زانیاریی مه‌ترسیداری تێدایه.. ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی رێ نه‌درا له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بنیشێته‌وه، ململانێی چه‌ند كه‌سێكی دیاری سلێمانی و كه‌ركووكی له پشته‌وه‌یه

خه‌ندان-KDP.info- چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی ئاگادار ئاشكرایان كردووه، رێگه‌نه‌دان به نیشتنه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه رووسیاییه‌ی ویستی له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بنیشێته‌وه، ده‌ره‌نجامی ململانێی نێوان چه‌ند سیاسییه‌كی باڵایه له‌نێوان سلێمانی و كه‌ركووكدا.
كه‌ناڵی شه‌رقییه له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه بڵاوی كردووەته‌وه، رێگرتن له نیشتنه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه، ململانێیه‌كی سیاسی و دارایی و ئابووریی مه‌ترسیداره له‌نێوان چه‌ند باڵێكی ناكۆكدا له نێوان سلێمانی و كه‌ركووكدا.
رۆژی 2ی ئه‌م مانگه، ئه‌و فـڕۆكه‌یه له چیكه‌وه هاتووه و گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، به‌ڵام ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه نه‌یهێشتووه تێیدا بنیشێته‌وه، دواتر له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غدا به مه‌به‌ستی تێكردنی سووته‌مه‌نی نیشتووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه، پێشتر 9 فڕۆكه‌ی دیكه‌ی پڕ له‌بار، له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نیشتوونەته‌وه و به ئاگاداریی چه‌ند كه‌سێكی دیار، زۆرێك له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی تێیاندا بوون، گه‌یه‌نراونه‌ته ده‌ست داعش، له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی بازرگانیكردن به نه‌وت كه له به‌رامبه‌ر گه‌یاندنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌دا نه‌وت له‌و كێڵگانه‌وه وه‌رگیراوه كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدان.
سه‌رچاوه‌كانی كه‌ناڵی شه‌رقییه ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه، دوو له‌و كه‌سه دیارانه‌ی ئاگایان له‌و بابه‌ته‌یه، له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ گوایا دژی داعش ده‌جه‌نگن.
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه كه پێی وایه سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراون، ئه‌و به‌رپرسانه سه‌رقاڵی ناردنی ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ن كه له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه بۆ چه‌كدارانی داعش هاتوون و دروستكراوی چیك و بولگاریا و رووسیان، كه له جۆری چه‌كی قورس و سوكن.
كه‌ناڵه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، كه هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ داعش، مه‌یدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی نین، به‌ڵكو گۆڕه‌پانی ئاڵووێری چه‌ك به‌رامبه‌ر به نه‌وتن كه رۆژانه له ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه ئه‌و نه‌وته به نرخێكی هه‌رزان سنووری نێوان عێراق و ئێران ده‌بڕن، كه داعش له‌بری پاره، ئه‌و چه‌كانه وه‌رده‌گرێت له پرسی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئاشكرای كردووه، "له چه‌ند رۆژی رابردوودا له لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كه‌وه له ئاسمانی هه‌رێم، په‌یوه‌ندیمان پێوه كرا بۆ ئه‌وه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بنیشێته‌وه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی رێگه‌مان پێ نه‌دا، چونكه پشتر ئێمه له هاتنی فڕۆكه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه ئاگادار نه‌كرابووینه‌وه."
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵَه‌تیی سلێمانی(تایه‌ر عه‌بدوڵڵا) به PUKmedia ی راگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی له رۆژی 2-11-2014 دا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان ئاگادار كراینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بنیشێته‌وه، به‌ڵام ئێمه رێگه‌مان نه‌دا ئه‌و فڕۆكه‌یه بنیشتێته‌وه، چونكه پێشتر هیچ زانیارییه‌كه‌مان له‌باره‌ی هاتنی فڕۆكه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌وه پێ نه‌گه‌یشتبوو."
گوتیشی: "راسته ئه‌و فڕۆكه‌یه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عێراقه‌وه رێگه‌ی پێ درابوو كه له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بنیشتێته‌وه، به‌ڵام به هۆكاری ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگادار نه‌كرابووینه‌وه و هه‌روه‌ها نه‌مانده‌زانی كه له كوێوه هاتووه و چی تێدایه، بۆیه رێگه‌مان نه‌دا كه ئه‌و فڕۆكه‌یه بنیشێته‌وه."
(تایه‌ر عه‌بدوڵڵا) راشیگه‌یاند: "ئه‌و فڕۆكه‌یه له چیكه‌وه هاتبوو، به‌ڵام نازانرێت كه چیی تێدا بووه و بۆ چ مه‌به‌ستێك رووی له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كردووه، به‌ڵام له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه وا باس كرا، دوای ئه‌وه‌ی كه ئێمه رێگه‌مان نه‌دا بنیشێته‌وه، گوایه ئه‌و فڕۆكه‌یه له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا نیشتووەته‌وه."




