە نوێنەرایەتیی 200 كۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشدار بوون. هەرێم، خاوەن خاكێكی سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە و، ناوەندی بڕیاری دۆزی كوردە لە رۆژهەڵاتی ناوین، رەنگە ئەمانە هۆكارێكی دی بن، كە بەریتانیا هەوڵ بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە مێژووییەكەی بدات، لەمەودوا بە جیددی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی رشت بێت، بۆیە لە ئێستایشدا یەكێك لەو دەوڵەتانەیە كە، هاوكاریی سەربازی پێشكەشی هەرێم كردووە و، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیش، هاوكارییەكە بەردەوامی دەبێت.
دوێنێیش لە میانەی پێشوازیی (سەرۆك بارزانی) لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا (مایكڵ فالۆن)، پتەوترکردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەریتانیا جەختیان لێ كرایەوە.
هاوكات (مایكڵ فالۆن)، بەر لە سەردانەكەی بۆ هەولێر، لە بەغدایش پەیامێکی ئاشكرای وڵاتەكەی بە بەرپرسانی بەغدا راگەیاند، "تا جەنگی هەرێم دژ بە تیرۆر درێژە بكێشێت، بەریتانیا لە پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت".
پاشخان
ماددەكانی (62، 63، 64) پەیماننامەی سیڤەر، ماددەی(62): (بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا) لیژنەیەك دەستنیشان دەكەن كە لە سێ ئەندام پێك هاتبێت و مەڵبەندی لیژنەكەیش شاری ئیستانبووڵ دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانیان ئەنجام بدەن، كارەكەشیان ئامادەكردنی یاسایەكە بە مافی فەرمانڕانیی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان كە، زۆرترینی دانیشتوانی كوردن، كەوتووەتەوە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری سنووری ئەرمینیا و، باكووری سنووری سووریا و عێراقەوە، هەروەها وەك لە بەندی (27) لە ماددەی (2،3)ـدا دیاری كراوە، ئەگەر ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریان لەسەر هەركێشەیەك لە كێشەكان نەدا، ئەوا هەر ئەندامێك كێشەكەی بەرەوڕووی حكوومەتەكەی دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیەیش وا پێویست دەكات، مافی ئاشوور كلدان كەمە نەتەوەیی و ئایینییەكان كە لە خاكی كوردستاندا دەژین، دیاری بكات. لەپێناوی ئەم مەبەستەدا لیژنەیەك لە ئینگلیز، ئیتاڵیا، ئێران و كوردێك، دەنێردرێت بۆ ناوچەكە، ئەم لیژنەیە بڕیار لەسەر گۆڕانكاری لەسەر سنووری توركیا دەدات، ئەگەر پێویستیشی كرد بە گوێرەی بەندەكانی پەیماننامەكە، ئەوا سنووری نێوان توركیا و ئێران دەستنیشان دەكات.
پەیمانی سیڤەر، ماددەی(63): دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بە گوێرەی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبرا و كە، لە بەندی (63)ـدا هاتووە، دوو لیژنە ئامادە بكات و، لە ماوەی (3) مانگدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە، بڕیارەكان جێبەجێ بكات. ماددەی (64): ئەگەر گەلی كورد لەو ناوچەیەی كە لە بەندی(62)ـدا هاتووە، لە ماوەی ساڵێكدا ڕووی كردە كۆمەڵەی نەتەوەكان و، زۆرترینی دانیشتوانی ناوچەكە ئارەزووی جیابوونەوەیان كرد لە توركیا. ئەگەر كۆمەڵەی نەتەوەكان زانییان ئەم گەلە شایانی ئەم سەربەخۆییەن، ئەوا كۆمەڵەی نەتەوەكان ئامۆژگاریی توركیا دەكات، بۆ ئەم مەبەستە توركیایش ئەم ئامۆژگاریانە جێبەجێ بكات، بەوەی واز دەهێنی لە هەموو مافەكانی خۆی لەو ناوچانە كە ئەم پەیماننامە دەیگرێتەوە، ئەگەر ئەم وازهێنانەش لە كاتی خۆیدا جێبەجێ كرا، ئەوا هێزە هاوپەیمانەكان هیچ كۆسپێك ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگایەی كە دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئەو دەوڵەتە كوردییە سەربەخۆییە، لەگەڵ ئەو كوردانەی لە ویلایەتی مووسڵیشدا دەژین.
شاو كوردی




