٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووری عوسمان: 30 ئافرەتی ڕفێنراوی ئێزدیمان لە سووریاوە ڕزگار کردوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری پەنابەران لە دهۆک(د. نووری عوسمان) ئاشکرای کرد کە، توانیویانە ژمارەیەک ئافرەت و منداڵی ئێزدی بکڕنەوە و ڕزگاریان بکەن و بۆ ئەو مەبەستەیش، بڕی ملیۆن و نیوێک دۆلاریان خەرج کردووە.

(د، نووری عوسمان) زیاتر گوتی، تا ئێتسا 30 ئافرەتی ئێزدییان لە سووریا ڕزگار کردوون و ئەو بڕە پارەیەیشی کە بۆ ئەو مەبەستە خەرجیان کردووە، ملیۆن و نێوێک دۆلار بووە.
ئەو دەڵێ، "ئێمە ڕاستەوخۆ مامەڵەی کڕینەوە لەگەڵ داعشدا ناکەین و لە خەڵکی دیکە دەیکڕینەوە، کە ڕەنگە ئەوان ڕاستەوخۆ لە داعش بیانکڕنەوە"، گوتیشی "ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە، کڕینەوەیە بە مەبەستی ئازادکردنیان."

ئەو گوتیشی کە تا ئێستا توانیویانە 234 کەس ڕزگار بکەن کە 150یان کچ و ژن و ئەوانی دیکەیش پیاو و منداڵن.
لەو دیمانەیەیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو، کە ئەمشەو پەخش کرا، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەنابەران لە دهۆک، هاوکات گوتی، "سەنتەرێکمان داناوە و پزیشکی پسپۆڕ و تایبەتمەند بە نەخۆشیی ئافرەتانمان هەن، تا ئەو ئافرەتانەی دەیانگێڕینەوە، بپشکێنرێن و چارەسەریی پێویستیان بۆ بکرێ، هەندێکیش لە ڕزگارکراوەکان بەردەوام سەردانی ئەو سەنتەرە دەکەن."
ئەو ڕەتیشی کردەوە کە هیچ زانیارییێک یان لە سەرچاوەیەکی دروستەوە ڕاگەیەنرابێ کە، تیرۆریستانی داعش، بەپێی تەمەن بۆ نرخیان بۆ ئافرەتانی ئێزدی دیاری کردبێ. گوتیشی "ئەوەی ئێمە دەیزانین، تەنیا لە نێوان خۆیاندا گۆڕینەوە و کردنە دیاری هەیە.. بە داخەوە."
(د. نووری) ئاماژەیشی دا، "40 کەسی دیکەمان ڕزگار کردوون لە تەمەنی 12 بەرەو خوارن. ئەوانەیشی ڕزگارمان کردوون، تەنیا ئێزدی بوون و کەس نەهاتووەتە لای ئێمە بڵێ، کەسێکی مەسیحیمان کڕیوەتەوە یان شوێنی دەزانین، تا بتوانین ڕزگاریان بکەین."
پێوەست بە ژمارەی ڕفێنراو، شەهید و ونبووەکان، گوتی "هێشتا ژمارەی شەهید و برینداران بە دروستی نەزانراوە. هاوکات بە دروستی نازانین چەند ون بوون یاخوود شەهید بوون یان چارەنووسی چییە."
گوتیشی "ئەوەیشی کە ئازاد کراون، چیی پێویستییەکیان هەبووبێ ئێمە بۆیانمان دابین کردووە، ئەوەی کە پێویستی بێ ئێمە جیا لە ڕووی تەندروستییەوە، خانوو ماڵیشیان بۆ دابین دەکەین."

زریان زیاد

 

هەواڵی پەیوەندیدار