فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە و چالاکوانان: 3 گوند ئازاد کران.. پێشمەرگە، بەری بە پێشڕەویی داعش گرتووە

کۆبانی-KDP.info- دوێنێ شەو و ئەمڕۆ دووشەممەیش، هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆپ و کاتیۆشاکانی بە چڕی مۆڵگەکانی داعشیان لە بەری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژاوای کۆبانی بۆردوومان کرد، هاوکات ڕێی گەییشتنی چەک و پیداویستیی سەربازی لێ بڕیون، کە بوونەتە هۆی پێشڕەویی یەکینەکانی پاراستنی گەل، لەو شارەدا. فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەیش لە کۆبانی ڕایگەیاند، لە ڕێی بۆردوومانی چڕی پێشمەرگە و پێشڕەویی شەڕڤانان و چەکدارانی سوپای ئازاد، زیانی زۆریان لە داعش داوە و گوندی مەزرعەی عەبڕوژ کە 3کم ڕۆژاوای کۆبانی و هەردوو گوندی میناس و عەلبەلووریان ئازاد کردوون.
فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانی، بۆ KDP.info جەختی کردەوە کە، هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورسییەوە شەڕی توندیان دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرپا کردووە کە هاوکار دەبن تا شەڕڤانان و چەکدارانی سوپای ئازاد بتوانن پێشڕەوی بکەن.
زیاتر گوتی، هەماهەنگیی هەر سێ هێز، پێشمەرگە، شەڕڤانان و سوپای ئازاد، دۆخێکی خوڵقاندووە کە شەڕ لە ەبرژەوەندیی ئێمە بێت و پاشکشە و زیانی زۆر بە تیرۆریستانی داعش بگەیەنین.. بە هۆی بۆردوومانی چڕی هێزەکانمانەوە، شەڕڤان و سوپای ئازاد پێشڕەوی دەکەن و توانیویانە گوندی مەزرعەی عەبڕوژ کە دەکەوێتە 3کم باشووری کۆنایەوە ئازاد بکە."
گوتیشی، لە شەوی ڕابردووەوە شەڕ درێژەی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا کەم کەم دەنگی تەقە دەبیسترێت"، زیاتر گوتی، هێزی هاوپەیمانانیش لە هەندێ ناوچەی دەوروبەری کۆبانی بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعشیان کردووە.
لای خۆیەوە جێگری پێوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانی(ئیدریس نەعسان) ڕایگەیاند، لەوەتەی هێزێکی پێشمەرگە هاتوونەتە کۆبانی، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان پێشمەرگە، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزێکی سوپای ئازاددا دروست بووە، کە ڕۆڵ و بەرەکانی شەڕ بە هاوبەشی دابەش کراون، کە لە ڕووی بەکارهێنانی چەکی قورسەوە و بۆ شکاندنی گەمارۆی تۆپخانەکانی داعش، پێشمەرگە ڕۆڵ دەبینی و بەو پشتیوانییەی بوار دەڕەخسێنێ تا لە ڕووی زەوینییەوە هێزەکانی دی باشتر شەڕ و پێشڕەوی بکەن.
گوتیشی، بۆ شەڕی کۆڵانە بە کۆڵانی هێزەکانی پاراستنی گەل، پێشمەرگە ڕێی گەیاندنی چەک و تەقەمەنی لە تیرۆریستان گرتووە و هاوکات، لە ڕێی بۆردوومانی تۆپ و کاتیۆشاکانیەوە کە بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعشی پێ دەکات، زەبری کوشندەی لێ داون و هاەروەها ڕیی گرتووە لەوەی کە، تیرۆریستان نەتوانن پێشڕەوی بکەن و لە بەرانبەردا یەپەگە و یەپەژە لە شار وەدەریان نێن. سوپای ئازادیش لە بەرێکی شەڕەوە بەرەوڕووی داعش بوونەتەوە و بە هاوەنیش بۆردوومانیان دەکەن."
(نەعسان) هەروەها ئەو هەواڵانەی ڕەت کردنەوە، کە باس لە هەبوونی کێشە لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای ئازاددا دەکەن کە گوایە لەسەر چەک و چۆنیەتی دابەشکرنیەتی، کە بە هۆیەوە 290 چەکداری سوپای ئازاد کشابنەتەوە و چووبێتنەوە تورکیا و گوتی، ئەمانە پڕۆپاگندەن لە لایەن دوژمنەوە، هاوکات بۆ شکاندنی ورەی بەرگریکارانە لە کۆبانی.
عماد برهو- زریان زیاد




