وەزیری بەرگریی عێراق: چەکمان پێ بگات بەشی پێشمەرگەیش دەدەین.. دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی عێراق لە ماوەی سەردانەکەی بۆ هەولێر گوتی، "ھەر کاتێک چەکمان بە دەست بگات، بەشی ھێزی پێشمەرگەیش دەدەین و، لاپەرەیەکی نوێیش دەکەینەوە کە سوودی بۆ ھەموو لایەک ھەبێت."
وەزیری بەرگریی عێراق (خالید ئەلعوبەیدی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان وەک وەزارەت بەرنامەیەکیان داناوە بۆ سەردانیکردنی ھەموو ھێزەکان و، سەردانی ئەمڕۆیشیان بۆ ھەرێمی کوردستانیان لەو چووارچێوەیەدا بووە، گوتیشی "ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و ئەوەی بۆ سوپای عێراق بکرێت، بۆ پێشمەرگەیش دەکرێت، چونکە ئەو ئەرکەی لەسەر سوپای عێراقە، لەسەر ھێزی پێشمەرگەش ھەیە."
سەبارەت بە نەدانی چەکی قورس بۆ ھێزی پێشمەرگە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، وەزیری بەرگریی گوتی، "ئەو پرسەمان لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) باس کردووە و لەو بڕوایەدام لێتێگەییشتن لە نێواندا هەیە و ھەرکاتێک چەکمان بە دەست بگات بۆ ھێزی پێشمەرگەیش رەوانەی دەکەین و بەشی ئەوانیش دادەنرێت و پارێزراو دەبێت وەکو شوێنەکانی دیکە."
سەبارەت بە ھەڵوێستی وەزارەتی بەرگرییش لەبارەی ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، (خالید عوبەیدی) رایگەیاند: "ئەمە بابەتێکی سیاسییە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و دەست لەو پرسە وەرنادەین."
لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی ھێزی پێشمەرگەیشەوە (عوبەیدی) گوتی، "ئەوە لە رابردوو بووە، لاپەڕەیەکی نوێ دکەینەوە کە سوودی بۆ ھەموو لایەک هەبێ و گەشبینم لەمبارەیەوە."
بڵند ئیبراھیم




