٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

توێژەرێکی تورک، پێشبینی دروستبوونی کۆماری کوردستان دەکات.. (مووسا کاڤال): بیرۆکەی کۆنفیدڕاڵیی تورکیا و کوردستان، لە گەشەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  توێژەرێکی تورکیا، پێشبینی دروستبوونی کۆماری کوردستان لە هەولێر دەکات و، پێشنیازێک بۆ وڵاتەکەی دەخاتە ڕوو کە، پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بکات، دواتریش کۆنفدڕاڵی لە نێوان کۆماری تورکیا و کۆماری کوردستان، واژۆ بکرێت، هاوکات پسپۆڕی پێوەندیی نێودەوڵەتی و شارەزای کاروباری تورکیا، (د.مووسا کاڤال)، رایدەگەیەنێت لە ئەگەری دروستبوونی کۆنفیدڕاڵی لە نێوان کوردستان و تورکیا، یەکیەتیی ئەورووپا قبووڵیەتی و، چونکە کۆنفیدراڵییەکە لە بەرژەوەندیی تورکیا، کوردستان و ئەورووپادایە.

بۆچی تورکیا گرێدراوی رووداوەکانە؟
سوریا و عێراق، دوو گۆشەی گەرمی پڕ لە رووداوی سیاسیی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوینن. لە سووریادا بە هۆی جەنگی خوێناوی، 4 ملیۆن هاووڵاتی، روویان لە لوبنان کردووە، 1 ملیۆن و 600 هەزار لە تورکیا، 1 ملیۆنی دی، لە عێراق، 600 هەزار لە سعوودیە، 45 هەزاریش لە ئەڵمانیا، ئاوارەن.  عێراق، هەمان شێوەی سووریای هەیە، نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارەی عێراق، لە هەرێمی کوردستان هەن و، مووسڵ، ئەنبار، تکریت و، چەند ناوچەیەکی دی، لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان. تورکیا، بە هۆی هاوبەشیی سنووری لە گەڵ سووریا و عێراق، کە بە درێژایی 1200 کیلۆمەترە، لینکێکی پێوەنداری عێراق و سووریایە، هەر گۆڕانکارییەکیش تییاندا رەنگدانەوەی بەسەر تورکیاوە دەبێت. هەڵبەت لە سووریا، کورد نفوزی سیاسی هەیە و لە ئێستایشدا کانتۆنی خۆبەڕێوەبەری هەن و، لە داهاتوویشدا بەهۆی رێککەوتنامەی دهۆک، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی و ئەنجوونی رۆژئاوا، بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی هاوبەشی کوردی لە رۆژئاوای کوردستانـدا هاوڕان.
لە عێراق، هەرێمی کوردستان، بۆ دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین ناوەندی بڕیارە و، لە تورکیایش، پارتییە سیاسییەکانی کورد بەشداریی سیاسییان لە شارەوانییەکان و، پەرلەمانی تورکیادا هەیە. دۆزی کورد، وایکردووە هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، تورکیا بگرێتەوە. لە ئێستایشدا کە، هەرێمی کوردستان، دۆزی کوردی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆ چارەی بنەڕەتیی ئەو مافانەی بە درێژایی سەدەیەک لە نەتەوەی کورد زەوت کراون و، پێی نەدراون، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، کۆماری کوردستان، تابلۆکەی کێشراوە و، تەنیا ماوە سنوورەکەی نەخش بکرێت. لە سەر ئاستی رای گشتیی نێودەوڵەتیشدا دەگوترێت، سووریا و عێراق، پێویستە رێک بخرێنەوە، بەڵام پارسەنگی هێز گۆڕاوە و لە ئێستادا نە سووریا، وەک جاران خاوەنی پێگەی خۆیەتی و نە عێراق، چونکە هاوکێشە سیاسییەکە گۆڕاوە و، پێویستی بە دارشتنەوەی سنوور، خاک و دابەشکردنی ئیتنی و پێکهاتەکان هەیە کە، بە شێوەی دیموکراسییانە چارەی کێشەکان بکرێت، بۆیە کۆی گشتیی رووداوەکان، کاریگەرییان بەسەر تورکیاوە هەیە.

پێویستە تورکیا چی بکات؟
توێژەری  رۆژنامەی ستاری تورکیا (یاغمور ئەتسیز)، پێنجشەممەی رابردوو نووسیویەتی، "دوای ئەوەی عێراق و سووریا، دووجاری رووخان و قەیران بونەتەوە، لەلایەن رۆژئاواوە سیناریۆیەک بۆ دووبارە وێناکردنی ئەم دوو دەوڵەتە کێشراوە و، دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکەـدا لەدایک دەبێت کە، پێی دەگوترێت، دەوڵەتی کوردستان. ئەم دەوڵەتە بە ناو، بوونی هەیە و، تەنیا ماوەتەوە جەستەی بۆ دابنرێت. لە کۆی گشتیی ناوچەکەدا (تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران) زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کورد لە تورکیادا هەن، کە نزیکەی 20 ملیۆن کورد دەبێت."
(یاغمور ئەتسیز)، دەشڵێت، ئەگەر تورکیا چارەیێکی ژیرانە بۆ ئەم پرسە نەدۆزێتەوە، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا، بەشێک لە خاکەکەی لە دەست دەدات کە کوردنشینە، چونکە کوردەکان لە تورکیا، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، داوای گەڕانەوەی خاکەکەیان بۆ سەر دەوڵەتی کوردستان دەکەن و، لە داهاتوودا پرسەکە بەرەوڕووی تورکیا دەبێتەوە. (یاغمور ئەتسیز)، چارەیێک بۆ تورکیا پێشنیاز دەکات و رایدەگەیەنێت، تورکیا بەبێ خوێنڕشتن و، بە ئاشتیانە دەتوانێ چارەی ئەم پرسە بکات، پاڵپشتی لە دروستبوونی کۆماری کوردستان (دەوڵەتی کوردی) بکات و، بەرنامەرێژی بکات بۆ ئەوەی کۆماری تورکیا و کۆماری کوردستان کە لە داهاتوودا دروست دەبێت، کۆنفیدڕاڵی واژۆ بکەن.

کۆنفیدڕاڵییەکە بە چ شێوەیەک بێت؟
پێکهاتەی کۆنفیدڕاڵییەکە لە دیتی (یاغمور ئەتسیز)، بە شێوەیەکە کە، "تورکیا پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکات، تا ببێتە دەوڵەت و خاکەکەی، تا رۆژئاوای کوردستان درێژ بکرێتەوە و، دواتر تورکیا، پارێزگا کوردنشینەکانی بخاتە سەر دەوڵەتی کوردستان. پایتەختی ئەم دەوڵەتە، هەولێر بێت و، ناوی لێ بنرێت کۆماری کوردستان. هەروەها ئانکارایش کە پایتەختی تورکیایە، بە پایتەختی کۆماری تورکیا، بهێڵدرێتەوە و، ئیستانبووڵ، بکرێتە پایتەختی کۆنفیدڕاڵیی نێوان کۆماری تورکیا و کۆماری کوردستان. ئەمە رێگەیەکی ئەقڵانییە بۆ تورکیا کە، لە چەند ساڵی داهاتوودا کاری بۆ بکات، چونکە بەم شێوەیە بەرژەوەندی بۆ کورد و تورکیا دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناویندا."
  پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شارەزا لە کاروباری تورکیا (د.مووسا کاڤال) بە-kdp.info-ی راگەیاند، کە پرسی کۆنفیدڕاڵی کوردستان و تورکیا، بیرۆکەیەکی لەمێژینەیە و، لە سەردەمی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993) سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو) تاوتوو کرابوو، ئەمڕۆیش لە جیۆگرافیای رۆژهەڵاتی ناوین، رۆژ دوای رۆژ ئەو بیرۆکەیە گەشە دەکات، چونکە کۆنفیدراسیۆنێک لە ئێستای نێوان تورکیا و هەرێم هەیە و، کۆنفیدڕاڵی بۆ کورد و تورکیایش، لە بەرژەوەندیی هەردوو لادا دەبێت و دەشڵێت، "ئەگەر بگەڕێینەوە مێژوو دوای رێککەوتنامەی عوسمانییەکان ساڵی 1514 کە ئێستا 500 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنامەیەدا تێپەڕیوە، بەپێی رێککەوتنەکە کۆنفیدراسیۆنێک لە نێوان میرنشییەکانی کوردستان و تورکیای عوسمانی، دروست ببوو، دەوڵەتی عوسمانی 250 ساڵ هەوڵی دا لە میزۆپۆتامیا لە رۆژهەڵاتی ناوین نفوزی هەبێت، بۆی نەدەکرا، بەڵام بە هۆی رێککەوتننامەکەی 1514 کە کورد هاوکار بوو، تورکیا لە ماوەی دوو ساڵدا، زۆر ناوچەی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ناویندا گرتن. لە ئێستادا تورکیا بیر لەوە دەکاتەوە کە رێککەوتنی نێوان تورکیا و کورد نوێ ببێتەوە و پاڵپشتیی کوردیش دەکات، تا ببێتە دەوڵەتێکی فیدڕاڵ".
(د.مووسا کاڤال)، جەختی کردەوە کە، لە تورکیادا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کۆنفیدڕاڵی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، کە سەرەتا کورد ببێتە دەوڵەت و  پایتەختی دەوڵەتی کوردی هەولێر بێت و، ئانکارایش هیی دەوڵەتی تورکیا بێت، هاوکات ئیستانبووڵ، پایتەختی کۆنفیدڕاڵیی دەوڵەتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا بێت. (کاڤال) روونی کردەوە کە لە بابەت هەڵبژاردنی ئیستانبوول، بە پایتەختی کۆنفیدڕاڵی، هۆکارەکەی ئەوەیە کە، ئیستانبووڵ دەکەوێتە جیۆگرفیای ئەورووپاوە، هەر دەوڵەتێکیش پایتەختەکەی سنووری جیۆگرافیای ئەورووپا بێت، بۆی هەیە ببێتە ئەندام لە یەکیەتیی ئەورووپادا، بەو مەرجەی لەگەڵ پێرۆی یەکیەتییەکە بگونجێت، کە چەندین ساڵە تورکیا خەونی پێوە دەبینێ. دروستبوونی کۆنفیدراڵییەک لە نێوان تورکیا و کوردستانیشدا، بە باوەڕی (کاڤال)، یەکیەتیی ئەورووپا قبووڵی دەکات، چونکە ئەورووپا پێویستی بە نەوت و گاز هەیە و، ئەوکات بە هۆی نەوت و گازی کوردستانەوە، لە رێگەی تورکیاوە دەگاتە ئەورووپا و چیتر ئەورووپایش بۆ بواری گاز، پێویستی بە رووسیا نامێنێت.

هاوکات گۆڤاری ئابووریی بەریتانیا، پێشبینی دەکات کە، کۆنفیدڕاڵی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا، بێتە ئاراوە و گۆڤارەکە دەنووسێت، تورکیا لە بابەت نەوت و گاز، پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات و، کۆنفدڕاڵییەکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا هاتووەتە ئاراوە و، ئاماژەی داوە، کە کۆمپانیاکانی تورکیا لە بواری وەبەرهێنان کار لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن و، پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە ئاستێکی زۆر باشدایە. لە ماڵپەڕی کیتابات، توێژینەوەیەک دەربارەی کۆنفیدڕاڵیی کورد نووسراوە و تیایدا ئاماژە دراوە کە، پرسی کۆنفیدڕاڵی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بوونی هەیە و دوو ئەگەری خستوونەتە ڕوو، کە لە داهاتوودا کورد، کۆنفیدڕاڵی لەگەڵ تورکیایە دەکات، یاخوود لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپا؟. مالپەڕی کیتابات، پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی شیی کردووەتەوە کە لە بواری وەبەرهێنان و چوونەپێشەوەی پرسی کورد لە نێوخۆی تورکیا و، پێوەندیی بەهێزی هەرێم، لەگەڵ تورکیای بە ئاماژەیەکی پێشوەختە لێک داوەتەوە کە ئاراستەکە بەرەو کۆنفیدڕاڵی ئەگەرێکی کراوەیە، هاوکات تەوەرێکی دیکەی ورژاندووە کە لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعشدا بۆ عێراق و، جەنگی کورد لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەمەریکاو وڵاتانی ئەورووپایی، بایەخ بە هەرێمی کوردستان دەدەن، رەنگە کۆنفیدڕاڵی کورد لە داهاتوودا لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپا بێت. چاودێرانی سیاسییش، بە رەوای دەزانن کە، کورد مافی خۆیەتی وەک قەوارەیەکی کۆنفیدراڵی لەگەڵ بەغدادا مامەڵە بکات و، رەنگە لە داهاتوودا ئەگەرێکی دیکەی کراوە بێت. لە ئێستایشدا جیهان بە گەورەتر لە هەرێمێک، لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێ و، بۆیە زۆربەی چاودێرانی سیاسی، پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان بەرەو کۆنفدڕاڵی هەنگاو بنێت.

پاشخان
هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ددانی پێنراوە و، سەرۆکایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆنفدڕاڵی، یەکیەتییەکە لە نێوان دوو دەوڵەت، یان زێتر کە، دوای واژۆکردنی رێککەوتنێک، چەند بنچینەیەکی هاوبەش دادەڕێژرێن، هەریەک لەو دەوڵەتانەی یەکیەتییەکە سەربەخۆیی خۆیان دەپارێزن، بەڵام  لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ئابووری، سیاسی، جەنگ و بوارەکانی دی و، بە یەکەوە کار دەکەن و، بە هاوبەشی لە چەند پرسێکی هەستیار بڕیار دەدرێت.
هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بچێتە قۆناخی کۆنفدڕاڵییەوە پێویستی بە ئەنجامدانی راپرسی دەبێت کە، سەرەتا گەلی کورد داوای سەربەخۆیی خۆی بکات و، دوای ئەمە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددانی پێدا بنێت.
بۆ چوونە نێو کۆنفدڕاڵی، دەرگاکان بە کراوەیی بە رووی کورددا کراوەتەوە، کە کار بۆ کامە کۆنفدڕاڵی دەکات، لەگەڵ تورکیا، عێراق، یەکیەتیی ئەورووپا و، هەر وڵاتێکی دی، یان لە چوارچێوەی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا کار دەکات، ئەمەیش هێزی پێگەی کورد پێشان دەدات کە، دەرگای هەموو ئەگەرێک بە روویدا کراوەتەوە.
هەنگاوی باش لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا نراوە، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا و، هاوکات نەوت و گازی هەرێم، بە رێگەی تورکیاوە بە بەندەرکانی جیهان دەگات و، لە رووی وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای تورکیای لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

شاو کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار