بەشداریی پێشمەرگە، کۆبانیی لە بەرگرییەوە بردە دۆخی هێرشبردن.. ئیدریس نەعسان: شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە کۆبانی بەرپا بوو

کۆبانی-KDP.info- جێگری سەرۆکی دەستەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانی(ئیدریس نەعسان) دەڵێ، ئەمڕۆ یەکشەممە، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان هێزی هاوبەشی پێـشەرگە و شەڕڤانان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا لە بەری ڕۆژهەڵات و باشووری شاری کۆبانیدا بەرپا بوو و زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە.
(ئیدریس نەعسان) بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "بەرگریکارانی کۆبانی، پاش هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە، بەرگریێکی سەختتر، هاوکات پێشرەوی دەکەن لەو شوێنانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەردا گرتوون، بەوەی کە، هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکە قورسەکانیان دەرفەت بۆ شەڕڤانان دەرخەسێنن تا پێشڕەوی بکەن و تیرۆریستانی داعش تێک بشکێنن و زەبری کوشندەیان لێ بوەشێنن."
(نەعسان) ئاماژەیشی دا، "هاوشانی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، هێزی پێشمەرگە لە شەڕی شەوی ڕابردوودا ئامادەیی هەبووە و بە تۆپ چەکو قورسەکانی کە لەگەڵ خۆیاندا هێناویانە، بەشداریێکی کارایان لە بەرگرتن لە پێشڕەویی داعشدا کردووە بۆ سەر شارەکە."
فەرماندەی ئەو هێزەی پێشمەرگە کە ئێستا لە کۆبانییە، لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، شەوی ڕابرد بە KDP.infoی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بە توندی بەرپەرچی هێرشێکی تیرۆریستانیان لە بەری ڕۆژئاوای کۆبانی داوەتەوە و زەبری کوشندەیان لێ وەشاندوون"، زیاتر گوتی، "داعش سێ ڕۆژە لە بەری ڕۆژاوای کۆبانیوە هێرش دەکات و مەبەستیەتی ڕێگای سەرەکی کەرکی و کۆبانی، کە 450 تا 500 لەو ڕێگایەوە دوورە داگیر بکات، کە مەبەستیان بووە پێشمەرگە لێیەوە نەتوانێ داخیلی کۆبانی ببێ، بەڵام شکست دەبات، هێرشەکەی ئەمڕۆیشیان هەر بۆ هەمان مەبەست بوو، بەڵام بە چەکی قورس بەرەوڕوویان بووینەوە و شکستمان پێ بردن، بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بۆ هێزەکانمان بەدواوە بێ."




