فەرماندەی هێزەکانی پ م لە کۆبانی: شەڕی سەخت بەرپا بووە.. زیانی زۆرمان لە داعش داوە

مووسڵ-KDP.INFO- فەرماندەی هێزی پێشەمەرگە لە کۆبانی ڕایگەیاند، لە دوێنێ یەکشەممەوە شەڕی سەخت لە بەرەکانی جەنگ لە شاری کۆبانی بەرپا بووە و هێشتایش بەردەوامە. (لیوا عەبدولقەهار مەجید حاجی) گوتیشی، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، بە توندی بەرپەرچی تیرۆریستانیان داوەتەوە و تایبەت بە هۆی بۆردوومانی تۆپ و چەکە قورسەکانیانەوە، زیانی زۆریان لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە داوە.
فەرماندەی ئەو هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی، لە پیوەندییەکی تەلەفۆنیدا و لە کاتی شەڕیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا بەKDP.INFO ـى ڕاگەیاند: "لە ئێستادا لە شەڕداین لەگەڵ دوژمن، دیارە کە لە دوێنێوە شەڕی سەخت لە نێوان هێزی هاوبەشی ئێمە(پێـشمەرگە، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزێکی سوپای ئازاد) لە کۆبانی، بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش بەرپا بووە و بە هەموو جۆرە چەکێکیش لە شەڕداین."
دەربارەی دۆخی بەرگریکردن لەو شارە و ورەی هێزەکانیان،(لیوا عەبدولقەهار مەجید حاجی)، گوتی، "ورەمان زۆر بەرز و هەماهەنگیمان زۆر باشە، لە ماوەی شەڕیشدا زیانی زۆرمان لە داعش داوە، بەڵام چونکە هێشتا هەر لە دۆخی شەڕداین، ژمارەی دروستمان لە کوژراو و بریندارنی تیرۆریستان بەر دەست نییە."
22-ی مانگی ڕابرد، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کاوردستان، هێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بە چەکی قورسەوە، بۆ بەرگریکردن لە کۆبانیی ڕۆژاوای کوردستان، لە ڕێی باکووری کوردستانەوە، چوونە شاری کۆبانی. کە زیاتر لە 40 ڕۆژە لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعشەوە گەمارۆ دراوە.




