٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(مەسروور بارزانی): رەنگە كۆنفیدڕاڵی چارەسەرێكی دیكە بێت... سەربەخۆیی مافێكی سرووشتییە

سەرچاوە: KDP.info
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، (مەسروور بارزانی)

بڕۆكسل-KDP.info-  راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، (مەسروور بارزانی)، لە وەڵامی پرسیارەكانی لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا، دەڵێت، سەربەخۆیی مافێكی سرووشتییە بۆ هەموو كەس و، نەتەوەیەك. ئەوەی بۆ ئێوە گرینگە، بۆ كوردیش گرینگە، ئەگەر هەر كەسێك توانی داوا لە خۆی بكات واز لە سەربەخۆیی بهێنێ، با ئەو كاتەش داوا لە كورد بكات، واز لە خەونی سەربەخۆیی بهێنێت.

دوای پێشكەشكردنی گوتارەكەی ئەمڕۆی لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، لە برۆكسل- بەلژیكا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران و ئامادەبووانی دایەوە كە لەبابەت چەندین تەوەری هەستیار و، پێوەست بە ناوچەكە ئاراستەی كرابوون. لە بارەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، رۆڵی توركیا، پێداویستییەكانی هەرێم، بۆ شەڕی دژ بە داعش و چەندین تەوەری دی، وەڵامی راشكاوانەی هەبوو كە، بووە جێی سەرسامی ئامادەبووان، لەلایەن میدیاكانی جیهانییشەوە بایەخی زۆر بە ناوەڕۆكی گوتار و وەڵامەكانی راوێژكاری ئاساییشی هەرێم، درا.
پرسی پێویستی پێشمەرگە بە چەكی قورس، پرسیاری ئامادەبووان بوو، لە وەڵامدا، (مەسروور بارزانی) رایگەیاند "پێویستیمان بە چەكی قوڕس هەیە، تا ئێستا لەلایەن هاوپەیمانانەوە چەكی قورس نەگەیشتوون، لە كاتێكدا ئەو هێزەی شەڕی لەگەڵ دەكەین، خاوەن چەكی قوڕسە، كە لە سوپای عێراق و، سووریاوە گرتوونی". لەبارەی پرچەككردنی پێشمەرگەیشەوە، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، حكوومەتی عێراق نەك هەر چەكی قوڕسمان ناداتێ، بەلكو رێگریش دەكات لەو چەكانەی هاوپەیمانان بۆمان دەنێرن.

هیوادارین توركیا رۆڵی گەورەتر ببینێ
ئامادەبووان، پرسی توركیایان، كردە ناوەڕۆكی چەند پرسیارێك و لە وەڵامدا، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، هیوای خواست كە توركیا رۆڵێكی گەورەتر ببینێ و، گوتی: "ئێمە چاوەڕێی یارمەتی زیاترمان لە توركیا دەكرد. سەرەتا توركیا باسیان لە بارمتەكان و، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار كرد، لەبەرئەوە ناتوانن بەشێوەیەكی تەواو بێنە ناو شەڕەكە و، لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربن. ئێستاش هیوادارین توركیا رۆڵێكی گەورەتر ببینێ لەوەی ئێستا".

لە قۆناخی ئامادەكارین، بۆ دیاریكردنی كات و وادەی ریفراندۆم
پرسی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، حەزێكی ئامادەبووان بوو كە، زانیاری لەبارەوە بزانن و، لە وەڵامدا (مەسروور بارزانی)، جەختی كرد، "ریفراندۆم مافێكی خۆمانە بۆ ئەوەی بزانین میللەتی كورد چی دەوێت و، چ بڕیارێك لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەدات. پرسی ریفراندۆم پێشكەشی پەرلەمان كرا و، پەرلەمانیش پەسەندی كرد، ئێستا ئێمە لە قۆناخی ئامادەكارین، بۆ دیاریكردنی كات و وادەی ئەو ریفراندۆمە. ئێمە دەمانەوێ ئەو ریفراندۆمە جێبەجێ بكرێت، تا ئێمە و، جیهانیش تێبگات كە، خەڵكی كوردستان چ بڕیارێك دەدات و، داوای چی بۆ داهاتووی خۆی داوای چیی دەكات".

150 هەزار پێشمەرگەمان هەیە
پرسێكی دی كە، ئامادەبووان پرسیاریان لەبارەوە كردبوو، هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، لە وەڵامدا، (مەسروور بارزانی)،  ئاماژەی بە وەزارەتی پێشمەرگە كرد كە سەرپەرشتیی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە دەكات، دەشڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە، سەرپەرشتیی پرۆسەی دابەشكردنی ئەو چەكانەیش دەكات كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆمان دەنێردرێت. ئێمە بە سیاسیكردنی هێزی پێشمەرگە رەتدەكەینەوە و، دەمانەوێ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێك بخرێتەوە. هەر لەبارەی پێشمەرگەو و هەماهەنگی نێوان پارتیی و یەكێتی زێتر، زانیاری بە ئامادەبووان دا و، پێی راگەیاندن، كە، لە یەككاتدا شەڕی داعش دەكەین و، هەوڵ دەدەین هەموو هێزەكان بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمە پرۆسەیەكی دوور و درێژە، بەڵام بە دڵنیاییەوە روودەدات و، دێتە دی. هاوكات، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی راگەیاند كە، هەرێم هەیەتی و، دەڵێت، ژمارەكە زۆر نییە و، نزیكەی 150 هەزار دەبێت، بەڵام زۆربەیان لەوانە نین توانای شەڕكردنیان هەبێت و، رەوانەی بەرەكانی شەڕ بكرێن. ئەوەی دەتوانین پشتی پێ ببەستین 40 تا 60 هەزار دەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین بەگشتی 150 هەزار پێشمەرگەمان هەیە.

لەبەرنامەدا بەو نزیكانە شنگال ئازاد بكەین
پرسی داعش و ژمارەی تیرۆریستانی داعش، پوختەی چەند پرسیارێكی دی بوو، كە ئاراستەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم، كرابوو، لە  وەڵامدا، گوتی: "ئەوانەی شەڕكەری جددین لەناو داعش، باوەڕ ناكەم زۆر بن، بەڵام داعش توانیویەتی خەڵكێكی زۆر بهێنێتە نێو ریزەكانی، ژمارەیەكی زۆر لە سوریا و عێراق بخاتە نێو ریزەكانییەوە. هەروەها چەندین چەكداری هۆزەكان پاڵپشتیی گرووپی داعش دەكەن و هاوكارییان دەكەن. دەتوانم بڵێم ژمارەی چەكدارانی داعش لە زیادبووندایە، چەند كات درێژە بكێشێ ئەوان دەتوانن خەڵكی زیاتر رابكێشنە نێو ریزەكانییانەوە، بەهۆی ئەو پاڵپشتییە داراییەی هەیانە. بەداخەوە هێشتا كەسانێك لە وڵاتانی دەرەوە یارمەتیان دەدەن و، پێوەندییان پێوە دەكەن،  ئێمە هێشتا هەستمان بەوە نەكردووە  كە، ژمارەیان كەم بێتەوە بەپێچەوانەوە ئێستا ژمارەیان لە زیادبووندایە."
لەبارەی بارودۆخی بەرەكانی شەڕیشەوە، (مەسروور بارزانی)، ئاماژەییدا، ئێمە ئاگاداری بارودۆخی بەرەكانی شەڕین لە كوردستان، بەڵام رەنگە لە بارەی بەرەكانی دیكەوە زانیاریمان زۆر نەبێت. هەروەها پێراگەیاندنكە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویەتی زۆر لەو ناوچانەی بەشێكن لە كوردستان، رزگار بكات، لە بەرنامەشدایە كە بەم نزیكانە شنگالیش، رزگار بكەین. هاوكات، لەبارەی هەندێ لە شوێنەكانەوە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش، دەڵێت، "جۆرێك لە حەساسیەتی سیاسی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانە، رەنگە وەها بیر بكەنەوە  كە، ئێمە دەمانەوێ بیانخەینە سەر كوردستان. رەنگە خەڵكی ئەو ناوچانە زۆر حەز بەوە نەكەن كە، هێزی پێشمەرگە بچێتە ئەو شوێنانە و، لەدەستی داعش رزگاریان بكات. ئێمە ناخوازین دەستدرێژی بكەینە سەر خاكی هیچ نەتەوەیەك و داگیری بكەین، بەڵام ئێمە ئیرادەمان هەیە  كە، هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش، بكەین".
(مەسروور بارزانی)، ئاماژەی بە كاریگەری گورزە ئاسمانییەكان، كرد بۆ سەر داعش، بەڵام پێراگەیاندن كە، ئەوە هێزی ئاسمانی نییە كە، دەتوانێ ئەم شوێنانە رزگار بكات، بەڵكو ئەو پێشمەرگانەن، كە ئێستا لەسەر زەوی شەڕ دەكەن و، دەتوانن ئەو شوێنانە ئازاد بكەن و، داعش تێك بشكێنن. راستە هێزەكانی ئاسمانی گرنگن، بەڵام بۆ تێكشكاندنی داعش بەس نین.

پێشمەرگە، پێویستی بە راهێنان هەیە
بواری راهێنان و مەشقكردن، بە پێشمەرگە، بەلای (مەسروور بارزانی)، پێویستییەكی ئێستای پێشمەرگەیە و، لە وەڵامدا بۆ پرسیاری ئامادەبووان دەڵێت،" ئێمە پێویستیمان بە راهێنان هەیە بۆ پێشمەرگە لەسەر ئەو چەكانەی بۆمان دەنێردرێ، بەداخەوە ئێمە شارەزای زۆرمان لەسەر بەكارهێنانی ئەم چەكانەوە نییە، بەڵام ئەگەر ئەم هاوكاری و، راهێنانە ساڵێك یان شەش مانگ پێش ئێستا بكرابایە، ئەو كاتە بۆ ئەم شەڕە ئامادەتر دەبووین.  ئەگەر بە بیانووی ئەوەی شارەزاتان نییە لەسەر بەكارهێنانی ئەم چەكانە، بۆیە ئەو چەكانەتان نادەینێ، ئەوا هەرگیز نابینە خاوەنی ئەم چەكانە، بێبەشكردنی پێشمەرگە لە چەكی قورس هیچ پاساوێكی نییە، چونكە ئێمە پێویستیمان بە چەكی قوڕس هەیە و، پێویستە ئێوە فێرمان بكەن، كە چۆن ئەم چەكانە بەكار بهێنین".

لە كۆبانێ چەندین شەڕڤانی بەهێز و شایستە هەن، شایەنی هاوكاریكردنن
پرۆسەی ئاشتیی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، هەروەها كۆبانی، چەند پرسێكی دی، ئامادەبووان بوو، لە وەڵامدا وێڕای جەختكردنەوەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم، لە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە، دەشڵێت، "ئێمە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر بە روونی پشتگیریمان لەم پرۆسەیە كردووە، ئێمە باوەڕمان بەوەیە كە كێشەكە دەبێ بە ئاشتی و دایەلۆگ چارەسەر بكرێ، نابێ هیچ رووداوێك ببێتەهۆی راگرتنی هەوڵەكانی پرۆسەی ئاشتی و زیان بە پرۆسەكە بگەیەنێ. ئێمە پشتیوانی ئەو گفتوگۆ و دایەلۆگانە دەكەین، كە لە نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستاندا هەیە. هیوادارین هەردوولا پێكەوە، ئەم پرۆسەیە بەچارەسەر بگەیەنن و، كێشەكە بێتە چارەسەركردن. لەبارەی هێزەكانی دی كورد، راشكاوانە (مەسروور بارزانی) رایدەگەیەنێت، كە پشتگیریی هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆ هەر گروپێك دەكەین كە، ئێستا شەڕی داعش دەكەن.  لە كۆبانی چەندین شەڕڤانی بەهێز و شایستە هەن كە شایەنی هاوكاری كردنن. وەك چۆن پێشمەرگە شایانی پشتگیری و هاوكاری كردنە، ئەوانیش شایانی پشتگیری كردنن.

ئێران هاوكار بووە
دەربارەی پرسی ئێران و رۆڵی ئەو وڵاتە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیەنێت "پێویستە ئەوە بڵێم ئێران لەسەرەتای شەڕەكە هاوكاری حكوومەتی هەرێم و عێراقی بە گشتی كرد و پشتگیرییان كرد. ئێمە پشتگیریی هەموو هاوپەیمانەتیی دژ بە داعش دەكەین و سوپاسگوزارین".

داعش و رژێمی ئەسەد هاوكاریی یەكتر دەكەن
لەبارەی هەوڵەكانی رژێمی سووریا بۆ مانەوەی لە حوكمدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئاماژەیدا: "ئێمە باوەڕمان وایە  كە، رژێمی (ئەسەد) و داعش، هاوكاری یەكدی دەكەن. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە داوای لەناوبردنی رژێمی (بەشار ئەسەد)ی دەكرد، تاكە دەرفەتێك كە لەبەردەم رژێم مابووەوە، ئەوەبوو بەدیلێكی خراپتر لە خۆی دروست بكات، بۆئەوەی نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات كە، دەستبەرداری بۆچوونەكەیان ببن. بۆیە بوونی داعش وای لە هەمووان كرد، جارێكی دی بیر بكەنەوە كە بەدیلی (ئەسەد) كێیە؟ پێموایە لەسەرەتاوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەگرت و، نەیتوانی پشتیوانی لە هێزە میانڕۆكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بكات، بۆیە پێویستە پشتیوانی نە لە (ئەسەد) بكرێ، نە لە داعش، بەڵكو پێویستە پشتیوانی لەو هێزە میانڕۆیانە بكرێت، چونكە ئەگەر داعش گەورەتر بێت لەسەر حیسابی پشتگیرینەكردن لە ئۆپۆزسیۆنی میانڕۆ و، ئەو كاتە ئەو كێشەیە چارەسەر ناكرێ و، داعش هەمیشە سوودی لەو كاتانە بینیووە، كە هێزە میانڕۆكان شكستیان هێناوە. ئێمە لەگەڵ پشتگیریكردنی دیموكراسی و هاووڵاتیانی سووریاین. پێویستە داعش لەناو ببرێت، چونكە هەر كاتێك لەناوچوو، ئەوكاتە هاووڵاتییانی سووریا دەرفەتێكیان بۆ دەرەخسێ، تا بتوانن لە بارەی داهاتووی خۆیانەوە قسە بكەن.

پاڵاوتە نەوتییەكان سەرچاوەی داهاتی داعشن
لەبارەی سەرچاوەی دارایی داعەشەوە، (مەسروور بارزانی) گوتی: داعش لە رێگەی پاڵاوتە نەوتییەكانی داگیری كردوون، داهاتی دەست كەوێ، هەروەها لە رێگەی رفاندنی خەڵك و وەرگرتنی فدیە و، سەرانە بەسەر هاووڵاتیانی ناوچەكانی ژێر دەستی، داهاتی دەست دەكەوێ، هەروەها لەو ناوچانەی داگیری كردوون جگە لە نەوت، گەنم و جۆش دەفرۆشن لە سووریا و عێراق. بۆئەوەی بتوانین رێی لێ بگرین، پێویستە جیهان لەو پارانە وریا بێ كە، دەدرێ بەو گرووپە. هەروەها پێویستە رێ لەو چەكدارە بیانیانە بگیرێ كە، لە وڵاتە جیاوازەكانی دنیاوە پێوەندی بە داعشەوە، دەكەن. هاوكاتی  دووپات كردەوە كە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان زۆر گرینگن بۆ رێگەگرتن لەو داراییەی دەست داعش، دەكەوێ".

پرسی ناوچەكانی نیشتەجێی مەسیحییەكان، وەڵامێكی دیكەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم بوو بۆ ئامادەبووان، كاتێ رایگەیاند، "هەندێك لە گوندەكان رزگار كراون، بەڵام هێشتا بەعشیقە هەر لەژێر دەستی داعشدایە، بەم نزیكانە ئەویش رزگار دەكەین. هەندێ گوندی دیكە بە هۆی نزیكیان لە مووسڵ، مەسەلەیەكی ئاڵۆزترە، چونكە ئەگەر رزگاریشیان بكەین خەڵك ناتوانێ بگەڕێتەوە، چونكە بەهۆی نزیكیان لە مووسڵ دەبنە ئامانجی تۆپەكانی داعش. ناتوانین ئەو خەڵكانە رەوانەی ئەو شوێنانە بكەینەوە كە، لە مووسڵەوە نزیكن، ئەگەر هەمووشیان رزگار بكەین. ئێستا دەتوانین رزگاریان بكەین، بەڵام زەحمەتە خەڵكەكە رەوان بكەینەوە. ئەمەش زیاتر بۆ پاراستنیانە لە هەڕەشەكانی داعش. بۆ ئەمەش لەچوارچێوەی رزگاركردنی مووسڵ پێویستمان بە پلانێكی تۆكمە هەیە".

