سه‌رۆکكۆماری عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆکكۆماری عێراقی فیدراڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كێشه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی وڵات، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی تیرۆریستانی داعش، گرینگیی سوودوه‌رگرتن له پشتگیریی نێوده‌ڵه‌تی بۆ عێراق له بواری سه‌ربازی و مرۆییان، خستنە بەر باس.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، سه‌رۆکكۆماری عێراقی فیدراڵ(د. فوئاد مه‌عسووم)، له شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له هه‌ولێر، پێشوازی له سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) كرد.
له دیدارێكدا بیروڕا ده‌رباره‌ی ته‌واوی كێشه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی وڵات، به تایبه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی تیرۆریستانی داعش له عێراق و ناوچه‌كه و، گرینگیی سوودوه‌رگرتن له پشتگیریی نێوده‌ڵه‌تی بۆ عێراق له بواری سه‌ربازی و مرۆیی‌دا، ئاڵوگۆڕ كرا. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی و گرینگیی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی، له نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و پشتبه‌ستن به ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان، كرایه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ و پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان و، نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان به‌پێی ده‌ستوور و به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای ته‌واوی پێكهاته‌كان و گه‌لانی عێراقدا بێت، تاوتوو كران.




