٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: مایەی قبووڵكردن نییە، بەغدا قوتی خەڵك ببڕێت و، پێشمەرگە لە بەدەستهێنانی چەكی پێشكەوتوو، بێبەش بكات

سەرچاوە: KDP.info
ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان(مەسروور بارزانی) لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپادا لە بڕۆکسل. ئەمڕۆ

بڕۆكسل-KDP.info-  ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، ڕایگەیاند، داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر كوردستان، بەڵكە هەڕەشەیە بەسەر هەموو جیهانەوە. گوتیشی " ئەمڕۆ، ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا تەنیا شەڕ بۆ بوونی خۆمان ناكەین، كە بە درێژایی سەدەی بیستەم كردوومانە، بەڵكو لە جیاتی جیهانی ئازادیش شەڕ دەكەین."  گوتیشی، "وەك چۆن هاوكاری و پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكرێ، ئاوایش پێمان چاكە پشتیوانیی شەڕڤانان بكرێ، چونكە ئەوانیش لەگەڵ تیرۆر لە جەنگدان و بەرگری لە ئازادییەكانیان دەكەن."

دەبێت دیمەنەكان ویژدانی جیهانی ئازاد، بهەژێنن
دوای ئەوەی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا، راگەیاند كە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، (مەسروور بارزانی)، لەگەڵ لیژنەی كاروباری دەرەوەی یەكیەتیی ئەورووپا، كۆ دەبێتەوە و، لەبابەت بارودۆخی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان، رەوشی ئاوارەكان، چەند پرسێكی دی، راوێژكاری ئاساییشی هەرێم گوتارێكی بۆ لیژنەكە دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە (مەسروور بارزانی) لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپادا، لە برۆكسل- بەلژیكا، گوتارێكی پێشكەش كرد و تیاییدا چەندین تەوەری هەستیاری لەبابەت هەرێمی كوردستان، عێراق، جەنگی دژ بە تیرۆر، رەشی ئاوارەكان، رۆژهەڵاتی ناوین و، رۆڵی ئەمریكاو ئەورووپا لە ناوچەكە، پێشكەش كرد.
لە دەستپێكی گوتارەكەیدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، سوپاسی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا (ئێلمار برۆك) و، ئەندامانی لیژنەكەی كرد و رایگەیاند كە، "لەو كاتەی ئێمە لێرە كۆ دەبینەوە، نیگەرانییەكی گەورە لەسەر ئاساییشی گەلەكەمان و، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا لە ئارادایە، هاوكات وێنەو دیمەنە ترسناكەكانی قوربانییانی بێگوناهی كورد، موسوڵمان، ناموسوڵمان، خەڵكی نێوخۆ و، بیانی، ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و سەربڕینی وەحشیانە لە عێراق و سووریای وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و، پێیراگەیاندن كە، دەبێت دیمەنەكان ویژدانی جیهانی ئازاد، بهەژێنێ، دەشڵێت، زۆرێك لە وڵاتانیش پلەی هەڕەشەی سەر ئاساییشی نەتەوەییان، بۆ ئاستێكی باڵاتر بەرز كردووەتەوە."

لە بری جیهانی ئازاد شەڕ دەكەین
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، جەختی كردەوە كە، "هەڕەشە و لێكەوتەی مەزن لەسەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی هەیە. وێڕای ئەم هەڕەشە ئاشكرا و روونانە، بەڵام دیارە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناخوازێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و لێبڕاوانە بكاتە بژاردەی پاراستنی گیانی بێگوناهەكان و، ئەم نەخواستنەیش، رێگەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( ناسراو بە داعش) خۆش كرد كە، لە مانگی ئابی رابردوودا، بچێتە نێو شارۆچكەی شنگال و، بە هەزاران كەس لە گەلەكەمان كۆمەڵكوژ بكات و، ئافرەتە شۆخەكانیش بفرۆشێ و، بیانكات بە كۆیلە و، تا وایلێهات كارەكە سەر بۆ جینۆسایدكردن بكێشێ". (مەسروور بارزانی) هۆشداری دا، كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان، تەنیا شەڕ بۆ بوونی خۆی ناكات  كە، بە درێژایی سەدەی بیستەم كردوویەتی، بەڵكو لە جیاتی جیهانی ئازادیش شەڕ دەكات و دەڵێت، لە 8 مانگی حوزەیرانی رابردوو، تەنیا دوو رۆژ بەر لە داگیركردنی موسڵ، لەلایەن داعشەوە، ئێمە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵمان لە ئەگەری هێرشكردنی بۆ سەر شارەكە، ئاگادار كردەوە و، رەوانەكردنی پێشمەرگەمان بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكە، پێشكەش كردن، بەڵام بەداخەوە، كەس گوێی لە ئاگاداركردنەوەكەی ئێمە نەگرت". روونیشی دەكاتەوە كە، لە سەعاتی سەرەتای 10ی مانگی حوزەیرانی رابردوو، كەمتر لە 2 هەزار چەكداری داعش، گەیشتبوون بە بەری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، سەربازگەی سەرەكیی سوپا، بانكی شارەكە، فڕگە و باڵاخانەكانی حكوومەتیان داگیر كردن، پێشڕەویی بروسكئاسای گرووپەكە، لە سەرانسەری پارێزگاكە، لەگەڵ داڕووخانی سوپای عێراق، ئاگاداركردنەوەی ئێمەی ئیسپات كرد، كە بە درێژایی ساڵی 2014 كردوومانە. دەشڵێت، لە چەند سەعاتی دواتری هێرشەكەدا 5 فیرقەی سوپای عێراق و، یەك فیرقەی پۆلیسی فیدڕاڵ بە تەواوی توانەوە و، بە دەیانهەزار سەربازیش شوێنی خۆیان و چەكە قورسەكانیان جێهێشت. ئەمەیش وایكرد لە چەند كاتژمێرێكدا رێكخراوێكی تیرۆریستی دڕندەی كرد بە دەوڵەتێكی تیرۆریستی بێوێنە. ئێستایش ئەم دەوڵەتە تیرۆریستە دڕندەیە خاوەنی تانك، سەدان هەمەر، زرێپۆش، تۆپی قوڕسو چەكی پێشكەوتووە. ئەم چەكانە، لەگەڵ ئەو چەكانەی لە سووریا گرتوویانە، تەنیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەڕەشە نین ، بەڵكو بۆ سەر دراوسێكانمان و، تەواوی جیهانی ئازادیش هەڕەشەن".
لەبەشێكی دی گوتارەكەییدا (مەسروور بارزانی)، تیشكی خستە سەر، پێشڕەوی داعش،  كە لە تیرۆركردنی گوندەكان، كەمینەكان و، خێزانە بێدەرەتانەكان، چەك و چەكدارانی یەدەگی بەكار هێناو، بەشێوەیەكی دڕندانە هەزاران كەسی كۆمەڵكوژ كرد و، دەیانهەزار مەسیحییشی ناچار كرد،  ئایینی خۆیان بۆ ئیسلام بگۆڕن و، خاكی پیرۆزی خۆیان جێ بهێڵن. هاوكات، ئاماژەیدا كە لە چەند رۆژێكدا سەدانەهزار خێزان پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا، كە تەنگژە و بارێكی مرۆڤایەتییان خوڵقاند.

شنگال، ترسناكترین كارەسات بوو
لە 3-ی مانگی ئابی رابردوودا داعش، پەلاماری شارۆچكەی شنگالی دا و داگیری كرد، ئەمە بەلای (مەسروور بارزانی)، بە كارەساتێكی گەورە بۆ ئامادەبووانی گوتارەكەی شیكرایەوە و، پێیراگەیاندن كە داگیركردنی شنگال، مەترسیدارترین كارەسات بوو. لەگەڵ ئەوەی سوپاسی ئەمەریكا و، ئەورووپای كرد لە پشتیوانی ئاسمانی، هاوكات داوای لێ كردن كە پێویستە زێتر یارمەتیدەرو پشتیوانی هەرێم بن. جارێكی دی، گەڕایەوە سەر داگیركردنی شنگال، پێیراگەیاندن "كاتێك داعش گەیشتە شنگال، كردیە گۆمی خوێن، دراوسێكانی كە چەند نەوە بوو پێكەوە دەژیان لە كوردانی ئێزدی هەڵگەڕانەوە، پیاوەكانیان كوشتن، ئافرەتەكانیان رفاندن، هەزاران كەسیان كردە كۆیلە و، بە عەشیرەتەكان فرۆشران، بە دەیانهەزار كەس لە گەلەكەمان ناچار كران، ئاوارەی چیاكان بن. لە هەتاوێكی تاقەت پڕوكێندا، لەگەڵ بێخۆراكی و بێئاویدا، خەڵكێكی زۆر لەوانە لە چیاكان مردن، لەكاتێكدا داعش لە پێشڕەویی و، سەربڕینی سەدان خێزان لەم پرۆسەیەدا بەردەوام بوو".
(مەسروور بارزانی)، لە گوتارەكەییدا باسیشی لە خۆ رێكخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە دژی داعشی كرد، كە تا سەركەوتن بە سەریان، هەرێم بەردەوام دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر، بەڵام پێشی راگەیاندن كە تیرۆریزم كۆتایی نایەت و جارێكی دی، هۆشداری دایە ئامادەبووان لەبابەت مەترسی تیرۆر و، دەڵێت، "هەر بە تەنیا نابێت كە، توانا سەربازییەكانی داعش، مایەی نیگەرانیی جیهانی ئازاد و ئەم دەستە بەڕێزە بێت، بەڵكو ئەو داهاتە بێوێنەیەی تیرۆریزمیش مایەی نیگەرانییە، كە لە ڕۆژهەڵاتاتی ناوەڕاست و، شوێنی دیكە دەستی دەكەوێ. داعش سنوور ناناسێت، لە هیچ كاتێكیشدا ئەگەر بتوانێ، لە پەلامارداندا دوودڵ، نابێت.
زانیاریشی بە ئامادەبووانی لیژنەكە دا كە، "داعش رۆژانە لە نێوان 3- 6 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت لەبازاڕی رەش و، كەلوپەلی مێژوویی(التحف)، گەنم و جۆ، لە سووریا و عێراق، دەست دەكەوێ. پارە لە پارە بەخشەكان، فدیەو، سەرانە وەردەگرێ. ناوچەیەكی كۆنتڕۆڵ كردووە، كە لە ئوردن گەورەترە.خاوەنی چەكی پێشكەوتووە و، لە چەند بەرەیەك شەڕ دەكات. هەزاران چەكداری بیانی لە سەرانسەری جیهان و، زۆر لەوڵاتانی ئەورووپایش بە مەبەستی پێوەندییكردن بە داعش روو لە رۆژهەڵاتی ناوین دەكەن. ئەم چەكدارەبیانیانە نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان هەڕەشەیەكی ئامادەن، بەلكو بۆ وڵاتانی بنەڕەتی خۆشیان هەڕەشەیەكی چاوەڕوانكراون، بۆیە نابێ هەڕەشە راستەوخۆكانی داعش لە وڵاتانی رۆژئاوا بەكەم وەربگیردرێ، ئێمە پێشتر لە سەرانسەری جیهاندا رێپێوانی پشتیوانیكردنمان لەم گرووپە بینیووە. نابێت ئێمە بە تەنیا ئەم شەڕە بخەینە سەر شانی خۆمان، ئەمە نابێت".

ئەمە دوژمنێكی هاوبەش و بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە
لەبارەی جەنگی دژ بە تیرۆر كە ئەمە تەنیا ئەركی هەرێمی كوردستان نییە و پێویستە هەمووجهان بە هاوبەشی لەگەڵیدا بۆ ئەو جەنگە هاوبش بێت، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) بە لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپای راگەیاند كە، "هەرێمی كوردستان هەر بە تەنیا شەڕی جیهادیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باكووری ئەفریكا ناكات، بەڵكو شەڕی تیرۆریستانی وڵاتانی ئەورووپا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلژیكا و، زۆر وڵاتی دیكەش دەكات كە، بەڵێنی كوشتن و تۆقاندنی ئێمەی بەیەكەوە داوە. وەك ئاماژەدەدات كە، نابێ هۆكاری گفتۆگۆ لەگەڵ كردن بن، ئەوان لەئاشتی، پێكەوەژیان، دیموكراسی یا بنەماكانی دی  كە، ئێمە هەموومان تییاندا هاوبەشین، ناگەن، یا ددانی پێدانانێن. لەبابەت پێشمەگەیش بە ئامادەبووانی راگەیاند كە، ئەمڕۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژ بەرێكخراوێكی تیرۆریستی نێودەوڵەتین، كەبەڵێنی تێكدان و، ئاژاوەیان بۆ سەقاگیرترین بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە." زێتر باسی ئازایەتی پێشمەرگەی كرد و، جەختی كرد كە "پێشمەرگەكانی ئێمە، شەڕی دوژمنێك دەكەن، كە سەرچاوەی دەوڵەتێكی تەواوی (a full-blown state)، لەبەردەستە ."

