بەریتانیا، هاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی بۆ هەرێم فراوانتر دەكات

هەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەختی كردەوە، وڵاتەكەی ئامادەیە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی فراوانتر بكات. دووپاتیشی كردەوە، وڵاتەکەی كار بۆ مەشقپێكردنی زیاتری پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی ئەو پێویستیانە دەكات كە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بە كاری دەهێنن. لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، پێویستە هیچ شوێنێكی ئارام و هیچ پەناگەیەك بۆ تیرۆریستان لە ناو عێراق و سوووریادا نەمێنێت و "بۆ سەركەوتن لەم شەڕە درێژخایەنەیشدا، پێویست دەكات لە ڕووی ئابووری و فەرهەنگی و فیكری و سیاسییش ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا(مایكڵ فالۆن) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوون لە ڕاوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان(سێر سیمۆن) و جێگری بەرپرسی بەرگریی ستراتیژیی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری(گۆردین مەسنجێر) و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ(فرانك بیكەر) و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ئاماژەی بە جددیبوونی كوردستاندا لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە بوێرانە و فیداكارانە توانیویانە شكست بە تیرۆریستانی داعش بهێنن و پێشڕەوییەكانیان ڕابگرن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی و و ئەو هاوكارییانە فراوانتر بكات. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەکەی كار بۆ مەشقپێكردنی زیاتری پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی ئەو پێویستیانە دەكات كە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بە كاری دەهێنن.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی حكوومەت و گەلی بەریتانیای كرد كە لە كاتێكی گونجاودا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون و ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا جێگەی پێزانینی خەڵكی كوردستانە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە بۆ ئێمە شانازییە شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی دەكەین كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لەبەردەستدایە.
سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە، ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و لەنێو گەلی كوردستانیش ڕۆحێكی بەهێزی بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان دروست بووە.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەیشی دا، كە ئێستا تیرۆریستانی داعش كەوتوونەتە دۆخی بەرگری و پێشمەرگەیش لە هەڵوێستی هێرشبردندایە و هاوكێشەی مەیدانی بە پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان لە قازانجی گەلی كوردستان و پێشمەرگە گۆڕاوە و، ئەو ناوچانەیشی كە لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون ڕزگار دەكرێن.
(سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆریستان، هێمای بەوەدا كە، چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك، بۆیە شەڕكردنیش لە دژی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە، هەروەها پێویستە هیچ شوێنێكی ئارام و هیچ پەناگەیەك بۆ تیرۆریستان لە ناو عێراق و سوووریادا نەمێنێت و بۆ سەركەوتن لەم شەڕە درێژخایەنەدا، پێویست دەكات لە ڕووی ئابووری و فەرهەنگی و فیكری و سیاسییش ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و تێشكاندنی تیرۆریستان، پێویستە بە زووترین كات ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن و بەغدایش ڕۆڵی خۆی لە یارمەتیدان و پڕچەككردنی پێشمەرگە بگێڕێت.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و هەروەها هەماهەنگی و هاوكاریی نیوان هەردوولا لە بواری كارگێڕی و ڕێكخستنی كاروباری سەربازیی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(د. فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و (جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا(بەیان سامی عەبدولرەحمان) و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(سەفین دزەیی) ئامادە بوون.




