٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی: پێشمەرگە و شەڕڤانان گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاند.. ژمارەیەکی زۆرمان لێ کوشتوون

سەرچاوە: KDP.info
پێشمەرگە و شەڕڤانان لە کۆبانی.

کۆبانی-KDP.info-  فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی ڕایگەیاند، ئەم ئێوارەیە، هێزەکانی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کۆبانی، لە ڕۆژئاوای شار هێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان تێک شکاند و گورزی کوشندەیان لێ وەشاندوون و چەندان تیرۆریستیشیان کوشتوون.


فەرماندەی ئەو هێزەی پێشمەرگە کە ئێستا لە کۆبانییە، لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، تایبەت بە KDP.infoی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بە توندی بەرپەرچی هێرشێکی تیرۆریستانیان لە بەری ڕۆژئاوای کۆبانی داوەتەوە و زەبری کوشندەیان لێ وەشاندوون"، زیاتر گوتی، "داعش سێ ڕۆژە لە بەری ڕۆژاوای کۆبانیوە هێرش دەکات و مەبەستیەتی ڕێگای سەرەکی کەرکی و کۆبانی، کە 450 تا 500 لەو ڕێگایەوە دوورە داگیر بکات، کە مەبەستیان بووە پێشمەرگە لێیەوە نەتوانێ داخیلی کۆبانی ببێ، بەڵام شکست دەبات، هێرشەکەی ئەمڕۆیشیان هەر بۆ هەمان مەبەست بوو، بەڵام بە چەکی قورس بەرەوڕوویان بووینەوە و شکستمان پێ بردن، بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بۆ هێزەکانمان بەدواوە بێ."

دەربارەی دۆخی شەڕ و ئەو زیانانەی کە لە ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعشیان داوە، لەم بەرپەرچدانەوەیەی ئەم ئێوارەیەدا، لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، گوتی، "هێرشەکەی تیرۆریستان لە بەری ڕۆژئاواوە بوو، چەکی قورسمان تێیدا بە کار هێناوە و بە هۆیەوە شکستمان پێ بردن و کوژراو و برینداری زۆریشیان هەبووە، ئەگەرچی لە ئێستادا(سەعات 8:45ی مەشەو)، بە هۆی شکستەکەیان و پاشەکشەیانەوە دۆخەکە ئارامە، بەڵام چونکە شەوە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ئارادایە، زانیاریی وردمان دەربارەی کوژراو و بریندارەکانیان نییە، هەڵبەت لە ڕێی سەرچاوەی تایبەتمانەوە دڵنیاین کە کوژراو و برینداری زۆریان داوە و بەو شکستەیان دووچاری پشێوی بوونەتەوە."

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی، ڕایشیگەیاند، "ئەم ئێوارەیە لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزێکی سوپای ئازادی سووریا کە هاتوونەتە کۆبانی، کۆ بووینەوە و ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لە هەر سێ لایەن، پێک هێنا، تا بە پلانی هاوبەشەوە، بەرەوڕووی تیرۆریستانی داعش ببینەوە و لە داهاتوودا، لە کۆبانی وەدەریان بنێین، ئەگەرچی پێشتر زەوینەسازیمان بۆ پێکهێنانی ئەو ژوورە هاوبەشە کردووە، بەڵام لە سبەیەوە، بە پلانی نوێی تۆکمە و هاوبەشەوە، بەرەنگاری داعش دەبینەوە."


(عەبدولقەهار مەجید حاجی)، ڕەتیشی کردەوە کە، هیچ ئەندامێکی سوپای تورکیا، لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیاندا ئامادەیی هەبووبێت و جەختی کردەوە کە لە داهاتوویشدا نایانبێ، هەڵبەت ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع ئامادەیی هەیە، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزی پێشمەرگە و هێزێکی سوپای ئازادن و ژوورە هاوبەشەکەیش هەر لەو سێ هێزە پێک هاتووە.
لیوا(عەبدولقەهار) لە بارەی چوونی هێزەکەیانەوە و بۆ کۆبانی، گوتی، "زۆر بە گەرمی پێشوازی کراین، 20 سەرمەڕیان لەبەردەم کاروانی هێزەکانماندا سەر بڕین، ئەمە جێی ڕێزە و بێگومان ئێمەیش بە هەمان گوڕەوە هاتووین تا وێکڕا بەرگری لەو شارە کوردستانییە بکەین، کە شەڕڤانان تا ئێستا قارەمانانە بەرخودانیان کردووە، پێشمەرگەیش بە ورەیەکی پۆڵاینەوە خۆی بۆ جەنگی ئازادکردنی کۆبانی ساز داوە و موژدەی سەرکەوتنیش دەدەین بە تەواوی کوردستانیان."


فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیش لە ڕێی فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە گوتی، "ئێوارەی دوێنێ هەینی، وەک ئامادەسازییەک بۆ داخیلبوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، بۆردوومانی چەند مۆڵگەیەکی داعشیان کرد و گورزی کوشندەیان لێ وەشاندن، ئەمڕۆیش فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی کۆبانیدا سوڕاونەتەوە و لە ڕێی ئەو پێوەندییەی لەگەڵیاندا هەمانە، لە کاتی پێویستدا و لەسەر داوای ئێمە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێرە، بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش دەکەن."

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار