كۆبانی.. داعش لە پاشەكشەدایە و لە چوار لاوە شەڕ بەردەوامە

كۆبانی-تایبەت بە KDP.info- دوای گەییشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی بە چەكی قورسەوە، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش لە پاشەكشەدان و هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل و بوركان ئەلفوراتیش، زەبرێكی كوشندەیان لە چوار لاوە لە تیرۆریستانی داعش داوە، هاوكات دوو گوندی دیكەیشیان لە تیرۆرستانی داعش پاك كردوونەتەوە.
رۆژنامەنووس لە رۆژئاوای كوردستان (كوماس شەهبازی)، بە KDP.info -ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل و بوركان ئەلفورات، توانیویانە لە چوار قۆڵی رۆژهەڵات، باشوور، باشووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای كۆبانی، زەبرێكی كوشندە لە تیرۆرستانی داعش بدەن.
ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا لەگەڵ داعش، توانیویانە 4 ئۆتۆمبێل تێك بشكێنن كە هەڵگری دۆشكەی تیرۆریستانی داعش بوون و هەروەها ئۆتۆمبێلێكی تریش لە باشوور و 2 ئۆتۆمبێلی دیكەیشیان لە رۆژهەڵاتی كۆبانی تێك شكاندوون، ئەمە جگە لەوەی قەنناسبەدەستێكی داعشیشیان كوشتووە لەگەڵ كوژران و برینداربوونی چەندان تیرۆریستی داعش.
(شەهبازی) زیاتر گوتی، لە سەرێكانییش یەكینەكانی پاراستنی گەل هەردوو گوندی ئارچاشێخان و سوتوكیان لە تیرۆرستانی داعش پاك كردنەوە و توانییان 15 تیرۆرستی داعش بكوژن و 6-ی دیكەیش بریندار بكەن .
ئاماژەیشی دا كە، لە ئێستادا شەڕ لە رۆژئاوای كۆبانی بە چڕی بەردەوامە .
هەینیی رابرد، هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە گەییشتنە شاری كۆبانی بۆ پشتیوانیكردن لە شەڕڤانان و ماوەی چەند رۆژێكیشە بە چڕی شوێن و موڵگەی تیرۆریستانی داعش بە چەكی قورس بۆردوومان دەكەن، كە توانیویانە ئاڕاستەی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن بگۆڕن.
نەشوان بەرزنجی




