ھەولێر کۆنگرەیەک لەبارەی گۆڕانکارییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئامێز دەگرێت

ھەولێر-KDP.info- هەلێری پایتەخت، کۆنگرەیەکی سێ ڕۆژە لە ئامێز دەگرێ کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەخرێنە بەر باس. لەو کۆنگرەیەدا کە سبەی سێشەممە یەکەم ڕۆژی سازدانی دەبێ، بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها کۆمەڵێک توێژەر بەشداری تێدا دەکەن.
یەکێک لە توێژەرە سەرەکییەکانی سەنتەری توێژینەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست(سام مۆریس) بە kdp.infoی راگەیاند: "بڕیارە سبەی سەعات چواری ئێوارە لە ئۆتێل رۆتانا لە شاری ھەولێر کۆنگرەیەک ساز بکرێت لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانەی ڕووی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و سبەی یەکەم رۆژە و تێیدا دوو بابەت باس دەکرێن کە زیاتر پەیوەندی بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمەوە ھەیە."
(سام موریس) گوتیشی، لە رۆژی دووەم و سێیەمی کۆنگرەکە ھەندێک بابەت دانراوە کە باسی لێ دەکرێت، بەڵام بە ھۆی بۆنەی عاشورا داوەتکردنی ژمارەیەکی زۆری بەرپرسەکان، رەنگە ھەندێک گۆڕانکاری لە بەرنامەی کۆنگرەکە بکرێت، بۆیە ناتوانین باسی بەرنامەکە بکەین ئێستا.
زیاتر گوتی، مەبەست لە کۆنگرەیە زیاتر بۆ ئەوەیە کە ئەو کێشانەی ڕووی کردۆتە رۆژھەڵاتی ناوەراست کە چۆن چارە بکرێن، چونکە رۆژھەڵاتی ناوەراست لە بەردەم گۆرانکاریدایە، بۆیە باس لە رۆڵی ئەمەریکا، تورکیا و ئێران دەکرێت لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوچەکە و ھەروەھا چۆنیەتیی گەڕانەوەی سوننەکان بۆ نێو دەستەڵاتی سیاسی لە عێراق و کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا و چۆنیەتیی چارەکردنی ئەمە و چەندین پرسی دیکە باس دەکرێن، بە شێوازێک گرووپ گرووپ چەند کەسێک پێکەوە دادەنیشن و باسی کێشەکان دەکەن .
ئەو بەرپرسانەی لە کۆنگرەیە بانگھێشت کراون ھەریەکە لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و ھەندێ توێژەری دەرەوە و بەرسانی کۆبانی و تورکیا و وەزیرانی ھەرێم و بەغدا و پەرلەمانتاران داوەت کراون و، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتەی خۆی دەبێت لەو کۆنگرەیە.
بڵند ئیبراھیم




