٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ بەشارەتی: پارتی بۆ موزادەیە كورسیی نەداوەتە كاكەییەكان.. داوا دەكەین ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەیشیان بدرێتێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە پاریزگای هەڵەبجە، باس لە ئەو كورسییەی پارتی دەكات كە لە پشكی خۆی داویەتییە پێكهاتەی كاكەییەكان لەو شارە و، دەشڵێت ئەم كارەیان بۆ موزایەدە نەكردووە.
لەبارەی ئامانجی پارتی لە پێدانی كورسییەك بۆ كاكەییەكانی هەڵەبجە، بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی: "لە دڵ و بڕوامانەوە كورسییەكمان داوە بە كاكەییەكان، مێژووی قووڵی كاكەییەكان لە سەنگەری كوردایەتیدا دەخوێنینەوە و كاكەییەكان خەباتێكی دوورودرێژیان لە خەباتی كوردایەتی و پارتیی دیموكراتی كوردستاندا هەیە، ئەو كارەیشمان كردووە لەبەر چاوی خەڵك دیارە، بە داخەوە لایەنێك دەیەوێت هەوڵ بدات بۆ كەمكردنەوەی هەڵوێستەكەی ئێمە، كە كەسیان ئامادە نەبوون ئەم هەڵوێستەی پارتی نیشان بدەن و ئێستایش نوێنەری كاكەییەكان هاتنە لای ئێمە بۆ دەستخۆشی و پێشنیازێكی دیكە، ئێمە پێمان گوتوون ئەو كورسییەی ئێمە بە كاكەییەكانمان داوە، دوورە لە هەموو موزایەدەیەك".
لەبارەی پێشنیازی كورسیی كۆتا بۆ كاكەییەكان (بەشارەتی) ڕایگەیاند، "ئەگەر خەڵكانێك باس لە كورسیی كۆتا دەكەن بۆ كاكەییەكان، ئەوە ئێمە دەڵێین با ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بدرێتە كاكەییەكان بەو حوكمەی ئەوان ئایینی جیاوازن لە سنووری ناوچەكە كورسییەكەی ئێمەیش بۆ كاكەییەكان، با سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ ئەوان بێت."
گوتیشی: "من پێم وایە بیركردنەوەی كاكەییەكان زۆر قووڵە، لە زۆر پەیامی سیاسی تێدەگەن، بەتایبەتی ئەوەی ئێمە و ئەوەی خەڵكی دیكە، ئێمە قسەمان لەسەر هەڵوێستی هیچ لایەنێك نییە، دەستی هیچ لایەنێكمان نەبەستووە هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر بە كاكەییەكان، هەركەسی دیكە دەیەوێت شت بكات بۆ كاكەییەكان ئەوە دەستی نەبەستراوە و پۆستی زۆر هەیە لە پارێزگای هەڵەبجە با بدرێتە كاكەییەكان".
لەبارەی ڕێکكەوتنی لایەنەكانی ئەو شارە،(بەشارەتی) ئاماژەی دا، "ئێمە ڕێكکەوتنمان لەسەر پێكهێنانێك كردووە كە وجودی نییە و، پێشووتر گوتوومانە وەك پارتی خێر و سەدەقە و دیاری لە كەس وەرناگرین، ئەگەر بە مافی خۆمان نەبێت، چونكە ئەگەر وا بێت، پارتی بەخشندەترین حیزب بووە بۆ لایەنەكانی دیكە، ئەوەی كردوومانە بۆ خزمەتی ئەم شارە بووە، ئێمە لە ڕابردوو گەوەرترین كارمان لەم شارە كردووە، بەبێ‌ ئەوەی بچووكترین پۆستمان لەم شارە هەبێت ئێمە مەبەستیمان خزمەتكردنی خەڵكی هەڵەبجە بووە."
گوتیشی: "تەنیا پۆلیسێكمان لەم سنوورە نییە، بەڵام ئێستا دەڵێم هیچ لایەنێك ناتوانێت لە سەرەتاوە تا كۆتایی، پێكهاتەی پارێزگای هەڵەبجە دروست بكات بەبێ‌ لایەنەكانی دیكە و، ئێمە لە هەموو لایەنەكانی دیكە زیاتر نەرمیمان نیشان داوە و دەستکراوەتر بووین".
ڕوونیشی کردەوە کە، "یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بۆ بە ئاشتیناساندنی هەڵەبجە، هیوادارم هەموو لایەنەكان بیر لەو ڕێزگرتنە بكەنەوە و بە كورسییەك و پۆستێك نەیگۆڕنەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار