٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە: سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە ئەگەر پێویست بكات دەچێتە كۆبانی... پێشمەرگە لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریكا هاوتەریب بوو

سەرچاوە: KDP.info
پێشمەرگە و یەپەگە لە کۆبانی.

هەولێر-KDP.info-  ئەمەریكا دەستەواژەی (هاوبەشی زەوینی) بۆ پێشمەرگە ڕاگەیاند، پسپۆڕێكی ئاساییش و بەرگرییش دەڵێت، بەرژەوەندیی كورد و پێشمەرگە هاوتەریبی ئەمەریكا و ناتۆ بووە. هاوكات سەرۆكئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، نایشارێتەوە كە تیرۆر بووەتە شەڕێكی نێودەوڵەتی و، لە هەر شوێنێك مەترسیی بۆ كورد هەبێت، پێشمەرگە ئامادەیە لە دژی بجەنگێت.

ئەمەریكا، بە ئاشكرا رایدەگەیەنێت پێشمەرگە، هاوبەشی سەر زەوینیی ئەمەریكاییە، ئەمەیش لەلایەن گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (جین ساكی)-یەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پشتڕاست كرایەوە و دەستەواژەی (هاوبەشی زەوینی) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایی بە فەرمی بۆ پێشمەرگە، راگەیاند. لە ئێستادا دوو بۆچوون لە لایەن چاودێرانی سیاسی هاتووەتەوە ئاراوە كە، مەبەستی ئەمەریكا، لە دەستەواژەی (هاوبەشی زەوینی)، وا دەگەیەنێت كە، پێشمەرگە بووەتە هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوین، بۆچوونێكی دیکەیش وای تێ دەخوێنێتەوە، پێشمەرگە بەرەو هاوپەیمانەتیی راستینەیی ناتۆ و ئەمەریكا، هەنگاوی ناوە و، چوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی، دەرخەری ئەو راستییەیە كە، لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانەتییەدا، جووڵێندراوە و، لە بری هێزی زەوینیی ئەمەریكا و ناتۆ، جەنگی دژ بە تیرۆر، دەكات.
پسپۆڕی بواری ئاساییش و بەرگری (شوان محەممەد تەها) سەبارەت بە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی بەKDP.info-ی ڕاگەیاند، گورز وەشاندنی هێزی پێشمەرگە لە داعش، بووەتە جێگەی هەڵوەستەكردن لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانرێ، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، ئەركێكی نیشتمانییە، بەڵام زێتر لەمە، پاشخانێكی دیکەیشی هەیە كە، گوتارێك و مەسجێكە بۆ هێزە نێودەوڵەتییەكان كە پێشمەرگەیش ئامادەیە لە هەر شوێنێك پێویست بێت دژی تیرۆر، گورز دەوەشێنێ.
(شوان محەممەد تەها) جێگری سەرۆكی لێژنەی پێشووی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، "پێشمەرگە لە ناوچەكەدا بە تەنیا بایەخێكی نێودەوڵەتی دروست كرد و، شەرعیەتی وەرگرت، ئێمە راستە هەرێمین و دەوڵەت نین، بەڵام، هێزی پێشمەرگە زێتر لە سوپای عێراق، سوریا و توركیا، لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخی پێ درا. لەسەر ئەرزی واقیع، پێشمەرگە، چالاكیی پێشان دا و بەرگری كرد، تەنیا پێشمەرگە، چەكی قورسی نەبوو، ئێستایش چەك بە پێشمەگە دەدرێت، زێتر بەهێزی دەكات".
(تەها) ئاماژەی دا، چەند دەوڵەتێك بە هەموو توانای سەربازی، زەوینی و ئاسمانییانەوە، نەیانتوانیی وەك هێزی پێشمەرگە، بەرەوڕووی تیرۆر ببنەوە، بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی هاوتەریب بووە، ئەو هاتەریببوونەیش، بە قازانجی كورد تەواو دەبێت و، كورد لە ناوچەكەدا بە سەقامگیرییەوە ژیانی گەرەنتی دەبێت.. زێتر گوتی "بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە، لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریكا،  هاوتەریب بووە كە، لە رووی سەربازی، سیاسیی و ئابوورییەوە بە قازانجی كورد تەواو دەبێت".
   سەرۆكئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەریق (جەمال محەممەد) بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، شەڕی داعش بووەتە شەڕێكی نێودەوڵەتی، لە عێراق بێت یان لە هەر پارچەیەكی دی، مەترسی بۆ سەر هەرێمی  كوردستان هەیە، بۆیە كاتێ پێویست بكات پێشمەرگە لە هەر شوێنێك بێت رووبەڕووی دەبێتەوە. هاوكات چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا (حەسەن ئەحمەد مستەفا)، دوێنێ بۆ  KDP.info لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی  گوتی: "یەكەمین جارە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی سنووری هەرێم و عێراق بەشداریی چالاكییەكی یاسایی نێودەوڵەتی دەكات و دەبێتە بەشێك لە هێزی نێونەتەوەیی".