سێ برا شەهید بوون، چونكە جیهانی ئازاد دەستەوەستانە
(مەسروور بارزانی) گوتی، "لەلایەك پێمان رادەگەیەنرێت، ئێمە لەجیاتی جیهانی ئازاد شەڕ دەكەین، لەلایەكی دیكەوە پێدەچێ جیهان ئامادە نەبێت و، ناخوازێت بۆ تێكشكاندنی داعش و، پاراستنی گەلەكەمان، كەلوپەل و پێویستییەكانمان بۆ دابین بكات. راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، دیمەنێكی جەنگی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە كە، دەرۆژ بەر لەئەمڕۆ، لە25ـی ئۆكتۆبەر سێ برای ئازا بەناوەكانی نەجات، ئەحمەد و مەولود لە شەڕی دژ بەداعش شەهید بوون، رەنگە ئەم ناوانە لەلای ئەم دەستە بەڕێزە ئاشنا نەبن، بەڵام بە تەئكید ئێمە هەرگیز لە یادیان ناكەین. ئەوانە لە ئەنجامی پەلامارێكی خۆكوژ شەهید بوون، لەبەرئەوەی هەر سێ براكە چەكی دروستییان بۆ بڕینی زرێپۆش پێ نەبوو، ئەوان شەهید بوون، چونكە بۆ خۆپاراستن زرێپۆشیان نەبوو. ئەوان شەهید بوون، چونكە جیهانی ئازاد دەستەوەستانە، كاتێك ئەم رووداوانە ئاشكرا دەبن. ئەمانە ئەو هۆكارانەن، كە بۆچی ئێمە لە هێرشەكانی دژ بە داعشدا، پێشمەرگەكانمان لە دەست دەدەین."

هەرێم، لە سێ بەرەوە شەڕ دەكات
لەبابەت شەڕی پێشمەرگە كە هەرێمی كوردستان، لە سێ بەرەوە شەڕە دەكات، (مەسروور بارزانی)، لە گوتارەكەیشدا جەختی كرد كە، "یەكەم شەڕمان دژ بەتیرۆریزمە، لەوانەیە ئەمڕۆ داعش بێت، بەڵام پێشتر لە عێراق ئەلقاعیدە بوو، رژێمی بەعس و حكوومەتە یەك بەدواییەكەكانی عێراق، كەچەكی كیمیاوی دژ بەگەلەكەمان بەكار هێنا  و، زیێتر لە 4 هەزار و، 5 سەت گوندی رووخاند. ئێمە زیاتر لە یەك سەدەیە، شەڕی تیرۆریزم دەكەین، بۆ بەرگریكردن لە خاك و گەلەكەشمان بەردەوام دەبین. شەڕی دووەمان شەڕی دارایی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدایە، بەشێك لە هۆكاری پڕچەكنەكردنی پێشمەرگەكانمان لەهێرشەكانی داعشدا لەبەر ئەوەیە حكوومەتی فیدڕاڵ كەلوپەل، راهێنان و چەكی بۆ پێشمەرگەكانمان دابین نەكردووە، وێڕای پابەندی روونی ئەخلاقی و دەستووری. هەمیشە بە پێشمەرگەكانمان گوتراوە، كە ئەركی ئێوەیە بۆ عێراق شەڕ بكەن و بمرن، بەڵام هەمیشە مافەكانیان فەرامۆش دەكرێ. حكوومەتی فیدڕاڵ لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە نایاسایی بودجە و مووچەی فەرمانبەرە مەدەنییەكانی ئێمەی راگرتووە. پێشمەرگەكانی ئێمە لە شەڕی تیرۆریزمی جیهانی بەردەوامن، بێئەوەی لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە مووچەی پێ درابێت. ئێمە ئەوەی پێمان بكرێ، دەیكەین، بەڵام داهاتە داراییەكانمان سنووردارن. تێچووی ئەم شەڕە بەردەوامە، هاوشان لەگەڵ ئەو 1.5 ئاوارە و IDP یانە، كە مەسیحی و كورد و عەرەب لەخۆ دەگرێ، ئەنجامێكی بە ئازاری خستووەتە سەر توانامان، بۆ چاودێریكردنی ئەو هەموو خەڵكە. میوانداریەكانمان پێشكەش كراون بێئەوەی لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هیچ پارەیەك یا یارمەتیەك دابین كرا بێت.
لە هەمووی گرینگتر، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە گوشارەكانی بۆ سەر وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوامە، كە هاوكاریی مرۆیی، تەقەمەنی، چەكی سووك و مامناوەندمان بۆ دەنێرن كە، دەبێ بۆ پشكنین بچێتە بەغدا و، سەرەنجام بارەكە دوا دەكەوێ. ئەم دواكەوتنە بووەتە هۆی لە دەستدانی ژیانی زۆرێك لەوانەی لە هێڵی پێشەوەن و، بووەتە مەترسییەك بۆ ئەوانەی پێویستیان بە خۆراك و، ئاو و شێلتەرە. شەڕی سێیەمان، شەڕی جیهانی ئازادە، پێشمەرگەكانی ئێمە شەڕێك دەكەن، كە هەرگیز بە AK47s و  RPGs سەركەوتن بە دەست نایەت. ئێمەتا ئێستایش پڕچەك نین، ئێمە تا ئێستاش ئامرازی دروستمان بۆ خۆپاراستن لە دژیIEDs، مین و، خۆكوژەكان نییە. لە رابردوویشدا پێمان گوتراوە، كە نابێ لەبەر بەغدا تۆپی قورس و چەكی پێشكەوتوو بە هەرێمی كوردستان بدرێت. ئەم سیاسەتە هەڵەیە و، دەبێ چاوی پێدا بخشێنرێتەوە".

سەبارەت بە یارمەتیی هەندێك لە لەوڵاتانی ئەورووپاوە گەیشتوون، کە زۆربەیان تەقەمەنی و چەكی سووكن، (مەسروور بارزانی) دەڵێت، "ئێمە ناتوانین بە چەكی سووكەوە پێشبینی شەڕی دوژمنێك بكەین كە، چەكداری لە سەرانسەری جیهان هەیە و، سەدانهەزار دۆلار داهاتییەتی و خاوەنی هەمەری سەربازی و تۆپی قورسە." (مەسروور بارزانی)، سێ خاڵی بۆ ئامادەبووان شیی كردنەوە كە گوزارشتێك بێت بۆ زیاتر بەرچاوروونیان لەسەر هەرێمی كوردستان و رایگەیاند:
"1 - وەك ئەوەی ئێوە باش دەزانن، ئێمە ئارەزوومەندانە ساڵی  2003  دوای رووخانی رژێمی (سەددام حسێن) بڕیارمان دا پێوەندی بە عێراقی نوێوە بكەین.
  2- ئێمە ژمارەیەكی زۆر چەكداری دلێرمان لە كاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لابردنی رژێمی پێشوو، لە دەست دا.
3-  ئێمە ساڵی 2003، هێزەكانی پێشمەرگەمان رەوانەی بەغدا كرد بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، جارێكی دیكە لە 2006-2007 دا، لە كاتی شەڕی ناوخۆدا، بەڵام پێویستە عێراقیش بەرپرسیاریەتیی خۆی پراكتیزە بكات".
دوای شیكردنەوەی ئەم خاڵانە (مەسروور بارزانی) گوتی، "مایەی قبووڵكردن نییە، بەغدا بە هۆی ناكۆكیی سیاسییەوە قوتی خەڵك ببڕێت، هەروەها مایەی قبووڵكردن نییە، بەغدا پێشمەرگە لە بەدەستهێنانی چەكی پێشكەوتوو، بێبەش بكات. داعش تەنیا ئەوكاتە دەتوانرێ كۆتایی پێ بهێنرێت، كاتێك هەموو  لایەنەكان بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و، وڵاتانی دراوسێوە، دان بە پابەندیەكانیان بنێن و بیناسن. ئێمەسوورین لەسەر ئەوەی ناكۆكیەكانمان لەگەڵ بەغدا، بە رێگەی دیموكراسی و ئاشتیەوە چارەسەر بكەین، بەڵام نابێ هەمان ئەو بارە ئارایە status quo بەردەوام بێت."


