سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەی لە هەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ بەسەر کردنەوە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەكاری و ئەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ بەرگریكردن و هێرشبردن لەدژی تیرۆریستان گیراونەتە بەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) هێڵەكانی پێشەوەی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستان لە هەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ بەسەر کردنەوە.
لەم سەردانەدا کە هەریەک لە وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و (فەریق جەبار یاوەر و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان) یاوەری (سەرۆک بارزانی) بوون، لەلایەن سەرپەرشتیاری هەردوو میحوەرەکە(سیروان بارزانی) و بەرپرسی میحوەری گوێڕ(قادر قادر) و بەرپرسی میحوەری مەخموور(نەجات عەلی)، پێشوازییان لێ کرا. دواتر (سەرۆک بارزانی) لەنزیكەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری گوێڕ بەسەر كردەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكان دوا. فەرماندە و پێشمەرگەکانی میحوەری گوێڕ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان کە جارێکی تر سەرۆک بارزانی لەسەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە دەبینن، هاوکات لە چۆنیەتیی ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشكردن بۆ سەر تیرۆریستان ئاگادار كردەوە و باسی ئەو سەرکەوتنانە کرا کە دوای ئازادکردنی گوێڕ، گوندەکانی زممارە عەبدوڵڵا و زممارەسابیر و تەلخێم و بنکەکانی سەر چیای قەرەچوخ و چەندین شوێنی گرینگی تر ئازادکراون.
(سەرۆک بارزانی) دەستخۆشیی ئەو سەرکەوتنانەی لە هێزی پێشمەرگە کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی كرد و داوای لێ كردن بە وریایی و چاوكراوەیی سەنگەرەكانیان و خاكی كوردستان بپارێزن.
دواتریش (سەرۆک بارزانی) سەردانی میحوەری مەخمووری کرد و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە هێڵەكانی پێشەوە بەسەر کردەوە. لەو سەردانەیشدا بە وردی باسی ئامادەکارییەکانی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنانەیش کرا کە دوای ئازادکردنی مەخموور لەو میحوەرە وەدەست هاتوون و جگە لە گوندەکانی ڕواڵە و گلگامێشە و گرەسۆر و سیرمە و پونگینە، ناحیەی باقرت و حەڤدە گوندی سەربەو ناحیەیە ئازاد کراون.
(سەرۆک بارزانی) خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە بۆ دووەمجارە بۆ پیرۆزایی سەرکەوتن و ئاگاداربوون لە ڕەشی پێشمەرگە قارەمانەکان هاتووەتە ئەو میحوەرە و دەستخۆشیی سەرکەوتنەکانی لە پێشمەرگەکان کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی کرد کە گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست بۆئەوەی گەلەکەمان بە ئازادی و ئارامی بژییت و دڵنیای کردنەوە کە تیرۆریستان ورەیان ڕووخاوە و لە شکستی بەردەومدان و لە هیچ شوێنێک ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕابگرن. هەروەها تەئکیدی کردەوە لە سایەی ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمان، کوردستان هەر لە سەرکەوتن و پێشکەوتندا دەبێت.
لەلایەن فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانەوە لە وردەكاریی پلانەكان و ئامادەیی پێشمەرگە لەڕووی ورە و چەك و ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن و تێشكاندنی دوژمن خرایە ڕوو و، سەرۆك بارزانییش فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ڕێنوێنی و پلانە گشتییە سەربازییەكان و دۆخی سیاسی و سەربازیی و پشتگیریی وڵاتان و دۆستان ئاگادار كردەوە.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەو شەڕی ئێستا پێشمەرگە دەیكات شەڕێكی تازە و شێوازەكانی جیاوازن لە شەڕەكانی دیكە، ئاماژەی بەوەدا ئەو دوژمنەی پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ دەكات دوژمنێكە كە هیچ ئاییندەی نییە و لە جیهاندا مەقبووڵ نییە و ئەگەر ئەو دوژمنە لەسەر دەستی گەلی كوردستان تێكبشكێندرێت ئەوە دەبێتە سەروەرییەكی مەزن بۆ كوردستان. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر خستەڕوو كە لەوە دڵنیایین كە ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایی دێت و كوردستان سەردەكەوێت و دەبێ هەموومان بیر لە سەركەوتنی گەلی كوردستان بكەینەوە و كار بۆ ئەم سەركەوتنە بكەین.