"(سەرۆك بارزانی) رایگەیاندووە ئەگەر پێویست بكات دەچێتە كۆبانی"
(سەرۆك بارزانی) لە 10-10-2014 رایگەیاند "بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان شانازییەكی مەزنە بتوانن لە هەر كوێ یارمەتیی شارێك یان گوندێك یان تاكێكی كوردستان بدەن. شانازیشە لەجیاتی مرۆڤایەتی، شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بكەن".
هەروەها (سەرۆك بارزانی)، جەختی كردووە ئەگەر پێویست بكات پێشمەرگەی زێتر بۆ كۆبانی رەوانە دەكەن. سەرۆكئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (جەمال محەممەد) دەڵێت، (سەرۆك بارزانی)، چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بكات دەچێتە كۆبانی، جیاوازی بە كۆبانی، هەولێر، دهۆك و سلێمانی ناكات. چوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی، لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانانیدا باس كراوە و، هاوكار بوونە و بە بەرنامەیەكی هاوبەش ئەو كارە كراوە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی)، لە میحوەری زوممارەوە و لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی ئاسمانیی ئەلعێراقییەی نیمچە فەرمی، دوێنێ رایگەیاند "ئامادەیی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی كورد لە بەرەكانی جەنگ، ڕۆحی بەرخودان و ئازادكردنەوە و پاراستنی خاكی وەبەر پێشمەرگە كردەوە، هەر ئەوەیشمان كردووە و لە داهاتوویشدا نەك هەر لێرە، بەڵكو لە هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق، دەیكەین".

 

پاشخان
دەستەواژەی (هاوبەشی زەوینی) بۆ پێشمەرگە لە 30-10-2014 لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (جین ساكی)-یەوە راگەیاندرا.
ناتۆ،(North Atlantic Treaty Organization)  هاوپەیمانێتییەكی ساڵی 1949ـی واژۆكراوی واشنتنە. بارەگای ئەم هاوپەیمانێتییە لە برۆكسلە و كۆمەڵێك وڵاتی جیهانی تێدا ئەندامن، مەبەستی سەرەكییان پاراستنی ئەم وڵاتانەیە كە تووشی قەیرانی جەنگ دەبن، یان لە كاتی پەیوەست بە بڕیاردانی سەربازیی، بە یەكەوە هاوپەیمانەكان، كۆمەكی سەربازی یەكتر دەكەن. وەك دەزانرێت، ناتۆ، لە ژێر بڕیاری سیاسیی ئەمەریكا، گورزی سەربازی دەوەشێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە ساڵی 1789، دانرا و (جون كیری) وەزیرە و (جین ساكی) گوتەبێژی وەزارەتە، زێتر لە 28 هەزار فەرمانبەری هەیە و لەو ژمارەیەش زێتر لە 11 هەزار فەرمانبەر لە سلكی دیپلۆماسیدا كار دەكەن و 8784 فەرمانبەریش چاودێریی وڵاتانی بیانی دەكەن.
داعش، بیرێكی توندڕۆی تیرۆر و ئەنجامدانی كاری نامرۆڤانەیە كە خۆیان ناوناوە دەوڵەتی ئیسلامی و چالاكیی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت عێراق و سووریا دەكەن و، درێژەپێدەری (2003-2014)، رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەن، لە رۆژهەڵاتی ناویندا رووبەرێكی فراوانی زەوییان لە سووریا و عێراق داگیر كردووە. بەپێی لێدوانی ناتۆ، داعش دەوڵەتێكی گەوری تیرۆرە كە ژمارەی 100 هەزار تیرۆریستە. ئەمەریكا كە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی بۆ جەنگی دژ بە داعش دروست كردووە، پێشمەرگەیش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانەتییە دژی داعش دەجەنگێت، داعش لە تەواوی ئەو شوێنانەی لە سووریا و عێراق دەستی بەسەردا گرتوون، بووەتە مەترسیێكی گەورە، یەكەم گورزی سەربازییش كە بەریان كەوتبێت، لەسەر دەستی پێشمەرگە بووە و لە تەواوی سەنگەرەكانیشدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تێك شكێندراون.

شاو كوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار