میدیاكانی جیهان: پێشمەرگە بۆ شكاندنی گەمارۆی داعش لە کۆبانی نزیک بوونەتەوە

هەولێر-KDP.info- چوونی پێشمەرگە، بۆ بەرگریكردن لە كۆبانی و پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، ناونیشانی زۆرێك لە میدیاکانی جیهانە، رۆیتەرز دەڵێ، پێشمەرگە بۆ پاراستنی براكانی و تێكشكاندنی گەمارۆی داعش، دەچێتە كۆبانی.
ئەمڕۆ، هێزێكی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتیی لیوا (عەبدولقادر مەجید)، كە لە هێزی پشتیوانیی یەك و دوو پێك هاتوون، بەرەو كۆبانی بەڕێكەوتن. ئەم هێزە، كە لەسەر فەرمانی (سەرۆك بارزانی)، بە مەبەستی پاراستنی كۆبانی، فەرمانیان پێ درا، گەییشتنە باکووری کوردستان و بڕیاریشە بەم زووانە بگەنە شاری كۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان. لە میدیاکانی جیهاندا، بە بایەخەوە لە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، دەڕوانرێ و لەسەر خاڵێكیش هاوڕان، كە پێشمەرگە، بۆ تێكشكاندنی گەمارۆی داعش بۆ سەر كۆبانی بەڕێوەیە.
رۆیتەرز، یەكێك لەو میدیا جیهانییەیە كە بایەخی بە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، داوە و لە ریپۆرتێكیدا دەڵێت، بە مەبەستی شكاندنی گەمارۆی داعش، پێشمەرگە، دەچێتە كۆبانی و، یارمەتی برا كوردەكانیان دەدەن و بەیەكەوە دژی داعش دەجەنگن. رۆیتەرز، ئامارێكی راگەیاندووە كە بە هۆی جەنگ لە سووریا، زیاتر لە 20 هەزار كەس كوژراون و نزیكەی 1 ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارەی دەرەوەی سووریا بوونە. هەروەها نووسیویەتی، 200 هەزار كورد بە هۆی هێرشی داعش بۆ سەر كۆبانی ئاوەرە بوون.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بە بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكی پێشمەرگە، لە نێو ئاپۆڕای هاووڵاتیاندا، بایەخی بە چوونی پێشمەرگە، بۆ كۆبانی داوە و نووسیویەتی، پێشمەرگە، دەستی بە جووڵە كرد. هاوكات لۆس ئەنجلس تایمز، دەڵێ پێشمەرگە بۆ لێدانی داعش بەرەو كۆبانی بەڕێوەیە.
ئەلجەزیرەنێت نووسیویەتی، هێزێکی پێشمەرگە لە سەعات دووی سەرلەبەیانییەوە گەییشتوونەتە سەربازگەیەکی تورکیا کە لە نزیک سنووری نێوان کۆبانی-تورکیایە و لە چاوەڕوانی گەییشتنی چەکە قورسەکانیەتی کە بە ڕێگاوەن و هاوکات چاوەڕوانی هەماهەنگیی پێویستن لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی، بەرلەوەی بچنە کۆبانی.
لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، 22-ی ئەم مانگە، پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری ڕەوانەکردنی هێزێکی پێشمەرگەی بە چەکی نیمچەقورس، بۆ پشتیوانیکردن لە بەرگریکارانی کۆبانی و وەدەرنانی داعش تێیدا، بە کۆی دەنگ پەسند کرد.
KDP.info




