رۆمیۆ هەکاری: هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین.. داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگەیە 500 کریستیان بخاتە ریزەکانییەوە

هەولێر-KDP.info- سکرتێرى پارتیى بێت نەهێرێن (رۆمیۆ هەکاری) رایدەگەیەنێت کە، هەڵوێستی (سەرۆک بارزانی) رۆڵێکی جوامێرانە بووە بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان و بەرز دەینرخێنن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، 500 کریستیان بخاتە ریزەکانیەوە، تا هاوشانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعشدا، بجەنگن.
سوپای عێراق دەشتی نەینەوای رادستی تیرۆریستان کرد
بەرپرسى پارتیى بێت نەهێرێن (ڕۆمیۆ هەکارى) بۆ KDP.info راگەیاند: "پێش داگیرکردنی مووسڵ، لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، لە 10ى حوزەیران، پێمان وابوو دەبێت سوپاى عێراق بە شێوەیەکى نیشتیمانیانە بنیات بنرێت، نەک وەک ئەوەى ئێستا کە ڕەنگى مەزهەبى پێوە دیارە، چونکە لە شارى مووسڵ، (دووەم گەورەشاری عێراق)، 60 هەزار سەربازی سوپاى عێراق، هەواڵگرى و یەکەکانی دیکەی سوپا، بوونیان هەبوو، کە چەقی قورسیان پێ بوو، بەڵام نەیانتوانی بۆ 46 خولەک بەرگرى لەو شارە بکەن و، شارەکەیان رادەستی تیرۆریستانی داعش کرد و، دواتر بە هۆی لاوازیی سوپاوە، دەشتی نەینەوا کە ڕیژەیەکی زۆری کریستیاننشینە، رادەستی تیرۆریستان کرا و بەو هۆیەوە، 170 هەزار خێزانى کریستیان لە دەشتی نەینەوا و مووسڵ، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون". ئەم پێوەرە (رۆمیۆ هەکاری) دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە بڵێت، "لە داڕشتنی سوپای عێراقدا پێویست بوو بیر لە نەتەوە جیاوازەکان بکرێتەوە و، بە جیددى کاریان بۆ بکرێت، نەک بە شێوەى پشک و، بەشداریکردنى ڕەمزى، چونکە ئێمە دژى بەش بەشین".
500 کریستیانمان ناونووس کردووە
(هەکاری)، داوای کریستیانەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز دەکاتەوە و دەڵێت: "لە ناوچەکانى دەشتى نەینەوا، خەڵکی ئێمە هەن، دەبێت گەنجەکانمان رۆڵیان لە ڕزگارکردنى ناوچەکەیاندا هەبێت کە ئێستا لە دەست داعشە، کاتى خۆی گوتمان، دەبێت نوێنەرى نەتەوەکان هێزى چەکداریان بۆ دروست بکرێت و لە ڕێگاى وەزارەتى پێشمەرگەوە ڕێک بخرێت.
(هەکاری)، زێتر ئاماژەیدا کە، وەک ( پارتیی بێت نەهرێن) "زیاتر لە مانگێکە داواکاریمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز کردووەتەوە، کە لە کاروانى یەکەمدا 500 چەکدارى خۆمان وەک خۆبەخش لە کلدان ئاشوور ناونووس کردووە و، داومانەتە وەزارەتى پێشمەرگە، تا وەزارەت ڕێوشوێنى تایبەت بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی رابهێنرێن و لەگەڵ براپێشمەرگەکانى دیکەى کوردستان ڕووبەڕووى داعش ببنەوە".
هەکاری بۆچوونی وایە بە رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە، گرینگە کە ژمارەیەک کریستیان لە دەشتی نەینەواـدا لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری لە ناوچەکەدا هەبن و، لە دژی تیرۆریستانی داعش، هاوشانی پێشمەرگە بجەنگن، ئەمەیش دەبێتە هۆکارێک بۆ کپکردنی دەنگۆیەک ئەگەر پێی وا بووبێت لە کشانەوەی پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا، کەموکورتی هەبێت.
رۆڵی (سەرۆک) جوامێرانە بوو
(رۆمیۆ هەکارى) باس لە رۆڵی (سەرۆک بارزانی) دەکات کە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان، بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان هەیەتی و دەڵێت: "(بارزانى) لە هەموو ئەو هێرشانەى ڕووبەرووى پێکهاتە جیاوازەکان بووەتەوە، هەڵوێستى جوامێرانە بووە. لەبەرژەوەندیى هەموو گەلى کوردستان بووە، بە تەنیا بۆ لایەنێک هەڵوێستی دەرنەبڕیوە".
هەڵوێستی (سەرۆک بارزانى) بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان و کۆبانی، لەلای (هەکاری) بووەتە رەمزێک کە لە هەموو دنیا دیار بێت و دەڵێت، "هەڵوێستی ( بارزانی) بووە رەمزى یەکگرتن و یەکهەڵوێستیى سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، لە هەموو دنیادا. هەوڵەکانى بۆ کۆکردنەوى سەرجەم پارتییەکانى ڕۆژئاوا، بەرز دەنرخێنین و، داوایشمان لە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد، ئەم ڕێککەوتنە ببێتە شتێکى پراکتیکى و هەموو لایەنەکان پێوەى پابەند بن و، تەمەننایش دەکەین ببێتە هۆى بەهێزبوونى برایەتیى نێوانیان".
پاشخان
کریستیانەکان، لە هەرێمی کوردستاندا بە ئارامی دەژین و لە چوارچێوەی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان سیستمی کۆتایان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی راستەقینەی حوکمڕانی هەرێم بن. لە حکوومەتی هەرێم، وەزارەتیان هەیە و، کوردستان، باوەشی کردووەتەوە بۆ سەرجەم ئەو کریستیانانەی کە لە عێراق و ناوچەکانی دی، هەڕەشەیان لەسەرە و پەنایان بۆ هەرێم هێناوە و دەیانپارێزێت.
لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوایش، هەمیشە پێشمەرگە تەواوی کریستیانەکانی پاراستوون و، بەم دواییەیش کە هێرشی داعش کرایە سەر مووسڵ، سوپای عێراق نەیتوانی بیانپارێزێت.
KDP.info




