نێچیرڤان بارزانی: هەرێم چاوی لە داگیركردنی مووسڵ نییە.. ڕەوانەکردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانی کاتییە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس رایگەیاند، کە هێشتا بەغدا هیچ هێزێکی بۆ ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ نەناردووە. هاوکات ڕایگەیاند، ڕەوانەکردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانی کاتییە و بۆ دەستوەردان لە کاروباری ئەوان نییە، بەڵکو بۆ پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان چوون، دژ بە داعش.
سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵیش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کە لەگەڵ بەغدا قسەیان كردووە بۆ ئەوەی هێز بۆ ئازادکردنی مووسڵ بنێردرێت، "بەڵام هێشتا لە رووی كردەییەوە بەغدا هیچ هێزێكی نەناردووە".
(نێچیرڤان بارزانی) دەشڵێت، هەرێمی كوردستان، چاوی لە داگیركردنی مووسڵ نییە و چاویشی لەوە نییە پێشمەرگە بۆ گرتنەوەی ئەو شارە بنێرێت، ڕۆڵی هەرێمی كوردستانیش لە ئازادكردنی مووسڵ یارمەتیدەر دەبێت.
دەربارەی ڕەوانەکردنی هێزی پێشـمەرگەیش بۆ کۆبانی، ڕایگەیاند، "ڕۆڵی ئێمە هاوکاری و پشتیوانیی هێزەکانی کۆبانییە دژ بە داعش، نامانەوێ دەست لە کاروبارەکانیان وەربدەین.. هێزەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ دەمێننەوە."
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2014دا، تیرۆریستانی داعش توانییان شاری مووسڵ و ناوچەگەلێکی دیکەی پارێزگای نەینەوا و دواتر چەندان ناوچەی دیکەی باکووری عێراق و لە باشووریش داگیر بکەن و سوپای عێراقیش، لە هەندێ شوێن بەبێ شەڕ و لە هەندێکیش بە ەبرگریێکی لاوازەوە پاشەکشەی کرد.




