نێچیرڤان بارزانى: له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كى ڕاست به‌ره‌و داهاتوویەکی گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێنین

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) دەڵێت، "سێ مانگ له‌مه‌وبەر ئه‌زموونی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی و سه‌قامگیریمان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مان و نه‌ماندا بوو له كوردستان. بڕیاری دۆستان و دیموكراسیخوازان كه به‌هانامانه‌وه بێن، به‌ڵگه‌ی ئاشكرایه كه هه‌وڵی سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌ندین ساڵه‌مان، بێهووده نه‌بووه."
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) ئەم قسانەی له دیبه‌تى "دیدارى مێرى بۆ دیالۆگ و ئاشته‌وایى"دا كردن كه ئینستیتیوتى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه له هۆڵى هۆتێلى ڕۆتانا له هه‌ولێر سازى داوە و ماوه‌ى دوو ڕۆژه به به‌شداریى ژماره‌یه‌كى دیاره میوانانى بیانى و ناوخۆیى، له سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمى و ڕۆژنامه‌وان و میدیاكاران به‌رده‌وامه.
"داگیرسانی مۆمێكی دیموكراسی له ناوچه‌یه‌كی بێ دیموكراسیدا"
له دیبه‌یته‌كه‌یدا سه‌رۆكوه‌زیران باسى له‌وه كرد كه دواى كۆتایی ساڵى 1989 دیواری به‌رلین ڕووخا و پاشان یه‌كێتیی سۆڤیێ‌ت له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شا و جه‌نگی سارد كۆتایی هات، گه‌لێك وڵات ئازاد بوون، پاش ساڵى 1991یش باس له شه‌پۆلی چواره‌می دیموكراسی هاته پێش و خه‌ڵكانى سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌كادیمی، باسی سیسته‌می نوێی جیهانییان ده‌كرد و گه‌لانی ژێرده‌ست و مافخوراو چرای ئازادییان گه‌ش كرده‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێك تێپه‌ڕی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به خۆیه‌وه نه‌دیت، شه‌پۆلی چواره‌می دیموكراسی نه‌گه‌ییشته ناوچه‌كه، زۆر كه‌س باسی نه‌گونجاویی دیموكراسی و سیسته‌می سیاسی و فه‌رهه‌نگیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ده‌كرد، زۆر كه‌س نا‌ئومێد بوون به‌رامبه‌ر ناوچه‌كه؛ ڕه‌شبینی بووه ڕوانگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و تێڕوانینیان، كه‌م كه‌س له‌و كاته‌دا سه‌رنجی داگیرسانی مۆمێكی دیموكراسی له ناوچه‌یه‌كی بێ دیموكراسیدا ده‌دا، كه كوردستانی عێراق بوو، كه مایسی ساڵى 1992 هه‌نگاوی مێژوویی نا له پڕۆسه‌ی دیموكراسی و یه‌كه‌م په‌رله‌مانی ئازادی هه‌ڵبژارد.
(نێچیرڤان بارزانى) هه‌روه‌ها گوتى: "هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاری دا په‌یوه‌ندیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق له ئاینده‌دا له سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵیزم بێت، به‌ڵام كه‌م كه‌س له ده‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م خه‌ونه بێته دی." ئه‌وه‌شى گوت: "ئێمه ناڵێین كه‌موكوڕیمان نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه دڵنیاین ئه‌وه‌یه ئێمه له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كى ڕاست به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش، هه‌نگاو ده‌نێین".
پاشان هاته سه‌ر باسى ساڵی 2003، كه عێراق گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هات و له ماوه‌ی دوو ساڵى دواتردا سه‌ركرده‌كانی كوردستان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی دیمو‌كراتى و فره‌یی و فیدڕاڵی له‌سه‌ر ده‌ستوورێكی نوێ له عێراقدا ڕێككه‌وتن. ئینجا ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوور كرا و چوار له پێنجی ده‌نگده‌ران له سه‌رتاسه‌ری وڵات، ده‌ستووریان په‌سه‌ند كرد. له كوردستانیش له ساڵى 2005ه‌وه تا سێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له كراوه، حكوومه‌ت به ئاشتی پێكهاتووه و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه ئه‌نجام دراوه. بۆیه گوتى: "ئه‌م چوارچێوه مێژووییه بۆ تێگه‌ییشتنمان له گۆڕانكاریی هه‌نووكه‌ییی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرینگه."
"مه‌ترسیی ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ هێزێكی یه‌كجار زۆر دڕنده، پشتگوێ نا‌خرێت"
(نێچیرڤان بارزانى) ڕوونى كرده‌وه كه له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا ده‌بینین سیسته‌می سیاسیی ناوچه‌كه تووشی قه‌یرانی ترسناك و ئاینده‌یه‌كی نادیار بووه. هه‌ندێ ڕژێمی وه‌ك (سه‌ددام حوسێن و موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی و حوسنی موباره‌ك) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماون. هه‌ندێ وڵاتیش، وه‌ك سووریا و یه‌مه‌ن، تووشی شه‌ڕی ناوخۆ و ئایدۆلۆژیی توندڕۆ بوون. له هه‌رێمی كوردستان ناتوانرێت مه‌ترسیی ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ هێزێكی یه‌كجار زۆر دڕنده، كه ئاڵای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ڵگرتووه، پشتگوێ بخرێت، چونكه له‌وانه‌یه ببێته هه‌ڕه‌شه‌ی مان و نه‌مان له ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
زیاتریش له‌مباره‌یه‌وه گوتى: "هه‌رێمی كوردستان ئێستا له دژی هێزێكی پڕچه‌كی توندڕۆ وه‌ستاوه، خه‌ڵكی كوردستان به ته‌نیا ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت دژی ئه‌م جۆره تیرۆره نوێیه. پێویستمان به هاوكاریی سه‌ربازی، مرۆیی، ئابووری، هه‌واڵگری و ئه‌خلاقیی دۆستانمان هه‌یه له ده‌ره‌وه. ئێمه له ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژین كه هه‌وڵی چه‌سپاندنی دیموكراسی تێیدا تووشی گه‌لێك نشوستی بووه، مافی كه‌مایه‌تیی ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تی سه‌رتاپا پێشێل ده‌كرێت، توندڕۆیی سیاسی بووەته ته‌نها چاره‌ڕێ".
"هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نموونه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی و سنگفراوانییه"
سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نموونه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی و سنگفراوانییه، پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌ركی گشت لایه‌كی دیموكرات و ئازادیخوازه. پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمى كوردستان هیوا به زۆر كه‌س ده‌به‌خشێت كه دیموكراسی، لێبوورده‌یی، پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی مافی كه‌مایه‌تییه‌كانیان به‌لاوه گرینگه و بایه‌خى پێ ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: "بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه ته‌ماشای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین، به تایبه‌ت له گۆشه‌نیگاى میدیاوه، ده‌بینین كوشتار له زۆر شوێن هه‌یه. به‌ڵام نابێت ئه‌و ڕاستییه‌ش له بیر بكه‌ین كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هێزێكی سه‌قامگیرى، ڕۆڵی چالاكی بینیوه له پانزه ساڵی ڕابردوو له عێراقدا".
ئه‌وه‌یشى به بیر هێنایه‌وه كه له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی نێوان شیعه و سوننه له عێراق، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شیان ده‌دا له نێوانیاندا بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی باری ئاساییش و سیاسی له وڵاته‌كه‌دا. ماڵ و ئۆفیسی سه‌ركرده‌كانی كوردستان له به‌غدا كراوه بوو بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان له عیراقدا، به‌تایبه‌تى وه‌ك گوتى: "جه‌نابى سه‌رۆككۆمار تاڵه‌بانى، له‌و كاته‌دا هه‌موو هه‌وڵى خۆى به‌گه‌ڕ ده‌خست بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێكهاتانه له یه‌كتر نزیك بكاته‌وه".
"ناشتنی تۆوی لێبورده‌یی لە ناوچەکەدا مه‌حاڵ نییە"
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌ندێ له میوانه بیانییه‌كان جار جار باسی ئاستی لێبورده‌ییی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تیه مێژووییه‌ی به‌رامبه‌ریان كراوه. باسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ن كه‌وا زیاتر له ده ساڵه به پشووی درێژخایه‌نه‌وه چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی مافێكی ده‌ستووریى خۆیانن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان.
جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه تا له تواناى هه‌رێمى كوردستاندا بێت به هانای گشت پێكهاته‌یه‌كی عێراقه‌وه ده‌چێت و پاراستنی ئه‌وانى وه‌ك پاراستنی خه‌ڵك و خاكى كوردستانله قه‌ڵه‌م دا. ڕاشیگه‌یاند كه "ئه‌گه‌ر له ئه‌زموونی كوردستانه‌وه ته‌ماشای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین، پێم وایه بتوانین بڵێین ناشتنی تۆوی لێبورده‌یی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ گرفته سیاسییه‌كانمان به شتێكی مه‌حاڵ نابینن. پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه: چۆن بنه‌مای هاوبه‌ش پێكه‌وه دیاری بكه‌ین، له‌سه‌ری ڕێك بكه‌وین و پاشان ڕێزیان لێ بگرین؟".
هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد كه كاتێك باس دێته سه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی نوێ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی ئه‌زموونی كوردستان بكرێت تاكو بزانرێت چۆن له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت. ئه‌وه‌شى گوت كه "له چوارچێوه‌ی جیۆپۆلیتیكی ئاڵۆزی ناوچه‌كه، هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ بۆته فاكته‌رێكی سه‌قامگیری و له مێژووی كورتخایه‌نی ئه‌زموونی دیمۆكراسیی خۆیدا، توانیویه‌تى ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنێت كه هه‌رێمى كوردستان له ناوچه‌كه فاكته‌رى سه‌قامگیرییه بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى له ده‌وروبه‌رماندا ده‌ژین".
"سیاسەتی چه‌ندین ساڵه‌ى هه‌رێمى كوردستان، بێهووده نه‌بووه"
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه كردنه‌وه‌ی كوردستان به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، هاندانی سه‌رمایه‌گوزاریی خۆماڵی و ده‌ره‌كی، ئابووریی هه‌رێمی گۆڕى. سیاسه‌تی سه‌رده‌مانه‌ی نه‌وتی هه‌رێم تا ڕادده‌یه‌ك گرفتی كاره‌با و وزه‌ی له هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر كرد و كوردستانیشی كرده ناوێك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی و‌زه له ته‌واوى جیهاندا. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش پێكه‌وه هیوایان به گه‌لی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ به‌خشی كه ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا مه‌حاڵ نییه.
(نێچیرڤان بارزانى) تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه سێ مانگ له‌مه‌و پێش ئه‌زموونی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مان و نه‌ماندا بوو، به‌ڵام بڕیاری دۆستان و دیموكراسیخوازان بۆ به‌هاناوه‌هاتنى كوردستان، به‌ڵگه‌ی ئاشكرایه كه هه‌وڵی سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌ندین ساڵه‌ى هه‌رێمى كوردستان، بێهووده نه‌بووه. بۆیه ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكرێت له‌سه‌ر له‌دایكبوونی سیسته‌می نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌لومه‌رجی به‌ردوامبوونی، به جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها جارێكى ئه‌وه‌ى به بیر هێنایه‌وه كه ساڵی 1991، كوردستانیان تووشی كۆڕه‌وێكی گه‌وره بوون؛ كاتێك ڕژێمی سه‌ددام حسێن هێرشی ڕاسته‌وخۆی كرده سه‌ر كوردستان پاش شكستهێنان له شه‌ڕی كوێت. به‌ڵام هێزی هاوپه‌یمانان ئه‌و كاته پاش ماوه‌یه‌كی كورت به‌هاناى گه‌لی كوردستانه‌وه هاتن و ناوچه‌ى (no-fly-zone)یان دروست كرد، بۆیه هه‌ندێك له دۆستانی كورد، باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی؛ به‌رپرسێتیی خۆی پیاده كرد له پاراستنی میلله‌تێك كه خۆی ده‌سه‌ڵات و توانای پاراستنی خۆی نه‌بووه. هه‌ندێك ئه‌كادیمی و سیاسه‌تمه‌دار ده‌یانگوت: ده‌كرێت بڵێین سیسته‌می نوێی جیهانیی پاش جه‌نگی سارد؛ له‌سه‌ر به‌هاناهاتنی گه‌لی كوردستان داڕێژرا.
"به‌هاناهاتنی هه‌رێمی كوردستان، سیسته‌می سیاسیی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، داده‌ڕێژرێتەوە"
سه‌رۆكوه‌زیران داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه ده‌كرێت ئه‌مڕۆش بگوترێ، سیسته‌می سیاسیی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر به‌هاناهاتنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه داده‌ڕێژرێت، به‌ڵكو ئه‌زموونی پێكه‌وه‌ژیان، هه‌وڵی چه‌سپاندنی بنه‌مای دیموكراسی و فره‌یی و ڕێزگرتن له وڵاتانی دراوسێ و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه بۆ ته‌حه‌دداكان له ڕه‌شبینی به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌م ده‌كاته‌وه. هیواى پێ ده‌به‌خشێت كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌توانێت هه‌نگاوی گه‌وره و بچووك به‌ره‌و ئازادی، سه‌ربه‌ستی و دیموكراسی بنێت.
له كۆتاییدا هیواى خواست كه ئه‌زموونی كوردستان ئه‌مجاره ببێته مه‌شخه‌ڵێك بۆ گه‌شبینی به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزله‌یه‌كگرتن، سنگفراوانی، هاوكاریی دژه‌تیرۆر، پاراستنی مافی مرۆڤ و كه‌مایه‌تییه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات، خزمه‌تگوزاری و سیسته‌می فه‌رمانڕه‌واییی دروست و گونجاو له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مدا.
پاشان سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ڵامى چه‌ند پرسیار و تێبینییه‌كى ئاماده‌بووانى دیبه‌یته‌كه‌ى دایه‌وه.




