میرانی: دەبێ سوپای نیشتیمانی بنیات بنرێتەوە.. ئەرکی حکوومەتی نوێیە، ناوچە ئازادکراوەکان ئاوەدان بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی) دەڵێ، دەبێ تێکشکاندنی تیرۆریستان ئامانجی کۆی عێراقییەکان بێت، لە بەسرەوە تا زاخۆ، جەختیشی کردەوە، پاککردنەوەی خاکی عێراق لە بەنداوی مووسڵ، ڕەبیعە و زوممار لە تیرۆریستان، سەرەتای بنەبڕکردنی بوونی تیرۆریستانە لەسەر خاکی عێراق. ئەو بە پێویستیشی زانی کە، سوپای عێراق بنیات بنرێتەوە بە جۆرێک کە، کۆی پێکهاتەکان لەخۆ بگرێ و ببێ بە سوپای نیشتیمانی تا توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی هەبێ کە بەسەر عێراقەوەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، (فازڵ میرانی) لە میحوەری زوممارەوە و لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی ئەلعێراقییەی نیمچە فەرمی، زیاتر گوتی، سەرباری ناوچە کوردستانییەکان، ڕزگارکردنی کۆی ناوچەکانی عێراق، بە واتایەکی دی پاککردنەوەی کۆی عێڕاق ئەرکی هەمووانە، ئازادکردنی بەنداوی مووسڵ، زوممار و ڕەبیعەیش دەکرێ وەک دەستپێکی ڕزگارکردنی کۆی ناوچەکانی دی لێی بڕوانرێ.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان هاوکات ڕایگەیاند، "پێشـمەرگە، بە پلانی تۆکمە و باش، بە باوەڕی پتەوەوە، هاوکات لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی)، ناوچەگەلێكی پاک کردنەوە تا گەییشتووەتە مەفرەقی مفری، کە هێڵی ستراتیژیی نێوان مووسڵ و سووریایە"، ئاماژەیشی دا، ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئازادکردنی عێراقە لە تیرۆریستان.
(میرانی)، هیوایشی خواست، هەموو عێراقییەکان یەکدەست و وێکڕا دژ بە تیرۆریستانی داعش بوەستنەوە، جەختیشی کردەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێوەندی بە وەزیری بەرگریی عێراق(خالید عوبەیدی)-یەوە کردووە، لەم بارەیەوە گوتی: "داوام لە وەزیری بەرگری کرد سەردانی ناوچە ئازادکراوەکان بکات کە خۆی لە ڕۆڵەکانی ئەو ناوچانەیە، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە بکات و بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستیان هێناون، پیرۆزباییان لێ بکات، بۆ ئەوەیش کە هەماهەنگیی گەورەتر بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو بێتە ئاراوە."
(میرانی) زیاتر گوتی "ڕێگای پککردنەوەی عێراق لە تیرۆریستان دەبێ لە بنیاتنانەوەی سوپای نیشتیمانی بێ، سوپایەک کە ئینتیمای بۆ ئەو نەتەوە و ئەوی دی نەبێ، ئینتیمای بۆ ئەو تاییفە و ئەوی دی نەبێ، لایەنگری ئەم حیزب و ئەو حیزب نەبێ، ەبڵکە سوپای نیشتیمانی عیراق بێ و تێیدا کورد، شیعە و سوننەی عەرەب، تورکمان و ئاشووری کلدان، موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدی و کۆی پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق لەخۆ بگرێ و لەژێر سەرکردایەتییەکی ئەمین و ئەزمووندار دابێ، وەها ساز بدرێتەوە کە ئامادەییی ئەو سوپایە بە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە بێ کە هەرەشە لە وڵات دەکات."
داوایشی کرد، هێزە چەکدارەکانی شیعە و سوننە لەژێر سەرکردایەتیی ئەرکان یان وەزارەتی بەرگری کۆ بکرێنەوە، تا گەلی چەکدار و سوپا وێکڕا لە یەک سەنگەری دژ بە تیرۆردا بن، بەمەیش پێشمەرگە و هێزی چەکداری گەلی کوردستان پشتیوان و پشتگیریی دەکەن، ئەوکات عێراق بەگەلەکەیەوە، یەکگرتوو و ساز و ئامادە دەبێ. زیاتر گوتی، "بە باوەڕی من، بەو شێوەیە ئەوەی پێی دەگوترێ ئەو دەڵەتۆکەی کە لە مووسڵەوە سەریهەڵدا، کۆتایی دێ، دەبێ هەر لە مووسڵیش کۆتایی پێ بهێنرێ."
(میرانی) ئاماژەیشی دا، عێراق پێویستی بە هێزی چەکداری پیادەی عەرەبی و بیانی نییە، ئەگەر بێت و سوپای نیشتیمانی بنیات بنرێتەوە و ئاستی بەرز بکرێتەوە، هەروەها پردی نێوان هێزە چەکدارەکانی گەل و هێزە چەکدارە حکوومییەکانی شیعە و سوننە و کورد، بنیات بنرێتەوە و ئەو هێزانە یەک بخرێنەوە.
جەختیشی کردەوە، "ئامادەیی (سەرۆک بارزانی) و سەرکردایەتیی کورد لە بەرەکانی جەنگ، ڕۆحی بەرخودان و ئازادکردنەوە و پاراستنی خاکی وەبەر پێشمەرگە کردەوە، هەر ئەوەیشمان کردووە و لە داهاتوویشدا دەیکەین، نەک هەر لێرە، بەڵکە لە هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق."
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی)، داوایشی لە حکوومەتی عێراق کرد، پۆلیس و ئیدارەی زوممار و ڕەبیعە ڕێک بخاتەوە و دانیشتوانەکەی بگێڕیتەوە، هاوکات خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ کۆی ناوچە ڕزگارکراوەکان بگێڕێتەوە کە لێی بێبەش بوون.
ئاماژەیشی دا، بەرپرسارەتیی گەورە لە حکوومەتی نوێ چاوەڕوان دەکرێن، دابینکردنی ئاساییش و خۆراک بۆ گەلی عێراق، لە کارە لەپێشینەکانی ئەو حکوومەتەن.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕووی ڕەخنەیشی لە هێندێکی پەرلەمانتارانی عێراقی کرد و ڕایگەیاند، "گوێمان لە هەندێ پەرلەمانتار بووە کە گوایە هەندێ ناوچەی عەرەبیمان داگیر کردوون، بەڵام دەڵێین بە پێچەوانەوە ئێمە هێزێکی ڕزگارکەرین.. داوایش لە حکوومەتی بەغدا دەکەین بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوە بێن. هاوکات پێداویستی و کۆمەک بدەن بە پێشمەرگە."
(میرانی) جەختیشی کردەوە کە، پێشمەرگە خواستی گێڕانەوەی سەقامگیریی تەواوی بۆ کۆی عێراقییەکان هەیە، گوتیشی "ئاساییش بە لای ئێمەوە بۆ عێراقییەکان لە هەر شتێکی دی گرینگترە."
زریان زیاد




