سەرچاوە: عەبادی نەیگوتووە، بودجە و مووچە بۆ هەرێم نانێرم.. دەبێ کەناڵەکان هەواڵی نادروست بڵاو نەکەنەوە

بەغدا-KDP.info- سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزیری داراییی عێراق(هۆشیار زێباری) و هاوکات بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، ڕەتی دەکەنەوە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی)، لە هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ(زێباری)-دا، باسی نەناردنی بودجە و مووچەی نەکردووە و بابەتی توڕەبوونیش لە ئارادا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە وەزیری داراییی عێراق، بۆ KDP.info بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردنەوە کە باس لە وەها گفتوگۆیەکی نێوان سەرۆکوەزیران و وەزیری داراییی عێراق دەکەن و ڕایشیگەیاند، "پێویستە مێدیاکان لە گوازتنەوەی هەواڵدا ورد بن و هەواڵی ناڕاست بڵاو نەکەنەوە، بەڵکە زانیاریی ڕاست بڵاو بکەنەوە."
کەناڵێکی کوردی بڵاوی کردووەتەوە کە، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، (عەبادی) رەتی کردووەتەوە بودجەی کوردستان بنێرێت. گوایە هەروەها گوتوویەتی: هیچ بەڵێنێکم نەداوە بودجە و مووچە بۆ کوردستان بنێرم و ناشینێرم."
دەربارەی ئەم پرسە، (د. فازڵ نەبی) کە ئێستا لە بەغدایە، بۆ KDP.info رایگەیاند، "یەکەم، ئێمە لە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە گوێمان لێ نەبووە کە بڵێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکەین، هەروەها لە هیچ کەناڵێکی فەرمیی ڕاگەیاندنی عێراقەوە ئەم پرسە باس نەکراوە، دووەم، (د. هۆشیار زێباری) دوو هەفتەیە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووە گەڕ بۆ ئەوەی کە بڕیک بودجە و مووچە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم بکرێ، بۆ ئەو مەبەستەیش چەندان کۆبوونەوەی سا داون بە تایبەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی تا بزانێ دەتوانرێ چ بکرێ و مافەکانی کورد چین،
(د. فازل نەبی) کە پێشتر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بووە، ڕوونی کردەوە، "لە بودجەی 2014 کە هێشتا نەمانناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام وەک بەیانێکی مالی ناردوومانەتە ئەنجوومەنی نوێبەران و کاتێکیش چووینە ئەنجوومەنی نوێنەران، (کاک هۆشیار) جەختی کردەوە کە دەبێ ئیستیحقاقاتی کوردستان داخیل بکرێ، بە کردەنیش لەسەر فەرمانی (کاک هۆشیار) ئەو ئیستیحقاقاتانەی کوردمان بۆ ساڵی 2014 داخیل کردن، لەو بەیانە مالییەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیشمان ناردووە."
(نەبی) جەختیی کردەوە کە "وەزیری دارایی عێراق(هۆشیار زێباری) هەموو هەوڵی خۆی خستووە گەڕ تا لەم هەفتەیەدا بڕێک بودجە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، کە ڕەنگە یەک لە داوزدەی ئیستیحقاقی مانگێک بێ، بۆ ئەم مەبەسەتیش، هەوڵ دەدات ئەو باوەڕە لای ئەنجوومەنی وەزیران پێک بێنێ و بڵی ئەو بڕە پارەیەمان لە بەردەستە و دەتوانین بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرین."
(د. فازڵ نەبی) هاوکات جەختیشی کردەوە، "من بەردەوام و لە هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ (هۆشیار زێباری)-م و ئاگاداری کارەکانی ئەوم و باوەڕم وایە کە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەو بوارەدا سەرکەوتوو بێ."




