بۆچی ئەڵمانیا، چەکی بە پێشمەرگە دا؟

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیمانگای گیگای ئەڵمانیایی بۆ لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین، رایدەگەینێت کە، پێشمەرگە رۆحیەتی بەرگری بەهێزە و چالاکە، بۆیە وڵاتەکەی چەکی بە پێشمەرگە دا، هاوکات توانای سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشـدا بە بێهێز، ناو دەبات.
پێوەندی نێوان، ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، پاشخانێکی مێژوویی هەیە و هەمیشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتەدا، سەردان و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا، پێووەست بە پرسی کورد و رۆژهەڵاتی ناوین، هەبووە. ئەڵمانیا، یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی نێو هاوپەیمانەتیی یەکیەتیی ئەورووپایە، ژمارەی دانیشتوانی 81 ملیۆن کەسە، سیستمی حوکمڕانی (کۆماریی، فیدڕاڵی، پەرلەمانی)ـیە. ژمارەیەکی زۆری کورد، لەو ڵاتە نیشتەجێن و، لە ئاست دیپلۆماسییدا پێوەندیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. کۆنسوڵگەری و نووسینگەی پێوەندیی بازرگانی و پیشەسازیی ئەم وڵاتە، لە هەولێر کراونەتەوە، جگە لە چەندین کۆمپانیای ئەڵمانیایی کە، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چیی بە وڵاتەکەی گوت؟
"گرووپە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، لە دڕندەییدا سنووریان نەهێشتوون. ئەوان هەموو ئەو کەسانە دەکوژن کە دچنە سەر رێگایان، ئەوانەی جیا لەوان بیر دەکەنەوە لە مەملەکەتی ژێر دەستەڵاتی خۆیاندا وەک کۆیلە و، بە سوکایەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئێزدی، مەسیحییەکان و، تا ئەو موسڵمانانایەش کە مل بۆ ئایدیۆلۆژیا توندڕۆییەکەی ئەوان نادەن، دەبێت دەستبەرداری ماڵ و حاڵیان بن و رابکەن، تا بتوانن گیانی خۆیان دەرباز بکەن. بەو سیستمە چەکە مۆدێرنەی دەستیان بەسەردا گرتووە و، ئەو توانا دارایییە گەورەیەی هەیانە، دەوڵەتی ئیسلامی بووەتە مایەی مەترسی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، دەوڵەتی عێراق و ئەو سیستمەی خۆرهەڵاتی ناوین کە خۆی لەخۆیدا لە رێی قەیرانەکانەوە دووچاری ناسەقامگیریی بووەتەوە، بۆیە حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بڕیاری دا، یارمەتیی مرۆیی پێشکەش بە خەڵکی ئاوارەبوو بکات و، بە خۆراک، بەتانی، خێوەت، ئامێری کارەبایی و، هەروا بە چەک و کەلوپەلی سەربازییش یارمەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەمەیش لە ئەڵمانیا بووە مایەی گفتوگۆی چڕوپڕ، تا ئەو شوێنەی هەندێک کەس لەمەدا گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا بە دی بکەن. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (فرانک- ڤالتەر شتاینمایەر)"، وای گووت.
ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، کە لەلایەن کۆنسووڵگەریی ئەڵمانیا لە هەرێم بڵاو کراوەتەوە، وای کرد کە دەوڵەتی ئەڵمانیا، گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەیدا بکات و، چەک بۆ دەرەوەی سنوورەکانی رەوانە بکات. حکوومەتی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی بە پێویستی زانی کۆمەکی هەرێمی کوردستان بکات، کارنامەی دایە پەرلەمانی وڵاتەکەی و لە دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانیشدا، متمانە بە حکوومەت درا، تا یارمەتیی سەربازی و، کۆمەک بگەیەنرێتە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری پەیمانگای گیگا، بۆ لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین، (هینر فورتیگ) لەبارەی هۆکاری پێشکەشکردنی یارمەتیی سەربازیی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، رایگەیاندووە کە، پێشمەرگە بەهێز و چالاکە، سوپای عێراق بەهۆی بوونی مامەڵەی تائیفییەوە، توانای رووبەڕووبونەوەی چەکدارانی داعشی نییە، لە بەرامبەردا پێشمەرگە، رشت و پارێزەرە لە بەرگریکردن و ژمارەیشیان 130 هەزار پێشمەرگەیە. چەکی ئاسمانییان نییە و پشت بە هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا دەبەستێت".
چاودێرانی ئەڵمانیا، بۆچوونیان وایە کە، پێشمەرگە توانای وەستاندنی هێرشی داعشی هەیە. ئەمە تەنیا رێگەچارەیەکە کە بیری لێ بکرێتەوە و، پێشمەرگە پڕچەک بکرێت، پێشمەرگەیش سەلماندی کە بەهێز و چالاکە، لە کاتێکدا، سوپای عێراق لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، شکستیان برد. هاوکات ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە، یارمەتیی زیاتر پێشکەشی هەرێم دەکات و، بەنیازیشە 100 سەربازی شارەزا بۆ راهێنانی پێشمەرگە، رەوانەی هەرێم، بکات و هەندێکیشی ڕەوانە کردوون و لە سەربازگەیەکی بنەسڵاوەی هەولێر بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەکە نوێکانی، ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەکەن. لەبارەی ئەو چەکانەیش ئەوەی تا ئێستا زانراوە، حکوومەتی ئەڵمانیا بە رۆکێتی دژەتانک (میلان)، دۆشکە و چەکی سووک یارمەتیی پێشمەرگەی داوە.
شاو کوردی




