دوابڕیار مەکتەبى سیاسى دەیدات.. فڕاکسیۆنی زەرد: پۆستى جێگر ئیستحقاقى ئێمەیە

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پۆستى جێگریى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، ئیستحقاقى ئێمەیە و هێشتا ئەو داوایەی مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتیمانیی کوردستان لەلایەن مەکتەبى سیاسیى پارتیىەوە گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، تا ڕەت بکرێتەوە یان قبووڵ بکرێ، دەشڵێت، "دیارە لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیدا بڕیارى ئەوەیان داوە و داوای پۆستى جێگری سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەکەن."
پێوەست بە داواکاریی پۆستى جێگریى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستانەوە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان بە kdp.info راگەیاند، "ئێمە دەمێکە گوتوومانە جێگرى سەرۆکى پەرلەمەن ئیستحقاقى پارتیى دیموکراتی کوردستانە"، (ئومێد خۆشناو) وەبیری دێنێتەوە کە لە سەروبەندى پێکهێنانى حکوومەت و دانوستانى نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، لەپێناو پێکهێنانى حکوومەتێکى کۆدەنگى بنکەفراوانى نیشتمانیدا، پارتى لە ئیستحقاقەى خۆیى سازشى دەکرد و ئەوکات نەرمی دەنواند، بەڵام پاش ئەوەى ئەو پێشنیازەى پارتى قبووڵ نەکرا، پارتییش ئەو پۆستە بە ئیستحقاقى خۆی دەزانێت."
(خۆشناو) زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، "لە دواکۆبوونەوەى خۆیشیاندا کە پەرلەمانى کوردستان بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە و تەنانەت فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیش، چاوەڕوانى ئەوەمان دەکرد مەکتەبى سیاسیی یەکێتی کاندیدى بۆ پۆستى سکرتێرى پەرلەمان کە بە شێوەیەکى کاتى کۆمەڵى ئیسلامى کاندیدەکەیان پێشکەش کرد، دیارى بکات، بەڵام نەیانکرد."
(ئومێد خۆشناو) پێی وایە کە، ڕەنگە مەکتەبى سیاسى یەکێتیى، لە کۆبوونەوەیاندا بڕیارى ئەوەیان دابێ، بۆیە داوای پۆستى جێگریى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەکەن، کە وەک ئەو دەڵێ، ئەو پۆستە ئیستحقاقى پارتیى دیموکراتى کوردستانە، گوتیشی، هێشتا ئەو داوایەی مەکتەبى سیاسیى یەکێتی، لەلایەن مەکتەبى سیاسیى پارتیى دیموکراتى کوردستانەوە گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە، کە ڕەت بکرێتەوە یان قبووڵ بکرێت.
پێوەست بە وەڵامدانەوەی داواکەى یەکێتیى نیشتیمانی، لە لایەن پارتیىەوە (خۆشناو) دووپاتی کردەوە "بە ئیستحقاق بێ، ئەم پۆستە هیی پارتیى دیموکراتى کوردستانە، بەڵام دوابریاریش مەکتەبى سیاسیى پارتی دەیدات، ئینجا رەتکردنەوەى بێ، یاخوود قبووڵکردنى."




