كەركووك.. بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە هەشت منداڵ بریندار بوون

كەركووك-KDP.info- لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێك لەسەر ڕێگەی بەغدا – كەركووك، هەشت منداڵ بریندار بوون و برینی یەكێكیشیان سەختە.
مولازم (بەلیغ) لە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، سەعات 11 و 55 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر ڕێگەی بەغدا نزیك جەواهیر مۆڵ، لە كاتی چوونی ژمارەیەك منداڵدا بۆ قوتابخانە، بۆمبێكی چێنراو تەقییەوە و لە ئاكامدا هەشت قوتابی بریندار بوون كە برینی یەكێكیان سەختە.
ئەو ئەفسەرە زیاتر گوتی، بۆمبەكە لەنێو قوتوویەكدا دانرابوو كە لە كاتی نزیكبوونەوەی منداڵەكان، بۆمبەكە تەقیوەتەوە.
ڕێگەی بەغدا - كەركووك، بە بەراورد لەگەڵ ناوچە و گەڕەكەكانی دیكەی شاری كەركووك، زۆرترین تەقینەوە و كاری تیرۆریستیی تێدا ئەنجام دەدرێن.
هیوا حوسێن ئەمین




