پێشمەرگە هێرشێكی داعشیان لە شێخ شەرفەدین تێك شكاند و 10 تیرۆریستیان لێ کوشتن

شنگال-تایبەت بە KDP.info- درەنگانی شەوی رابرد، تیرۆریستانی داعش لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین لە چیای شنگال، پاش ئەوەی هێرشێكیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، شكستیان برد و چەندین هەمەریان تێك شكێنران و كوژراو و برینداریشیان هەن.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی رابرد، دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین، وەڵامێكی توندیان درایەوە و لە ئەنجامدا تیرۆریستان تێك شكان و زەرەر و زیانێكی زۆریان بەر كەوت و هەڵاتن.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال گوتیشی، "لەو شەڕەدا هیچ زیانێك بەر هێزەكانی پێشمەرگە نەكەوتووە و توانراوە هەمەرێكی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنرێت لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی پیكاب، هەروەها تەنیا لە خانوویەكدا 10 تیرۆریستی داعش كوژران پاش ئەوەی ویستیان خۆیان حەشار بدەن، بەپێی زانیارییەكانیشمان كوژراو و بریندارێكی زۆری دیكەیشیان هەبووە."
(شەشۆ) ئاماژەیشی دا كە، هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان ئەو هێرشەی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاند كە شەڕەكەیش ماوەی چەند سەعاتێكی خایاند.
نەشوان بەرزنجی




