سەرۆکوەزیرانی کوردستان پەیامی دەبێت.. ناساندنی قەڵای هەولێر بە فەرمی رادەگەیەنرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بە فەرمی مەڕاسیمی قەڵای هەولێر ساز دەکرێت کە، لەلایەن یونسکۆـوە ددانی پێدا نراوە.
لە مەڕاسیمەکە کە بڕیار وایە سەعات 3ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ساز بدرێت، سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) پەیامێکی دەبێت و، هاوکات نوێنەری یونسکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، ئامادەی مەڕاسیمەکە دەبن. ئەمساڵ، لیژنەی کەلەپووری جیهانی سەر بە رێکخراوی یونسکۆ، قەڵای هەولێری وەک شوێنەوارێکی گەشتیاریی جیهانی ناساند و، خستییە نێو فەرهەنگ و کولتوورە جیهانییەکانەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 35 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کردووە.
پاشخان
قەڵای هەولێر، تەپۆلکەیەکی بازنەیی رووتەختە، رووبەری ( 102 هەزارو 190) م2 ـیەو ناوەڕاستی شاری هەولێر داگیر دەکات، 415م لە ئاستی رووی دەریا بەرزترە و بە بەرەنجامی 26م و 25سم لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەزرترە کە لە بەرزترین شوێنەوە دەگاتە نزیکەی 30م.
لە ساڵی 2005 لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە بە یەکێک لە گرینگترین 100 شوێنەواری جیهان دەستنیشان کراوە کە، پێویستە وەک کولتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێ بکرێت. لە مانگی شەشی ئەمساڵیش، لیژنەی کەلەپووری جیهانی سەر بە رێکخراوی یونسکۆ، قەڵای هەولێری وەک شوێنەوارێکی گەشتیاریی جیهانی ناساند و، خستییە نێو فەرهەنگ و کولتوورە جیهانییەکانەوە. تەمەنی قەڵای هەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لە سەروبەندی ساڵی 2000 پ.ز لە نووسراوەکانی پادشای سۆمەری(شۆلکی) بە ناوی(ئوربیلیم- urbilum ) هاتووە.




