وەزارەتی پێشمەرگە: پرۆسەی ناردنی تەقەمەنی بۆ کۆبانی بەردەوام دەبێت

هەولێر -KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، ئەو ھێزەی پێشمەرگە کە لە ئێستادا لە کۆبانی دژ بە داعش وەستاوەتەوە، بەردەوام پێویستی بە چەک و تەقەمەنی ھەیە، بۆیە ئەو کاروانە تەقەمەنییەی کە ئەمڕۆ رەوانە کراوە، بۆ ھێزی پێشمەرگە بووە و پرۆسەی ناردنی تەقەمەنییش بەردەوام دەبێت.
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە عەمید(ھەڵگورد حیکمەت) بە KDP.INFOی راگەیاند: "لە سەر داوای رۆژئاوای کوردستان، ھێزێکی پشتیوانی بە چەکی قورسەوە چووەتە کۆبانی و ئەو ھێزەیش لە چەند رۆژی رابردوودا، بە هۆی شەڕ و بۆردوومانەکانیانەوە، تەقەمەنیێکی زۆری دژ بە داعش بە کار هێناوە و کاریگەری باشیشی ھەبووە و زیانی زۆریشی بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە و بەردەوامیش پێویستی بە تەقەمەنی ھەیە."
عەمید(ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی، "چونکە ئەو ھێزەی ئێمە بە بەردەوامی لە شەڕدایە، پێویستی بە تەقەمەنی بەردەوامیش ھەیە، ئەو کاروانە تەقەمەنییەی ئەمڕۆیش رەوانە کرا، بۆ ھێزی پێشمەرگە بووە و، پرۆسەی ناردنی تەقەمەنییش بەردەوام دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




