هێشتا پارە نەگەییشتووەتە بانک.. ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 9 دابەش دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران دەست پێ دەکات.
جێگری بەرێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان(ئەحمەد خدر) لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info رایگەیاند، زانیارییان پێگەییشتووە، ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 9 دەست پێ دەکات، گوتیشی: "لە لایەن وەزارەتی دارایییەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئەیلوول دەست پێ دەکات، بەڵام وردەکارییەکەی نازانین."
(ئەحمەد خدر)، هەوەها گوتی: "زانیاریمان هەیە، ئەم هەفتەیە مووچە دابەش دەکریتەوە، بەڵام ناوی ئەو وەزارەتانەمان پێ نەدراوە کە مووچەکانیان پێ دەدرێت و، پارەکەیشمان پێ نەگەییشتووە، زۆر جار ماوەیەکی کەم پێش دابەشکردنەکە پارەکەمان پێگەییشتووە، ئێستایش چاوەورانی پارەکە دەکەین."
جێگری بەرێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی کوردستان، جەختی کردەوە، بڕیار بوو هەفتەی رابردوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، بە هۆی سەفەری وەزیری دارایی بۆ دەوەی وڵات، بەرنامەکە دوا خرا بۆ ئەم هەفتەیە، زیاتر دەڵی، "زانیاریشم نییە کە وەزارەت پارەی لەبەر دەستە یان نا، چونکە ئێمە سەرچاوەی ئەو پارەیە نین، بۆیە تا پارەکەمان پێ نەگات ناتوانین هیچ بڵاو بکەینەوە."
یەحیا سابیر




