ئەمەریكا: پێشمەرگە هاوبەشی ئێمەیە

ئەمەریكا-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا (جین ساكی) لە بارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، رایدەگەیەنێت كە، پێشمەرگە هاوبەشی سەرزەوینی ئەمەریكایە. دەشڵێت، "لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیادا كارمان كرد بۆ ئەوەی پێشمەرگە بچێتە كۆبانی و یارمەتیی هێزەكانی ئەو شارە بدات".
ئەو گوتانەی (جین ساكی)، لە رۆژنامەی DAILY NEWS، دوێنێ شەو بڵاو كراونەتەوە و بە ئاشكرا ئەمەریكا رایدەگەیەنێت كە، پێشمەرگە هاوبەشی سەرزەوینی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە. لە رۆژنامەكەدا بایەخ بە چوونی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆبانی دراوە كە ماوەی مانگێك زیاترە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە گەمارۆ دراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا (جین ساكی) لە میانەی كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی رۆژانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، لە بابەت چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، گوتی، "هێزی پێشمەرگە، هاوبەشی سەرزەوینی ئەمەریكایە". دەشڵێت، "لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیا كارمان كرد، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بچێتە كۆبانی و، یارمەتیی هێزەكانی ئەو شارە بدات".
دوێنێ بە بڕیاری (سەرۆك بارزانی)، 150 پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی لیوا (عەبدولقادر مەجید دۆسكی)، بەرەو كۆبانی چوون، جوڵاندنی هێزی پێشمەرگەیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتیی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدایە بۆ جەنگی دژ بە تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناویندا.




