٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌حموود محه‌ممه‌د: بۆ هەموارکردنی ڕێککەوتنی نێوانمان، چاوەڕوانی یەکێتین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مه‌حموود محه‌ممه‌د) دەڵێت، پارتى و یەکێتى خەریکى پرۆژەى پێشنیازکراوى خۆیانن بۆ چۆنیەتیى هەموارکردنى ئەو ڕێککەوتنەى کە لە نێوانیاندا هەیە. دەشڵێت، "ئێمە وەک پارتى دیت و پێشنیازەکانى خۆمان بۆ چۆنیەتیى هەموارکردنەوەکە ئامادە کردووە و چاوەڕوانى یەکێتین."

ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مه‌حموود محه‌ممه‌د)، کە هاوکات به‌رپرسی ده‌ستگاى رۆشنبیرى و راگه‌یاندنی پارتیى دیموکراتى کوردستانە، بە KDP.info راگەیاند: "لە دواکۆبوونەوەماندا لەگەڵ مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان ئەو بڕیارانەى کە دران ئەوە بوو هەردوولا پرۆژەى پێشنیازکراوى خۆمان بۆ چۆنیەتیی هەموارکردنى ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوانماندا هەیە ئامادە بکەین، دواى ئەوە گفتوگۆى لەسەر بکرێت."
پێوەست بە ئامادەکردنی دید و پێشنیازەکانى پارتی و یەکێتى لەسەر هەموارکردنی ڕێککەوتنەکە، (مەحموود محەممەد ) گوتى: "هەردوولا خەریکى ئامادەکرنى ئەو بابەتەن، ئێمە وەک پارتیى دیموکراتى کوردستان دید و پێشنیازەکانى خۆمان بۆ چۆنیەتیى هەموارکردنەکە ئامادە کردووە و چاوەڕوانى ئەوەین کە برادەرانی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانیان تەواو بن، چونکە ئەوان پێویستیان بەوە هەبوو کە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى بکەن، دواى ئەوە بڕیار بدەن کە چۆن لەگەڵ هەموو بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەدا بن کە لەنێوان پارتیى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستاندا هەیە."
سەبارەت بە بەرگرتن بە پێشێلکاریی میدیایی و لێدوانە جیاکانیش، به‌رپرسی ده‌ستگاى رۆشنبیرى و راگه‌یاندنی پارتیى دیموکراتى کوردستان ئاماژەی دا: " ئەو خروقاتانەى لە مێدیاکاندا دەکرێن و باسکردنیان، کە بە راستى هیچ خزمەتێک بە پرۆسەى پێشووەچوونى زیاتر لە هێنانەدی تەبایى لە کوردستاندا ناکات و، دەبێت ئەمە کۆتایی بێت و، بۆ یەکگوتاریى هەوڵ بدەین، چونکە یەکێک لە خاڵەکانى نێو کۆبوونەوەکانى هەردوو مەکتەبى سیاسىدا، باس لەوە کراوە کە هەردوو لامان بۆ یەکگوتاریمان ڕێک بخەینەوە، کە پێوەستن بە پرسە گرینگەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و، ئەو مەسەلە گرینگانەى پەیوەندییان بە پرسی نەتەوەیى و نیشتمانی و خەڵکى کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەو بابەتانەى کە بڵاو دەکرێنەوە، کارى خراپن و هیواخوازین کۆنترۆڵ بکرێن، بە شێوەیەک لە خزمەتى بەرەوپێشچوونى پرۆسەى لێکنزیکبوونەوە و درووستکردنى دۆخێکی لەبار بێت بۆ ناو ماڵى کوردستانى."
پێوەست بە شۆڕبوونەوەى رێککەوتنەکەى مەکتەبى سیاسیى پارتی و یەکێتى ئۆرگانەکانی خوارەوەی هەردوو حیزب (مەحمموود محەممەد) گوتى: "ئەوەى لە دواکۆبوونەوەدا بۆ ئەم مەبەستە بریارى لەسەر درا، ئەوە بوو لە کۆبوونەوەى داهاتوودا کە لەبارەی چۆنیەتیی رێککەوتن لەسەر ڕێککەوتنەکە کۆک بوون، ئەو کاتە لایەنەکان ئاگادار دەکرێنەوە، چونکە یەکێک لە خاڵەکانى کە دەبێت ئەنجام بدرێت پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشە بۆ سەرپەرشتیکردنى چۆنیەتیى جێبەجێکردنى ئەو رێککەوتنە، هەروەها ئەمە شۆڕ بکرێتەوە بۆ لق و مەڵبەندەکان و لە وێشەوە بۆ قاعیدەی هەردوو حیزب کە پێیەوە پابەند بن، بەڵام هێشتا ئەم رێککەوتنەى دوایى ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەوەى ئەم پرسە نووسراوى پێ بکرێت بۆ لق و مەڵبەندەکان."
دەربارەی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتى و یەکێتىیش (مەحموود محەممەد ) گوتى: "ئێمە لە پارتیى دیموکراتى کوردستان چاوەڕوانى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستانین."
ڕۆژی 12-10-2014 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستان كۆ بوونەوە‌ کە بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی پارتی(نێچیرڤان بارزانی) و بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی  (مەلابەختیار) بوو. هەردوو لا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، كە باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حیزب ‌و كێشەكانی هەولێر و بەغدا كردووە.
هاوکات ڕایانگەیاند کە، بڕیار دراوە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا پێك بهێنرێت، لیژنەكەی پارتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرپەرشتی دەكات و لە لایەنی یەكێتییش (مەلابەختیار) سەرپەرشتی دەكات.

بەکر ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار