رانیە تا 5/3 چاوەڕوان دەبێ.. داوای بەپارێزگابوون دەکات

رانیە-KDP.info- ئەندامێكی دەستەی بەپارێزگابوونی ڕاپەڕین دەڵێت، داوای ئەوان بۆ بەپارێزگابوونی ڕانیە، داواكاریی تەواوی جەماوەری دەڤەرەكەیە و هەڵوێستی خەڵكەكەیش ئارامی و ددانبەخۆداگرتنیشی تێدایە، گوتیشی، بە راشكاوی بە پەرلەمانی كوردستانیان ڕاگەیاندووە، پەیامی خەڵكی ئەوەیە کە تا 5/3 چاوەڕوان دەبن تا بریارەكە دەربچێت، ئەگینا جەماوەری راپەرین رێگەی دیكە دەگرنە بەر.
ئەندامی دەستەی بەپارێزگابوونی راپەڕین (نیازی حەمەعەزیز)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە ساڵی 1999-دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا كە چوار شارۆچكە لە هەرێمی كوردستان بكرێنە پارێزگا، یەك لەو شارۆچكانەیش ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانییە كە لەو ماوە درێژەدا ئەم بڕیارە جێبەجێ نەبووە، ئەویش لەبەر كۆمەڵێك هەلومەرج و بارودۆخی تایبەت كە یارمەتیدەر نەبووە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە لەبارە، بۆیە داخوازیی خەڵكی ئەو دەڤەرە ئەوەیە كە بكرێتە پارێزگا، چونكە هەردوو شارۆچكەی رانیە و قەڵادزێ لەو دەڤەرەن لەگەڵ نۆ ناحیە و 412 گوند و دانیشتووانەكەیشی 350 هەزار كەس زیاترە و دەڤەرێكی بەرفراوانە و پانتاییەكەی خۆی لە 3000كم دووجا زیاتر دەدات".
(نیازی حەمەعەزیز) دەشڵێت، "دەڤەری ڕاپەڕین شوێنێكی جیۆگرافیی مێژووییە و لە رووی سیاسی و ئابوورییشەوە گرینگە، لەبەر ئەوەی بریاری پەرلەمانیش هەیە داخوازیی ئەوە هەیە جێبەجێ بكرێت، هەرچەندە زۆر جار داوا كراوە، بەڵام زۆر جیددی نەبووە، بۆیە ئێمە دوو مانگ دەبێت لە ئەكادیمیان و چالاكانی مەدەنی و پیاوانی ئایینیی دەڤەرەكە، دەستەیەكمان پێك هێناوە، ئەو دەستەیە لە 19 كەس پێك هاتووە و پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی خۆمان هەیە بۆ ئیشكردن و دەمانەوێت لە رێگەی ئەو دەستەیەوە ئەم بڕیارە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت".
سەبارەت بە هەنگاوی سەرەتایی دەسەتەكەیان بۆ بەپارێزگابوونی راپەرین، (نیازی) گوتی، "سەرەتا لە دەڤەری راپەڕینەوە دەستمان پێ كرد بە كۆبوونەوەی چڕوپڕ و روونكردنەوەیی سیاسەت و هەڵوێست و ئیشوكاری دەستەكەمان و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و هەردوو قایمقامییەتی راپەڕین و پشدەر و چینوتوێژەكان و رێكخراوەكان و نووسینگەی پەرلەمانی دەڤەرەكە كۆ بووینەوە و 5/11-یش سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كرد و لە دیدارماندا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و هەندێك لە فڕاكسیۆنەكان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی دەڤەری راپەڕین، یادداشتێكمان پێشكەش كردن، هاوكات هەندێك روونكردنەوە لەلایەن سەرۆكی دەستەكەمانەوە درایە سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبووانی دانیشتنەكە و بە وردی هەموو هەلومەجی دەڤەرەكەمان روون كردەوە".
ئاماژەیشی دا كە، "سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵیی خۆی هەم بە سەردانەكە و هەم بەو بریارەی كە لە ساڵی 1999 لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، دەربڕی و گوتیشی، لە داهاتوودا ئیش بۆ هەرسێ شارۆچكەكەی دیكەیش دەكرێت بۆ ئەوەی ببنە پارێزگا بەتایبەتی دەڤەری راپەڕین كە گرینگیی خۆیی هەیە و دەبێت ئیشوكارەكانی پارێزگای هەڵەبجە تەواو ببن ئەو كاتە دەستبەكار دەبین".
