سیروان زەهاوی: ناردنی هێز بۆ كۆبانی سیمای دەوڵەتی بە هەرێم بەخشی.. حیكمەتی سەرۆك بارزانی لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتڕاست بووەتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو بڕیارەكەنی (سەرۆك بارزانی) نیشتمانین و گوزارشت لە دڵ و ویژدانی خەڵكی كوردستان دەكەن، بۆیە پەرلەمانیش ناردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ كۆبانی بە 100%-ی دەنگی ئەندامانی پەسند كرد. دەشڵێت، ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ دەرەوەی هەرێم، سیمای دەوڵاتی بە هەرێمی كوردستان بەخشی.
ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د.سیروان زەهاوی) كە هاوكات لە بواری یاسا و دەستووردا پسپۆڕە، بۆ KDP.info گوتی، "ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی هێز بۆ كۆبانی دای، لەلایەن هەموو ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانەوە دەنگی پێ درا و ئەمەیش لە رووی سیاسی و لە ئاستی ناوخۆی كوردستانیشدا دەریخست كە بڕیارەكەنی جەنابی سەرۆك هەموویان نیشتمانین و گوزارشت لە دڵ و ویژدانی خەڵكی كوردستان، هەروەها دوابڕیاری بۆ ناردنی هێز بۆ كۆبانی، دەنگی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی بە دەست هێنا كە نوێنەرایەتیی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەن و هەموو پێكهاتەكانیش پشگیریی دەكەن، ئەمە گوزارشتە لەوەی كە جەنابی سەرۆك نەك تەنیا 70%-ی خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆی ئازاددا دەنگی پێ داوە، بەڵكە هەڵوێستەكانی شایانی دەنگی 100%-ی پەرلەمانتارانیشن".
(زەهاوی) گوتیشی، "(سەرۆك بارزانی) تەنیا موڵكی پارتی نییە، ئەو سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و دەڵێت جیاوازی لە نێوان كۆبانی و هەولێردا نییە، بە ددانپێدانانی (ساڵح موسلیم) خۆی كە پێشتر هەندێك خەڵك تۆمەتی ئەوەیان هەڵبەستبوو كە ساردی لە نێوان سەرۆكی هەرێم و هاوسەرۆكی پەیەدەدا هەیە، لەرووە سیاسیەكەیەوە جەنابی سەرۆك ئەو پەیامەی گەیاند كە تەنیا ئامانجی ئەوەیە كورد لە رۆژئاوا یەكهەڵوێست بن و هیچ جیاوازییەكیان لە نێواندا ناكات، سەلماندیشی كە ئەوان جۆرێك لەیەكچوون لە نێوانیاندا هەبوو و جەنابی سەرۆكیش هێزی جووڵاند، ئەم جووڵاندنی هێزەیش تەحەددایەكی گەورەی سیاسی و یاسایی بوو، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان تاكە هەرێمێكی نێو ئەم هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییەیە كە ئێستا دژی داعش هەیە و باقی ئەوانی دیكە هەموو وڵاتن كە ئەوە بۆ ئێمە زۆر زۆر گرینگە".
ئەو پسپۆڕەی بواری یاسا و دەستوور، پێوەست بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی و رێگەدان بە هەرێمی كوردستان تا مومارەسەی هەندێك دەستەڵاتی بكات كە دەستوور رێگەی داوە، گوتی، "وڵاتیش لە مامەڵەكردندا كۆمەڵێك دەرووی یاسایی خۆی هەیە بە تایبەت لەسەر سێ ئاستی سیاسەتی مالی و سەربازی و ئەمنی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام ئەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستووری عێراقیشە تەنانەت دەستووریش كافی نییە بۆ ئەوەی مومارەسەی مافی خۆت بكەی، هەڵوێستی نێودەوڵەتییش گرینگە بۆ ئەوەی بتوانیت مومارەسەی مافی خۆت بكەی، نەك هەر تەنیا دەستوور، دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش رێگەی بە هەرێمی كوردستان داوە مومارەسەی هەندێك دەسەڵات بكات كە دەستوور ئاماژەی پێ داون، جووڵاندنی هێزیش بۆ كۆبانی، یەكێك لەو دەسەڵاتانە بوو، پێشتریش لە رووی ناردنی نەوتەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەنگاوێكی زۆر گەورە نرا كە جەنابی سەرۆكی حكوومەت كردی، ناردنی هێزیش بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی زۆر تەواوكەر بوو كە سیمای دەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان بەخشی، هەروەها بریاری جووڵاندنی هێزیش لە لایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە، مەغزای سیاسیی گەورەی هەیە كە دواڕۆژ كەس ناتوانێت رێگری لەوە بكات كە هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە بە تایبەت دەستووری عێراق رێگری نەكردووە لەو مافە، ئەم جۆرە مافانەیش دەستوورین جا چ ناردنی نەوت بێت یاخود جووڵاندنی هێز بۆ پارچەیەكی تری كوردستان و كردنەوەی نوێنەرایەتیی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە، ئەمانە ئەگەرچی هەمووی مافی دەستوورین، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دەبێت ددانپێدانانێكی سیاسی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ پەراوەكردنی ئەو مافانە".
(د. سیروان زەهازی) گوتیشی، "كۆبانی لە كەوتندا بوو كە ئەو برا و خوشكانەی ئێمە بەرخودانێكی بێهاوتایان كردووە و بەردەوامیشن، بەڵام كە خەریك بوو دەكەوت، جەنابی سەرۆك لەگەڵ گەورەترین زلهێزەكانی دونیا لە پیوەندیدا بوو بۆ بەهاناوەچوونی كۆبانی، ئەوەی (سەرۆك بارزانی) بۆ هەولێری كرد، بە دڵنیاییەوە بۆ كۆبانی زیاتری كردووە، دیارە كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەكو فەرماندەیەكی گشتی تەنیا وەكو هێزی پێشمەرگەی باشووری كوردستان هەڵسوكەوتی نەكردووە، ئەگەرچی لە رووی دەستووری و یاساییەوە وایە تەنیا فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بەڵام لە رووی رۆحییەوە (سەرۆك بارزانی) خۆی جیا نەكردووەتەوە لەو شەڕڤانانەی كە لە كۆبانی شەڕیان كردووە و چەند پێویستیان بەوە هەبووە كە مۆڵگەی تیرۆریستان بۆردوومان بكرێن و هێزی ئاسمانی بۆ شەڕڤانان دابین بكرێت، پێداگری كردووە و جێبەجێیش كراوە، شانبەشانی بەرخودانی كوڕ و كچانی ئێمە لەو شارە و بوونی جەنابی سەرۆك لە رووی مەعنەوییەوە، لە دڵیاندا گەورەترین فاكتەر بووە بۆ زیاتر ئومێددان بە مانەوەی ئەوان، بۆیە (سەرۆك بارزانی) توانیویەتی ئەو رۆڵە بگێڕێت و لە رووی سیاسییشەوە ددانپێدانان و متمانەیەكی نێودەوڵەتیی هەیە، بێگومان حیكمەتی جەنابی سەرۆكیش، لەلایەن هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتڕاست بووەتەوە".
KDP.info




