دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامبوون لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا كرایەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی كاتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان راگەیاند، لیژنەكەیان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی كۆمیسیۆن كراوەتەوە كە ماوەی 10رۆژ بەردەوام دەبێت و هەر كەسێك مەرجەكانی تێدا بێت، دەتوانی فۆڕم پڕ بكاتەوە.
سەرۆكی لیژنەی كاتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان (مەڕوان گەڵاڵی)، بۆ KDP.info گوتی، لیژنەكەیان دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ ئەندامانی كۆمیسیۆن كردووەتەوە كە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و ژمارەی ئەندامانیش نۆ كەس دەبن، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا كۆ بینەوە بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونی ئەوانیش لەبارەی دامەزراندنی ئەو كۆمیسیۆنەوە وەربگرن.
(گەڵاڵی) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، مەرجەكانی خۆپاڵاوتنیش بۆ ئەندامانی كۆمیسیۆن، هەمان ئەو مەرجانە دەبن كە لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هەن.
دەشڵێت كە، دواتر دانیشتنێك دەكەن و ئەو كەسانەی كە مەرجەكانیان تێدایە، پێشكەشی پەرلەمانیان دەكەن بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت و ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران.
سەرۆكی لیژنەی كاتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا كارەكان تەواو بكەن و هەوڵ دەدەین پێش ئەو وادەیە، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران هەڵبژێردرێت".
بڵند ئیبراهیم