(مەسروور بارزانی)، لە گوتارەكەیدا شیكاری زێتری لەسەر بارودۆخی ناوچەكە بۆ ئامادەبووان كرد و، رایگەیاند، "ئێمە چەندی نجار سەلماندوومانە، كە كورد بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توخمی بەرپرس و، بنیاتنەری ئاشتی و، پێكەوەژیانە، كۆتایی هێنان بە توندوتیژی و، بێسەروبەری ئاسایش لەعێراق یەكەم و، لەسەرووی هەمووی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە. ئێمە دان بەوەدا دەنێین، كە ناسەقامگیری لەعێراق كاریگەری بەسەر ئاسایشی ئێمەوە دەبێت. تیرۆریزمی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەڵام دانەوەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، هەرێمی كوردستان لەهێلی پێشەوەی شەڕی تیرۆر دایە. ئێستا كاتی هاتووە یەكیەتیی ئەورووپا پراكتیزەی رۆڵی سەركردایەتی خۆی بكات و، كارەكانی خۆی لەگەڵ ئێمەدا زیاتر بكات. ئەركی دەستبەجێی ئێمەروونە، ئەویش پاراستنی دیموكراسی هەرێمی كوردستان و، بەرگریكردنە لە كۆمەڵگە پڕ لەچالاكەكان، بەڵام دەبێ جیهانی ئازاد لەگەڵ ئێمەدا بوەستێت و، یارمەتی ئامانجپێك بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دابین بكات. هاوكات راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، گوتی شانازییە بۆ هەرێمی كوردستان كە، بەرگری لەئازادی و ئەزموونە دیموكراسییە ساواكەمان دەكات، بەپێویستی زانی كە یەكیەتیی ئەوڕووپایش دەست لەنێو دەست لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كار بۆ پێناسكردنی ستراتیژێكی دەستبەجێ بۆ تێكشكاندنی ئەم هەڕەشە تیرۆریستیە بكات، بۆئەوەی لە پایتەختی وڵاتانی ئەورووپا رووبەڕووی نەبنەوە."

چاومان لەوەیە یەكیەتیی ئەورووپا، یارمەتی زیاترمان بدات
لە كۆتایی گوتارەكەیدا (مەسروور بارزانی)، دەڵێت، "ئێمە تەنیا بەرگری لەگەلی كورد ناكەین، بەڵكو بەرگری لە ملیۆنان كەس دەكەین، كە سەر بە ئەتنی و ئایینی دیكەن. هەرێمی كوردستان بووەتە نەوای ئارام بۆ ئەوانەی لەشوێنەكانی دی عێراق و سووریا لەزوڵم وزۆری رایانكردووە، بۆ ملیۆنان خەڵكی دیكەش، بوونەتە پڕشنگی هیوا. بەم دواییە ئێمە پێشمەرگەمان رەوانەی كۆبانی كرد، بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان، كە قارەمانانە بەرگری لە شاری كۆبانێ دەكەن. حكوومەت و دەزگاكانمان، كە ئافرەت و پیاوی سەرجەم كولتوور، ئایین، كۆمەڵگەو ئەتنی جیاواز لەخۆ دەگرێ، ئەمەش ئەزموونێكە چەندین سەدەیە لە مێژووی كورد پراكتیزە دەكرێ و، شتێكە ئێمە لە پشتیوانیكردن و تۆكمەكردنی بەردەوام دەبین. ئەزموونەكەمان لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و، رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ دامەزراوە، ئێمە بۆ سەر ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە نین، لە راستیدا ئێمە دوورگەیەكی ئاشتی و سەقامگیرین لە ناوچەیەكی پڕ لە ئاژاوە و گوماندا. لە كۆتاییدا و لە جیاتی هەرێمی كوردستان دەمەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریی خۆمان بۆ یەكیەتیی ئەورووپا و، وڵاتانی ئەندام لەبەرامبەر بەردەوامیی فریاگوزارییە مرۆییەكان و، یارمەتییەكان بۆ سەدانهەزار كەس لە هەرێمەكەماندا، كە پێویستیان بە خۆراك، ئاو و، شێلتەر هەیە. ئێمە زۆر بە گەشبینییەوە چاومان لە داهاتوو بڕیوە، ئێمە چاومان لەوەیە یەكیەتیی ئەورووپا، یارمەتی زیاترمان بدات".
 

هەواڵی پەیوەندیدار