هۆكاری سەركەوتنی داعش لە مووسڵ و هەندێ ناوچە
لەبارەی هۆكاری سەركەوتنی داعش، لە گەمارۆدانی عێراق و، داگیركردنی ناوچەكە، بۆچی دەگەڕێتەوە، (مەسروور بارزانی)، رایگەیاند، "كۆكم لەگەڵتان كە داعش گرووپێكی بەهێزە، بەڵام دەتوانم باسی هۆكارەكانی سەركەوتیان بكەم. یەكێك لە هۆكارەكان ئەو سیاسەتە هەڵەیە بوو كە، بەغدا پەیرەوی دەكرد. ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەنجامەكان مامەڵە دەكەین نەك لەگەڵ هۆكارەكان. ئەگەر حكوومەتێكی بنكە فراوان لە بەغدا هەبووایە، كورد و سوننە، پێگەیەكی بەهێزیان لەو حكوومەتە هەبوایە و، ئەو حكوومەتە نەبوایە بە حكوومەتێكی مەزهەبی، هەروەها سوپای عێراقی نەكردبوایەتە سوپایەكی مەزهەبی، من دڵنیام خەڵكێكی زۆر رووبەڕووی داعش دەبوونەوە و لە دژی بەغدا پشتگیری داعشیان نەدەكرد و، بەهیچ شێوەیەك هێزی بەغدا بەمشێوەیە تێك نەدەشكا كە، بەرامبەر داعش بینیمان چۆن لە مووسڵ تێك شكا. ئەمەی دەیبینین دەریدەخات كە حكوومەتی پێشووی عێراق، حكوومەتێكی بێ توانا بوو، هیچ بەرنامەیەكی سیاسی سەركەوتووی نەبوو، بۆیە لە دروستكردنی هێزیكی نیشتمانی بەهێز سەركەوتوو نەبوو.  دووبارەی دەكەمەوە كە سەركەوتنی داعش بەهۆی ئەوە بوو، زۆر لە سوننەكان ئاسانكاریان بۆ ئەو گرووپە كرد، بەهۆی ئەو رقە زۆرەی بەرامبەر حكوومەتی پێشوو هەیانبوو. لەبەر ئەوە پشتگیری هەر كەسێكیان دەكرد كە، دژی حكوومەتی پێشوو بوایە. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش پێویستە سیستەمی سیاسی لە بەغدا بگۆڕدرێ، بۆئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەم دوژمنە ببینەوە كە، بۆ هەمووان كێشەیە. پێش داعش ئەلقاعیدە هەبوو، رەنگە سبەینێ گرووپێكی دیكەش پەیدا ببێ. بۆیە پێویستە واز لە سیاسەتی هەڵە بهێنرێ كە ئەنجامەكەی دروست بوونی گرووپێكی وەكو داعش و هەڵگەڕانەوەی خەڵك لە حكوومەت بوو".

لەبارەی رۆڵی ئەورووپا بۆ كۆتاییهاتن بە مەینەتییەكانی كورد، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، بە پێویستی زانی كە ئەورووپا هاوكاریی سیاسی و سەربازیی هەرێم بكات و دەڵێت، "دەتوانن هاوكاریی سیاسی و سەربازیمان بكەن، هیچ كاتێك پێویست ناكات هاوكارییە سەربازییەكانی ئێوە بۆ ئێمە بچێتە بەغدا و، لەوێ بەرلەوەی بنێردرێتە هەولێر بپشكێندرێ. بۆچی بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی هەموو ئەم بارە چەكانەی بپشكنێ كە بۆ پێشمەرگە دێن، تا لە دژی داعش بە كار بهێنرێن؟ لەكاتێكدا ئەو خاوەنی سوپایەكە، بەڵام نەیتوانی بەرگری بكات و، هەموو چەكەكانی رادەستی داعش كرد. ئێمە هێزێكین دەیبەینەوە، بۆیە پێویستە پشتگیریمان بكەن، ناكرێ لەناردنی چەك بێبەش بكرێین.
لە ڕووی سیاسییەوە پێویستمان بە پشتگیریی ئێوەیە، كوردستان كە، ئێستا بووەتە دوورگەیەكی سەقامگیر، دوورگەیەك بۆ ئارامی و ئەمنیەت. هەروەها ئێستا كوردستان هۆكارێكە بۆ هەموو خاڵە پۆزەتیڤەكان كە لەناو كۆمەڵگایەك دایە، لەناو ئێمەشدا هەیە و، هەموو كەمینە ئایین و، نەتەوەكان پێكەوە كۆ كردووەتەوە. ئێوە پێویستە پشتگیریی ئەم مۆدێلە بكەن و، ئێمە پێویستمان بە یارمەتیی ئێوەیە، بۆئەوەی كوردستان ببێتە چیرۆكێكی زیاتر سەركەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە لە كێشە و، ئاژاوەدا دەژێت. كوردستان مۆدێلێكە پێویستی بە سەركەوتن و هاوكاری هەیە نەك فەرامۆشكردن".

زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە لە هەرێم كوردستانن
لەبارەی ژمارەی ئاوارەكانی لەناوچەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، (مەسروور بارزانی) گووتی: "سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی لە ئەنجامی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە هەمانە. ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە، لە هەرێمی كوردستانە بێ ئەوەی هیچ بودجەیەكمان هەبێت، تا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری ئەم ئاوارانە بكات.
دەتوانم بڵێم ئێمە ناتوانین لە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم ئاوارانە، بەردەوام بین، لەكاتێكدا ئێمە نە بودجەمان هەیە و، خۆیشمان كێشەی ئابووریمان هەیە. لەمبارەیەوە پێویستیمان بە پشتگیریەكی بەخشندە هەیە لە یەكێتیی ئەورووپا بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان. ئەوانەش سێ پشتگیری گرینگن كە یەكێتیی ئەورووپا چاوەڕوان دەكەین ئەوانیش پشتگیریی سیاسی و سەربازی و ئابوورین، كە زۆر گرینگن بۆ هەرێمی كوردستان."

جاریكی دی پرسی توركیا
لەبارەی توركییاوە، راوێژكاری ئاساییشی هەرێم، بۆ ئامادەبووان روونی دەكاتەوە: "من ناتوانم بە ناوی توركیاوە قسە بكەم، ئەوان سیاسەت و، بەرنامەی خۆیان هەیە. توركیا دراوسێی ئێمەیە، رەنگە لە هەندێ سیاسەتدا لەگەڵ یەكدی هاوڕا نەبین، بەڵام ئێمەش لەو شتانە تێدەگەین كە، بە ئێمەیان راگەیاندووە كە ناتوانن هاوكاریی ئێمە بكەن. ئێستایش كە بارمتەكان رزگار كراون و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تەواو بوووە، چاوەڕوانی هاوكاریی زیاتر لە توركیا بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین، لە شەڕی دژی داعش."

پارتیی كرێكارانی كوردستان بە تیرۆریست نازانین
لەبارەی دەرهێنانی ناوی پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەکەکە) لە لیستی تیرۆر، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە هەرگیز پارتیی كرێكارانی كوردستانمان وەك گرووپێكی تیرۆریستی نەناسیوە، هیچ كاتێك پشتگیری لەم هەوڵانە ناكەین بیەوێ پەكەكە لە لیستی تیرۆریستدا بمێنێتەوە".

رەنگە كۆنفیدڕاڵی چارەسەرێكی دیكە بێت
لەبارەی كاریگەریی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراقەوە، (مەسروور بارزانی) گوتی: "با راشكاو بم و وەكو دیپلۆماتكارێك قسە نەكەم، ئەگەر مێژووی عێراق بخوێنینەوە، عێراق وڵاتێكە هیچ كاتێك ئاشتی و سەقامگیری تێدا نەبووە، نە بۆ خەڵكەكەی، نە بۆ دراوسێكانی. سووربوون لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی مێژوو، هەمان ئەو ئەنجامە دەبینینەوە، كە ئێستا دەیبینین. لە عێراقدا شتێك بوونی نییە بە ناوی متمانە لەنێوان سوننە، شیعە و كورد. هیچ كاتێك ئەوانە متمانەیان بە یەكدی نییە. بۆیە پێویستە رێگا چارەیەك بدۆزرێتەوە بۆئەوەی هاووڵاتیانی عێراق پێكەوە بە ئاشتیانە لە وڵاتێكدا بژین. ئەمەش هیچ كاتێك روو نادات ئەگەر گەرەنتییەك نەبێت، كە بە سەرجەم پێكهاتەكان بدرێت، بەوەی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەیەكی دیكە گرینگتر نییە.
ئێمە رووبەرووی هەموو شتێك بووینەتەوە كۆمەڵكوژی، كیمیابارن، تا ئێستایش ئەو یادەوەریانە لە هزرماندا زیندوون. ئێستا چۆن داوامان لێدەكرێ عێراق دەبێ بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، لەكاتێكدا هیچ گەرەنتییەك بۆ ئێمە لە ئارادا نییە. ئێمە هەوڵمان دا عێراقێكی فیدراڵی دروست بكەین، بەڵام بە داخەوە بەغدا نەیتوانی ئەوەش جێبەجێ بكات.  رەنگە كۆنفیدڕاڵی چارەسەرێكی دیكە بێت، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ پێویستە نەتەوەی كورد لە داهاتووی نەتەوەكەی و منداڵەكانی لە عێراقدا، دڵنیا بێت."

