پێشمەرگە لە دووبزەوە تا مەلاعەبدوڵڵا جێگیر كراون.. چەكی قورس و سووكیان بە دەست گەییشتوون

كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕایدەگەیەنێت، ئەو مەترسییەی لە ماوەی رابردوودا لەسەر كەركووك هەبوو، بە رێژەی 90% كەم بووەتەوە. دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە شوێنی خۆیان گرتووە و لە چەند رۆژی رابردوویشدا چەكی قورس و سووكیان بە دەست گەییشتوون.
بەرپرسی لقی سێی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك (محەممەد كەمال) كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگرییە لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە، بە KDP.info-ی راگەیاندـ، "ڕەوشی كەركووك ئارامە و خەڵكەكە وەكو پێشوو ئەو ترسەی نەماوە، بە تایبەت كە ئێستا هێزی پێشمەرگە بەهێزترە و چەكی بە دەست گەییشتووە".
بەرپرسی لقی سێی پارتیی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند، هێزی پێشمەرگە لە دووبزەوە تا دەگاتە گوندی مەلاعەبدوڵڵا جێگیر كراون و لە ئامادەباشیی تەواودان.
(محەممەد كەمال) ڕوونیشی كردەوە كە، هێزی پێشمەرگە چەكی قورس و سووكیان بۆ ڕەوانە كراون كە چەكی جۆری دۆشكەیان تێدایە لە دوو كیلۆمەتر و نیوەوە ئامانجی خۆی دەپێكێت، ئەمە جگە لە چەندان جۆری دیكەی چەكی قورس و پێشكەوتوو.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەو مەترسییەی پێشتر لەسەر كەركووك هەبوو، ئێستا 90% نەماوە و بارودۆخەكە ئارامە و خەڵكیش ترسی نەماوە، چونكە دڵنییان هێزی پێشمەرگە دەیانپارێزیت.
بڵند ئیبراهیم