ئەو ئەندامەی دەستەی بەپارێزگابوونی راپەڕین جەختیشی كردەوە كە، "ئێمە پێشنیازی سەرۆكی پەرلەمانمان پێ باش نەبوو و پێشنیازی ئەوەمان كرد كە دەبێت لە ئێستاوە پەرلەمان لەگەڵ حكوومەت و وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان بچێتە سەر خەت بۆ ئەوەی راپەڕینیش وەكو هەڵەبجە بریاری بۆ دەربچێت، ئینجا هەنگاو بە هەنگاو ئیشوكارەكانی دیكە بكرێن".
(نیازی) گوتیشی، "داوای ئێمە، داواكاریی تەواوی جەماوەری دەڤەرەكەیە و هەڵوێستی خەڵكەكەیش ئارامی و ددانبەخۆداگرتنیشی تێدایە، بۆ یادی راپەڕینیش كە 5/3/2015ـیە، لەوانەیە خەڵكی ئەو دەڤەرە تا ئەو رێككەوتە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بكەن، ئەوەیشمان بە راشكاوی بە پەرلەمانی كوردستان گوت كە ئەوە پەیامی خەڵكە و تا 5/3 خەڵك چاوەڕوانە و دەبێت بریارەكە دەربچێت، ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە جەماوەری راپەرین رێگەی دیكە دەگرنە بەر".
پێوەست بە رەچاوكردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و قەیرانی دارایی، (نیازی حەمەعەزیز) ڕایگەیاند، "ئێمە رەچاوی بارودۆخی هەرێممان كردووە كە ئێستا لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە شەڕداین و هەم لە ڕووی دارایییەوە لە قەیرانداین، بەڵام ئاسانكارییەكی باشمان هەیە وەكو شارۆچكە و شوێنەكانی دیكە نین و تەنانەت لە هەڵەبجەیش باشتر بووین، لەبەر ئەوەی ئێمە ئیدارەیەكی سەربەخۆمان هەیە و نیوەی بەرێوەبەرایەتییەكانی دەڤەرەكەمان بەڕێوەبەرایەتیی گشتین و شكڵێك لە شكڵەكانی بەپارێزگابوونی پێوە دیارە، بۆیە پێمان وا نییە گوشارێكی زۆر لە رووی داراییەوە بكەوێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەبەستمان ئەوەیە بریارەكە جێبەجێ بكرێت".
گوتیشی، "گەشبینم بۆ بەدەنگەوەهاتنی سەرۆكی هەرێم جەنابی (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، چونكە ئەزموونمان هەیە و لە ساڵانی رابردوودا كە جەنابی سەرۆك سەردانی دەڤەرەكەمانی كرد، داوای ئەوەمان لێ كرد كە بە پارێزگا بین و بڕیاری پەرلەمانیش هەیە، یان كە نایشكرێینە پارێزگا، بكرێینە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەو كاتە بە راشكاوی جەنابی سەرۆك گوتی، بەڵێنی بەپارێزگابوونتان پێ نادەم لەبەر ئەوەی كە بەڵێنم دا دەبێت جێبەجێی بكەم، بەڵام بۆ ئیدارەی راپەڕین بەڵێنتان پێ دەدەم بۆ بەپارێزگابوونی راپەڕینیش هاوسۆزم و پشتیوانیتان لێ دەكەم، ئەوە بوو كە لە 23/8/2011 بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم دەرچوو و بووینە ئیدارەی راپەڕین كە ئەو بە ئیدارەبوونەی دەڤەرەكەمان رێخۆشكردنێكی باشە و پرۆڤەیەكی سەركەوتووانەیە بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا ببینە پارێزگا".
(نیازی) ڕوونیشی دەكاتەوە، "دڵنیام ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بۆ بنێت، جەنابی سەرۆك بەرانبەر بە دەڤەری راپەڕین هاوسۆزییەكی لەڕادەبەدەری هەیە و بە مافی ئەو دەڤەرەی دەزانێت ببێتە پارێزگایەك وەك هەریەك لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان".




