لە دەڤەری زوممار، هێرشێکی تیرۆریستان تێک شکێندرا.. پێشمەرگە پلانێكی چەكدارانی داعشی لە عوێنات پووچەڵ کردەوە

زوممار-KDP.info- هێزی پێشمەرگە لە زوممار، پلانێکی داعشیان لە عوێنات پووچەڵ کردووەتەوە کە بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلێک بووە، بەیانیی ئەمڕۆیش هێرشێکی تیرۆریستانیان لە گوندی گربوقل تێک شکاندووە و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندوون و تەرمیشیان پێ جێ هێشتوو.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (حەسەن خەلۆ) بەkdp.info ی ڕاگەیاند: " 10ی بەیانیی ئەمرۆ سێشەممە، تیرۆریستانی داعش لە نزیك گوندی (گربوقل) كە دەكەویتە باشووری شارۆچكەی زوممارەوە بە هاوەن و چەند جۆرە چەكێكی تر، هێرشیان بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە بەرپا کرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورس لێیان هاتنە دەنگ و دوای شەڕێكی یەک سەعاتی، توانرا پاشەكشەیان پێ بكرێ."
ئەو بەرپرسەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زوممار گوتیشی: "لەو شەڕەی ئەمرۆدا زیانێكی زۆر بە تیرۆریستانی داعش كەوت کە، كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەبووە و تەرمی هەندێكی تیرۆریستانیشیان پێ جێ هێڵراوە" .
(خەلۆ) جەختیشی کردەدوە کە، هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانیانن و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی شارۆچكەی زوممار.
هاوکات فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە زوممار موقەدەم (جەلال) بە KDP.INFOی راگەیاند: "داعش لە ناوچەی عوێناتی سەر بە ناحیەی زوممار، شوێنێكیان هەیە كە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی بۆ تەقاندنەوە لێ ئامادە دەكەن، بەر لەوەی بگەنە ئامانجی نەگریسیان، هێزی پێشمەرگە هەر زوو پێی زانی و بۆردوومانی كردن و، شوێنە تایبەتەکەیانی بە تەواوەتی وێران كرد و پلانەكەیانی پووچەڵ كردنەوە و لەو شوێنەیش نەماون."
دەربارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیش، موقەدەم (جەلال) گوتی، جموجۆڵی داعش لە ناوچەكە زۆر كەمە و تەنیا لە ناوچەی تەلەعفەر جار جار هەیە، بەڵام لە سنووری زوممار زۆر كەمە و لەئێستادا ناوچەكە ئارامە.
ئەو فەرماندەیە زیاتر گوتی، "هێزی پێشمەر ناوچەكەی لە مین و تەقەمەنی پاك كردووەتەوە و لە ئێستایشدا تیمەكانی ئێمە بەردەوام ناوچەكە دەپشكنن."
دەشڵێت، خەڵكێكی زۆری ناوچەكە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە كۆمەڵگای بردیا، قوتابخانەیش كراونەتەوە و خوێندن دەستێ پێ كردووە.
بڵند ئیبراهیم - نەشوان بەرزنجی




