ئێمینكی بۆ پەرلەمانی ئەورووپا: پێشمەرگە پێویستی بە چەکی قورسە.. هاوکارمان بۆ ناساندنی تاوانی ئێزدییەکان بە جینۆساید

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، داوای لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا کرد، بۆ شەڕکردن دژ بە داعش، پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاریی زیاتر و چەکی نوێ و قورس هەیە، ڕاشیگەیاند، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا لە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ڕۆڵ ببینێ.
پێش نیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان(جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) و سكرتێری پەرلەمان(فخرەدین قادر) بە یاوەری نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەورووپا(دلاوەر خالید ئاژگەیی) سەردانی باڵاخانەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپایان كرد و لەلایەن (دێڤید كامبڵ بانەرمان) و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و رەوەندی كوردی بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق سەرۆكی لیژنەكە(دێڤید كامبڵ)، خۆشحاڵیی خۆیانی نیشان دا بە ئامادەبوونی شاندی پەرلەمانی كوردستان و رەخساندنی ئەو بوارە تا لە نزیكەوە لەبارەی رەوشی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندنی داعش و مەترسییە راستەقینەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و گەلانی ناوچەكە بۆچوونەكانیان بخەنە روو هەروەها ئەوەی خستە روو دوو رۆژ بەر لەئێستا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان(مەسرور بارزانی)، هەر لەم مینبەرەوە بە ئاشكرا رایگەیاند، داعش دوژمنی هەمووانە و دەبێ هەمووان رووبەرووی ببنەوە، بۆ پشتیوانی ئەم وتەیەیش، (دێڤید كامبڵ) گوتی، "ژمارەیەكی زۆری ئەورووپاییەکانیش پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و چوونەتە خاكی سووریا و عیراق و هەروەها لە بروكسل پەلاماری مۆزەخانەیەكیان داوە، مەترسیی راستەقینەیان لەسەر ئەورووپایش هەیە و پێویستە بە جیددی لەسەر ئەم پرسە بوەستین و كاری بۆ بكەین."
پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان(جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) لە وتەیەكیدا لەبارەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەكانی، پوختەیەكی خستە روو، دواتر تیشكی خستە سەر رەوشی سیاسی و سەربازی و مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند، دەبوایە حكوومەتی عێراق لە سەردەمی (نووری مالیكی)-دا پێشكەوتنە بەرچاوەكانی رەوتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگرێت و پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور بێ، كەچی خۆی لە جێبەجێكردنی دەستوور دزییەوە و رەوشەكەی ئاڵۆز كرد و، مووچە و بودجەی پێشمەرگەی نەنارد و لە دابینكردنی چەك و راهێنان بەهێزی پێشمەرگەیش، هیچ هەنگاوێكی نەنا، ئەمە جگە لە سستی نواندن و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عیراق و دروستكردنی ژمارەیەك تەنگژەی تر كە دوایینیان پێشهاتێكی مەترسیدار بوو لە مێژووی حوكمڕانی گەلانی ناوچەكە، ئەویش بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بوو كە هێشتا چارەسەر نەكراوە."
(ئێمینکی) پاشان تیشكی خستە سەر رەوشی پێشمەرگە و رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ داعش و، داوای كرد وڵاتانی ئەورووپا بە یارمەتیدان و دابینكردنی چەكی قورس بۆ پێشمەرگە، هاوكار بن، ئاماژەیشی دا، "سەرەڕای ئیرادەی پۆلایینی پێشمەرگە كە ئێستا بە نوێنەرایەتیی وڵاتانی ئازاد و دیموكرات ئەو شەڕە دەكات، رۆژانە شەهید و بریندارمان هەن، بەڵام داعش بە چەكی پێشكەوتووی هەردوو وڵاتی عیراق و سووریا كە دەستی كەوتووە، شەری پێشمەرگە دەكات و، پێویستە لەو رووەوە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بە چەكی قورس بكەن"، هەروەها لەبارەی هاوكارییە مرۆییەكان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان هیوای خواست، هاوکارییەکان لە ئاستی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران بێ كە خۆی لە یەك ملیۆن و هەشتهەزار ئاوارە دەدات.
(ئێمینکی) هاوکات گوتی "دهخوازین یهكێتیی ئهورووپا پشتیوانیمان بكا له ناساندنی ئهو كارهساته ویژدان ههژێنه دژ به مرۆڤایهتییهی، دهرههق به خوشك و برا ئێزدییهكانمان له شنگال ئهنجام درا، تا وەك تاوانی جینۆساید دژ بە كوردی ئێزیدی بناسێندرێ.
ئامادەیی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ هەموو هەماهەنگی و كاركردن نیشان دا، كردنەوەی كەناڵی راستەوخۆی پەیوەندی لەنێوان هەردوولا لەسەر ئاستی جیاواز هەبێ و پەیوەندییەكانی نێوانیان پتەوتر بكرێ.
شایانی باسە لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عیراق، بە فەرمی بانگهێشتی شاندی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ بەشدار بوون لەم كۆبونەوەیە.