لەبارەی ئەو برادەرەی هەفتەی داهاتوو، دەچێتە سووریا بۆ بینینی (بەشار ئەسەد) ڕایگەیاند، "دەمەوێ كە بینیت ئەم پرسیارەی لێ بكەیت. بۆچی هێشتا كورد رەگەزنامەی سووریای نییە و، وەكو هاووڵاتییەكی سووریایی سەیر ناكرێ؟، لەكاتێكدا چەندین ساڵە لەو وڵاتە لە خاكێك دەژێت، كە خاكی كوردستانە و، دراوە بە سووریا، بۆیە پرسیاری لێ بكە، بۆچی هێشتا كورد هاووڵاتی پلە دوووە لە سووریا؟ ئەگەر ئەو دەیەوێ پشتگیریی كوردی دەست كەوێ، دەبێ یەكەمجار ئەوە فێر بێت كە چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات."

كوردستان وڵاتێكی گەورەیە
لەبارەی پرسیارێكی دی، سەبارەت بە كوردستان، راوێژماری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی دا: "كوردستان وڵاتێكی گەورەیە، هەموو پارچەكانی لە عێراق، ئێران، سووریا و، توركیایە، بەڵام لە دەرەوەی ئەم شوێنانەش خەڵكێكی زۆر هەن كە بەشێكن لە كوردستان و، لە شوێنی دیكە دەژین. بە هۆی شەڕی چاڵدێران و دوای شەڕی یەكەمی جیهانی ئێمە دابەشكراینە سەر چەند وڵاتێك، هاوكات هەر بەشێك لە بەشەكانی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچ كاتێك دەست لە هیچ بەشێكی دیكەی كوردستان وەرنادەین، بەڵام هەر كاتێك زانیمان لەژێر مەترسی و هەڕەشەدان ئێمە هاوكاریان دەكەین و پشتگیرییان دەكەین. یەپەگە، نوێنەرایەتیی هەموو كورد لە سووریا ناكات، چونكە چەندین هێز و گرووپی دیكە لە رۆژئاوای كوردستاندا هەن. ئێمە پشتگیرییان دەكەین و، داوا لە ئێوەیش دەكەین پشتگیریی هەموو ئەو گرووپانەی كورد بكەن، كە لە هەر شوێنێك پێویستیان بە هاوكاری دەبێت."

حکوومەتی هەرێم ئامادەیە هێزی زیاتر ڕەوانەی کۆبانی بکات
لەبارەی ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی رەوانەی كۆبانی كراون، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم دەڵێت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیار بوو هێزێكی زۆر بۆ كۆبانی بنێرێ، بەڵام ئەو داواكارییەی لە بەرگریكارانی كۆبانی پێمان گەییشت، ئەوان گوتیان هێزی شەڕكەریان ناوێ، تەنها هەندێ هێزیان دەوێ كە، بتوانن چەكی قورس بەكار بهێنن. ئەگەرنا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستایش ئامادەیە هێزی زیاتر بنێری."

سەبەخۆیی مافی ڕەوای کوردە
لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان، (مەسروور بارزانی) گوتی: "سەربەخۆیی مافێكی سرووشتییە بۆ هەموو كەس و نەتەوەیەك. ئەوەی بۆ ئێوە گرینگە، بۆ كوردیش گرینگە، ئەگەر هەر كەسێك توانی داوا لە خۆی بكات واز لە سەربەخۆیی بهێنێ، با ئەو كاتەش داوا لە كورد بكات واز لە خەونی سەربەخۆیی بهێنێت. لەم جیهانەدا چەندین نەتەوەی دیكەش شایەنی سەربەخۆیین، ئێمەش دەزانین بارودۆخ و كات هەستیارە، بۆیە داوای ئەنجامدانی ریفراندۆممان كردووە، بۆ ئەوەی ببینین خەڵكەكە چییان دەوێ، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێ بەناو هاووڵاتی كورد قسە بكات."
 

هەواڵی پەیوەندیدار