سبەی پێشمەرگە دەگاتە كۆبانی.. هەفتەی داهاتوو مەرجەعی سیاسی پێك دێت

هەولێر-KDP.info- سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، سبەی ئەندامانی پارتییەكەیان دەگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەفتەی داهاتوویش مەرجەعی سیاسی بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتننامەی دهۆك پێك دێت.
سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا (سعوود مەلا)، بە KDP.info-ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ هێزی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو كۆبانی بەڕێ كەوتن، لە ئێستادا گەییشتوونەتە باكووری كوردستان و بڕیاریشە سبەی بچنە كۆبانی.
سەبارەت بە چوونی سوپای ئازادی سووریا بۆ كۆبانی، (سعوود مەلا) گوتی، "تاوەكو ئێستا سوپای ئازادی سووریا نەچووەتە كۆبانی و لە ئێستادا گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەییشتوونەتە رێككەوتن و ئومێدەوارین رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی هەموو خەڵكی سووریا شەڕی تیرۆر بكات و داعش لەناو ببرێت، ئێمەیش پشتگیری لە چوونیان بۆ كۆبانی دەكەین".
لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی دهۆكیش، سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕوونی كردەوە، "بڕیارە سبەی ئەندامانی ئێمە بۆ رۆژئاوای كوردستان بگەڕێنەوە و هەفتەی داهاتوویش مەرجەعی سیاسی بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی رێككەوتننامەی دهۆك پێك دێت".
بڵند ئیبراهیم




